چیرۆکی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش و وردەکاریی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان

27 August 2025
چیرۆکی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش و وردەکاریی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان

بەرنامەی رۆژی چوارشەممە 27-8-2025ـی ( رۆژی هیوا جەمال)، چەند هەواڵێکی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەنێویاندا زانیاریی تایبەت لە کۆبونەوقەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە. هەروەها رۆژی هیوا جەمال دەقی راپۆرتە 75 لاپەڕەییەکەی وەزیری دارایی عێراقی بەدەست گەیشتووە، کە وردەکاریی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات، رۆژی هیوا جەمال بەشێکی وردەکارییەکەی بڵاوکردەوە. 

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سێشەممە 26-8-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، راپۆرتی 75 لاپەڕەیی وەزارەتەکەی خستووەتە روو. ئەو بەشە سەرەکیانەی خوێندەوەتەوە کە کێشەی یاسایی و دەستوورییان تێدابوو و خاڵە ناکۆکەکانی روون کردەوە.

تەیف سامی ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان پشت بە یاسا و داهاتی خۆی دەبەستێت، بەڵام ئەمە بەپێی یاسای فیدراڵی گونجاو نییە و دەبێت یاسا فیدراڵییەکان جێبەجێ بکرێن تەیف سامی زیاتر روونکردنەوەی داوە، زۆتر لەسەر راپۆرتەکە رۆشتووە و گوتوویەتی ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین کە بەگوێرەی یاسا نەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر بنچینەی قسەکانی وەزیری دارایی  گوتویەتی لیژنەیەک پێکبهێنن لە وەزارەتی دارایی، چاودێری دارایی و ئەمیندارییەتی گشتی حکومەت و راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیران، ئەرکی ئەم لیژنەیە ئامادەکردنی راپۆرتێکی کۆتاییە لە ماوەی یەک هەفتەدا، پاشان راپۆرتەکە دەنێردرێت بۆ دادگای فیدراڵی یان ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ بڕیاری کۆتایی، بەتایبەتی لەسەر کێشە یاسایی و دەستوورییەکان.

لەدوای ئەم گفتوگۆ و گەنگەشەیە، وەزیرە کوردەکان داوایان کردووە لانیکەم مووچەی مانگی شەش خەرج بکرێت. چەند وەزیرێکی عەرەب پشتگیری ئەم داوایەیان کردووە، لەوانە وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری بازرگانی. وەزیری بازرگانی تەنانەت نموونەی گەمارۆی ئابووری سەردەمی بەعسی هێنایەوە لە ساڵانی نەوەتەکان و جەختی لەسەر لایەنی مرۆیی بابەتەکە کردوەتەوە، بەوەی کە نابێت خەڵکی کوردستان برسی بکرێن.

سەرۆکوەزیران هەمان بۆجونی هەبووە و گوتوویەتی ئەویش لەگەڵ لایەنی مرۆیی بابەتەکەیە و بڕیاریداوە مووچە خەرج بکرێت. بەڵام دووپاتی کردوەتەوە  لیژنەکە دەبێت لە ماوەی یەک هەفتەدا کارەکانی تەواو بکات و راپۆرتەکە بنێردرێت بۆ دادگا یان ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە.
رۆژی هیوا جەمال زانیویەتی هەندێک لە وەزیرەکان، لەوانە وەزیری کۆچ و کۆچبەران (نوێنەری رەیان کلدانی)، دژی خەرجکردنی مووچە بوون یان لانیکەم دەنگیان پێنەدا.


وردەکاریی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان 

بەگوێرەی خشتەیەکی مۆرکراو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە و پەسەند کراوە، هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 285 ملیار دینار داهات کۆدەکاتەوە، بەوەش لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ترلیۆن و 700 ملیار دۆلاری کۆکردووەتەوە.
وێنەیەکەی خشتەکە گەیشتووە بە رۆژی هیوا جەمال، لانی کەم 120  جۆر شێوازی کرکردنەوەی داهاتی تێدایە کە هەریمی کوردستان رۆژانە و مانگانە کۆیدەکاتەوە، جا هەر لە کەبسکردنی ناسنامە و مۆڵەتەکەانەوە تاوەکو وەرگرتنی باج لەسەرمایەداران تێیدایە.

