لە لێزمەبارانی کوردستانەوە تاوەکو لێدانی 10 هەزار ئامانج لە ئێران
لە هەرێمی کوردستان شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و ناجێگیریی کەشوهەوا دەستیپێکردووە و لە عێراق پشووی فەرمی ڕاگەیێندراوە، لەسەر ئاستی ناوچەکەش ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە؛ لە کاتێکدا واشنتن باس لە پێکانی 10 هەزار ئامانج دەکات، تاران بانگەشەی خستنەخوارەوەی دەیان درۆنی ئەمیکی و ئیسرائیلی فڕۆکەی جەنگی دەکات.
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و پشووی فەرمی ڕاگەیێندرا
لە بەیانی ئەمڕۆوە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نزمەپەستانێکی بەهێز کە بووەتە هۆی لێزمەباران، هەورەبرووسکە و تەزرە. کەشناسی هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاوی لەناکاو دەدات و داوا لە هاونیشتمانیان دەکات نەچنە ناوچە شاخاوییەکان. بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆی کردە پشووی فەرمی.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 دەدات
گرووپی "کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا" هۆشداری دەداتە حکومەتی عێراق کە هێرشەکانی سەر کەرکووک، ئەنبار، نەینەوا و سەلاحەدین مەترسیی دروستکردنی بۆشایی ئەمنی لێدەکرێت، هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 2014 روویدا، گرووپەکە داوا دەکات عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی بکڕێت و بە فەرمی ناڕەزایەتی ئاراستەی ئەمریکا بکات.
سەرایا ئەولیائودەم هەڕەشە لە دیپلۆماتکارانی ئەمریکا دەکات
گرووپی "سەرایا ئەولیائودەم" رایگەیاند، ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەکە سەربازییەکانیان بەردەوام بێت، چیتر شوێنێک بۆ مانەوەی دیپلۆماتکارانی ئەو وڵاتە لە عێراق نامێنێتەوە، گوتەبێژی گرووپەکە داوای لە دیپلۆماسییەتی عێراق کرد هەڵوێستی توندتری هەبێت و رێگە نەدات خاکی وڵات بۆ هێرشکردن بەکاربهێنرێت.
حیزبوڵڵا تەلئەڤیڤ بۆردومان دەکات و دانوستاندن رەت دەکاتەوە
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا چووە قۆناغێکی نوێوە؛ حیزبوڵڵا بە مووشەکی پێشکەوتوو وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ کردە ئامانج، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، دانوستاندن لەژێر بۆردوماندا بە واتای خۆبەدەستەوەدان دێت و ڕەتی دەکەنەوە، هاوکات ئیسرائیل هەوڵی جێگیرکردنی "ناوچەیەکی ئەمنی" لە نێو خاکی لوبنان دەدات.
سێنتکۆم: 10 هەزار ئامانجمان لە نێو خاکی ئێران پێکاوە
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە هێرشەکاندا توانای سەربازیی ئێرانیان بە ڕێژەیەکی زۆر لاواز کردووە، بە جۆرێک 92٪ـی کەشتییە جەنگییەکان و زۆربەی کارگەکانی چەکیان وێران کردووە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشێکی وشکانی دەکەن بۆ سەر دوورگەی "خارگ" کە دەمارە ئابوورییەکەی ئێرانە.
ئێران بانگەشەی مووشەکبارانکردنی هەولێر و تەلئەڤیڤ دەکات
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستەقینەی 4 "، ئێران رایگەیاند کە چەندین بنکەی ئەمریکی و شوێنی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر پێکاوە. تاران دەڵێت زیاتر لە 70 خاڵی جیاوازیان لە نێو خاکی ئیسرائیل وەک تەلئەڤیڤ و حەیفا مووشەکباران کردووە و فڕۆکەیەکی F-18ـی ئەمریکیشیان خستووەتە خوارەوە.
تاران: 202 فڕۆکە و درۆنی هاوپەیمانانمان تێکشکاندووە
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران ئامارێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان 202 ئامانجی ئاسمانیی پێکاوە، لە نێو ئامانجەکاندا بانگەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری F-35 و درۆنی MQ-9 و چەندین مووشەکی کرۆز دەکرێت.
پەرلەمانی ئێران باج خستنەسەر تەنگەی هورمز بە یاسایی دەکات
پەرلەمانی ئێران کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکات بۆ وەرگرتنی "باجی تێپەڕبوون" لەو کەشتی و نەوتهەڵگرانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، بەرپرسانی ئێران دەڵێن بەو پێیەی ئەوان ئاسایشی گەرووەکە دابین دەکەن مافی خۆیانە داهاتی لێ وەربگرن.
