زانیاری لەسەر مووچە و نێوەڕۆکی راپۆرتە 75 لاپەڕییەکەی تەیف سامی

26 August 2025
زانیاری لەسەر مووچە و نێوەڕۆکی راپۆرتە 75 لاپەڕییەکەی تەیف سامی

کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر داهاتە نانەوتییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ، دوای ئەوەی لیژنە تەکنیکییەکان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن.  تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، راپۆرتێکی وردی 75 لاپەڕەیی دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، کە تێیدا وردەکاریی ناکۆکییە یاسایی و دەستوورییەکانی نێوان هەردوولا خراوەتەڕوو.

بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال)، دەقی راپۆرتەکەی بەدەست گەیشتووە. لە بەرنامەی ئەمرۆ سێشەممە 26-8-2025 بەشێکی وردەکارییەکانی راپۆرتەکە خرایەڕوو. 

 بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست بەرنامەی(رۆژی هیوا جەمال) کەوتوون، ناکۆکیی سەرەکی لەسەر لێکدانەوەی چەمکی "گەنجینەی گشتیی فیدراڵی" و سنووری دەسەڵاتەکانی هەرێمە، ئەمەش وایکردووە چارەسەری کێشەکە بۆ بڕیارێکی سیاسیی ئاست بەرز لە ئەنجومەنی وەزیران بەجێبهێڵدرێت.

گرنگترین خاڵە ناکۆکەکان بریتین لە:

•داهاتی گومرگ: سەرەڕای ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی 50% بە 50%، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردن کێشەی دروست کردووە. بەغدا داوا دەکات 100%ی داهاتەکە بچێتە گەنجینەی فیدراڵی و دواتر پشکی هەرێم بگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا هەولێر پێشنیازی کردووە تەنیا 50%ی پشکی بەغدا ڕەوانە بکات و هی خۆی ڕاستەوخۆ لای خۆی بهێڵێتەوە.

•داهاتی باج: لێرەدا ناکۆکییەکی قووڵ و ڕاستەوخۆ هەیە. بەغدا بەپشتبەستن بە یاسای ئیدارەی دارایی، پێی وایە دەبێت تەواوی داهاتی باجەکان بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی. لەبەرامبەردا، هەولێر سوورە لەسەر ئەوەی کە 50%ی ئەو داهاتە مافی هەرێمە، بەپشتبەستن بە ماددەیەکی دیکەی هەمان یاسا و بڕیارێکی پێشووی دادگای فیدراڵی.

•ڕسومات و داهاتەکانی تر: ئەمە ئاڵۆزترین خاڵی کێشەکەیە و پەیوەندی بە سەروەریی یاساییەوە هەیە. هەولێر جەخت دەکاتەوە کە هەموو ئەو ڕسوماتانەی بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان وەردەگیرێن، 100% موڵکی هەرێمن و ناچنە چوارچێوەی داهاتی فیدراڵییەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوولا لەسەر دوو خاڵ کۆکن:

 یەکەم، تەواوی داهاتی پێبژاردنەکان (100%) بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
 دووەم، کرێی نیشتنەوەی فڕۆکەکان وەک داهاتی دەروازە سنوورییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە ڕێژەی 50% بە 50% دابەش دەکرێت. ئێستا چارەنووسی ئەم دۆسیەیە بەستراوەتەوە بە بڕیارێکی سیاسی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

هەواڵەکانی دیکەی جیهان و ناوچەکە 

جگە لە تەوەری راپۆرتە داراییەکەی وەزیری دارایی عێراق، بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، کۆمەڵێک بابەتی دیکەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی لەخۆ گرتووە، لە نێویاندا:

نیگەرانیی نێودەوڵەتی لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوانی لالەزار

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) و باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا، نیگەرانیی قووڵی خۆیان سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ دەستگیرکراوانی ڕووداوەکانی گەڕەکی لالەزاری سلێمانی دەربڕی. یونامی داوای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ڕێکارە یاساییەکان دەکات، هاوکات باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا بەکارهێنانی چەک و تانکی بە "پاشەکشەیەکی جددی" وەسف کرد، بەتایبەت لە شارێکی وەک سلێمانی کە بە کراوەیی و فرەڕەنگی ناسراوە.

فوئاد حوسێن و هاکان فیدان پرسی نەوت و پەکەکە تاوتوێ دەکەن

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە شاری جەددە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دۆسیە هاوبەشەکانی وەک ئاو، هەناردەکردنەوەی نەوت، و بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ کران.

دەرماڵەی پەرلەمانتاران لە ئەندۆنوسیا خۆپیشاندانی لێکەوتەوە

بەشێک لە هاووڵاتیانی جاکارتای پایتەختی ئەندۆنوسیا، لەبەردەم پەرلەمان دژی دەرماڵەی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتاران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. ناڕەزایەتییەکان دوای ئەوە هات کە ئاشکرا بوو هەر پەرلەمانتارێک مانگانە بڕی 3075 دۆلار وەردەگرێت، کە ئەم بڕە بیست هێندەی کەمترین مووچەیە لە ناوچە هەژارنشینەکانی ئەو وڵاتە.

کۆمسیۆنی دیموکراسی و برایەتی لە تورکیا کۆدەبێتەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی، کۆمسیۆنی دیموکراسی و برایەتی لە پەرلەمانی تورکیا ئەم هەفتەیە دوو کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدات. لیژنەکە گوێ لە سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی پارێزەران و سەرۆکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیا دەگرێت بۆ وەرگرتنی بیروڕا و پێشنیازەکانیان.

ئۆکراینا نزیکەی 300 ملیار دۆلار هاوکاریی وەرگرتووە

لە ماوەی سێ ساڵی جەنگدا، 10 وڵات و دامەزراوەی نێودەوڵەتی بە کۆی گشتی نزیکەی 277.5 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی، دارایی و مرۆییان پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پێشکەشکردنی زیاتر لە 114 ملیار دۆلار، گەورەترین پشتیوانیکاری ئۆکراینا بووە، دوای ئەویش دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دێن.

ترەمپ داوای دەرکردنی ئەندامێکی باڵای بانکی ناوەندی دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، داوای دەرکردنی لیسا کوک، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی بانکی ناوەندیی ئەمریکای کرد. ترەمپ ناوبراوی بە ئەنجامدانی "ڕێککەوتنی فێڵاویانە" لە وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە تۆمەتبار کرد. لیسا کوک یەکەم ژنی ئەفریقی-ئەمریکییە کە ئەو پۆستەی وەرگرتووە و پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە زۆرلێکردن دەست لەکار ناکێشێتەوە.

"کرمی بڕغوو" دوای دەیان ساڵ لە ئەمریکا سەرهەڵدەداتەوە

ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) یەکەم حاڵەتی تووشبوونی مرۆڤی بە مشەخۆری "کرمی بڕغوو" پشتڕاست کردەوە، دوای ئەوەی بۆ دەیان ساڵ لە وڵاتەکە بنەبڕ کرابوو. ئەم مشەخۆرە بە خواردنی شانە زیندووەکانی لەشی خانەخوێ دەبێتە هۆی زیانی گەورە و مەترسییەکی جددییە بۆ کەرتی ئاژەڵداری.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).