عەباس عێراقچی: تەنگەی هورمز تەنیا بەڕووی "دووژمنان"دا داخراوە
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بۆ وڵاتانی "دۆست" کراوەیە، بەڵام بەهۆی دۆخی جەنگەوە بەڕووی دووژمنەکانیاندا داخراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆرێک لە کۆمپانیاکان بەهۆی نەبوونی بیمەی جەنگییەوە، خۆیان لە تێپەڕبوون بە ناوچەکە دەپارێزن.
قەڵای گرانێتی؛ شارە مووشەکییە پارێزراوەکەی ئێران لە یەزد
ئێران بنکەیەکی سەربازیی یەکجار پارێزراوی لە قووڵایی 500 مەتری کێوی "شێرکۆ" لە یەزد دروستکردووە کە بە "قەڵای گرانێتی" دەناسرێت، ئەم بنکەیە بەهۆی بەهێزیی بەردەکەیەوە لە بەرانبەر بۆمبە قورسەکانی ئەمریکا پارێزراوە و خاوەنی سیستەمێکی پێشکەوتووی "میترۆی مووشەکی"یە بۆ جووڵەپێکردنی سەکۆکانی هەڵدان.
گیانلەدەستدانی 66 منداڵ بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا
بەڕێوەبەری مانگی سووری ئێران رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا 66 منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵ گیانیان لەدەستداوە، هاوکات دیمەنی رزگارکردنی منداڵێکی سێ ساڵان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەک لە ئەهواز، دەنگدانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا هەبوو.
قوربانیانی لوڕستان گەیشتە 157 کەس
پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی بۆردومانی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان بووەتەوە. بەپێی دوایین ئامارەکان، 157 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 400 کەسیش بریندار بوون، تیمەکانی مانگی سوور بە شەو و ڕۆژ خەریکی گەڕانن بەدوای بێسەروشوێنبوواندا.
ئوسترالیا گەشتی هاووڵاتییانی ئێرانی قەدەخە کرد
حکومەتی ئوسترالیا بڕیاریدا بۆ ماوەی شەش مانگ پێدانی ڤیزا و گەشتکردنی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی رابگرێت، ئەم بڕیارە بەهۆی مەترسییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیگەرانی لە نەگەڕانەوەی ئێرانییەکان دوای تەواوبوونی ماوەی ڤیزاکانیان دراوە.
ئەمریکا و ئیسرائیل دژی "کۆیلایەتی" دەنگیان دا
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی مێژوویی پەسەند کرد کە تێیدا بازرگانیکردن بە کۆیلەکان وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی دەناسێنێت و داوای قەرەبوو دەکات، ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەرژەنتین تەنیا ئەو سێ وڵاتە بوون کە دژی بڕیارنامەکە دەنگیان دا.
بەریتانیا تاقیکردنەوە بۆ سنووردارکردنی سۆشیاڵ میدیا ئەنجام دەدات
حکومەتی بەریتانیا پڕۆژەیەکی تاقیکاریی بۆ 300 مێرمنداڵ دەستپێکردووە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر ژیانیان، بەشداربووان دابەشکراون بەسەر چوار گرووپدا؛ هەندێکیان قەدەخەی تەواوەتییان خراوەتە سەر و هەندێکی دیکەشیان کاتی بەکارهێنانیان بۆ کەمکراوەتەوە.
دادگەیەکی ئەمریکا مێتا و یوتیوب بەهۆی "ئالوودەکردنی گەنجان" سزا دەدات
دادگەیەکی لۆس ئەنجلس، هەردوو کۆمپانیای مێتا و یوتیوبی بە شەش ملیۆن دۆلار سزا دا، وەک قەرەبوو بۆ کچێک کە بەهۆی دیزاینە ئاڵوودەکەرەکانی ئەو سەکۆیانەوە تووشی زیانی دەروونی بووە، ئەم بڕیارە وەک سەرەتایەک بۆ هەزاران کەیسی هاوشێوە لە دادگەکانی ئەمریکا دەبینرێت.
مێلانیا ترەمپ و لووتکەی "پێکەوە بەرەو داهاتوو" لە کۆشکی سپی
خانمی یەکەمی ئەمریکا لوتکەیەکی جیهانی بۆ 45 هاوژینی سەرکردەکانی جیهان و کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا ڕێکخست، ئامانجی لوتکەکە پاراستنی منداڵان بوو لە جیهانی دیجیتاڵیدا، دیمەنی یاوەریکردنی مێلانیا لەلایەن ڕۆبۆتێکی پێشکەوتووەوە، سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا.
فەرەنسا؛ تارق رەمەزان بە 18 ساڵ زیندانی سزا درا
دادگایەکی پاریس سزای 18 ساڵ زیندانیی بۆ بیرمەندی ئیسلامی تارق ڕەمەزان دەرکرد بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر سێ ژن. بڕیارەکە بەبێ ئامادەبوونی خۆی دەرچووە و دادگا بڕیاریداوە ناوبراو بۆ هەمیشە مافی چوونە ناو خاکی فەرەنساوی نەبێت.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).