لە خشتەکەدا تەنیا ئەو پارانەی لەژێر نێونیشانی رسومات کۆدەکرێنەوە زیاتر لە 35 جۆر شێوازی وەرگرتنی رسوماتی تێدایە بۆنمونە مانگانە لە رەسمی نیشانەی بازرگانی 168 ملیۆن دینار کۆدەکەنەوە و بە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیاریان کۆکردووەتەوە.

باجەکان وەکو باجی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، باجی موچەی فەرمانبەرانی حکومەت، باج ی کارمەنی کەرتی تایبەت و ئەوانە دیکە هەروەها باجی سامان.

هەواڵەکانی دیکەی رۆژی هیوا جەمال

دەستەی مافی مرۆڤ: چەند سکاڵامان بە دەست گەیشتووە کە کەسوکاریان لە رووداوەکەی لالەزار بیسەروشوێنن
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و مافی مرۆڤ لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە رووداوی راگەیاند کە چەند سکاڵایەکیان بەدەستگەیشتووە لەسەر ئەوەی "لە رووداوەکەی لالەزار، کەسوکاریان بێسەروشوێن بوون"، روونیشیکردووە "رووداوەکە لە پێشێلکاری دەرچوو، بەڵکو تاوان بوو ". 

لە کوردستان تیمساح نمایش دەکرێت

فیلمێکی سینەمایی نوێ لە کوردستان نیمایش دەکرێت، رووداوەکانی چیرۆکی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و تێوەگلانی چەندین کەس دەگێڕنەوە. 

بڕیارە ئەمڕۆ نمایشی فەرمیی فیلمی تیمساح لە هەولێرەوە دەست پێبکات و سبەی دەگاتە سینەماکانی کوردستان.
 
سەید کەمال کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، گوتی "بەهۆی زۆربوونی تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان، فیلمەکەیان بەرهەمهێناوە و دەیانەوێت هەوڵێک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو تاوانانە".


سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی گوتارێک پێشکێش دەکات

سبەی پێنجشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە سلێمانی، لە کۆنفرانسی سۆشیال دیمۆکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی گوتارێک پێشکێس دەکات، بافڵ تاڵەبانی لەوێ دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا دوو گووتار پێشکێس دەکات.
لە ئەمڕۆوە تاوەکو شەممەی داهاتوو کۆنفراسێک لە سلیمانی بەڕێوەدەچێت کە تێیدا نزیکەی 67 کەسێتی جیاواز لە پۆستی باڵای سیاسی، حزبی، حکومیی و ریکخراوەیی، گوتاریان دەبێت لە سەروو هەموویانەوە سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانن.

بەگوێرەی کارنامەی چوار رۆژی کۆنفرانسی حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی وڵآتانی عەرەبی، لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە 30 حیزب و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە وڵآتی جیاجیاوە بەشدار دەبن هەروەهە بەگشتی زیاتر لە 55 گوتار و پانیلی تێدا پێشکێس دەکرێت.

چوار رۆژ شاری سلێمانی میوانداریی "کۆنفرانسی هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا" دەکات. کۆنفرانسەکە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە میوانداری دەکرێت و بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز رێکخراوە.

نامەی بافڵ تاڵەبانی بۆ حیزب و رێکخراوەکان

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی سۆشیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبی نامەیەک بۆ بەشدارانی کۆنفرەسەکەی سلێمانی دەنێرێت و دەڵێت زۆرێک لە وڵاتان سەرقاڵی ململانێی ناسەقامگیری سیاسی، پاشەکشەی دیموکراسی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و قەیرانی ئابوورین.

لە نامەیەدا کە واژۆی بافڵ تاڵەبانی لەسەرە نوسیویەتی، پێویستە هەمووان پێکەوە کار بکەین، دامەزراوە دیموکراسییەکان بەهێز بکەین و پشتگیری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەکان بکەین، پشتگیری و پەرە بە بەشداری دیموکراسی کەمینەکان بدەین و مافەکانیان بپارێزین.

پارتی و یەکێتی پەنجا بە پەنجا باڵیۆزەکان بەش دەکەن

لە 93 باڵیۆزی نوێ 19 یان بەر کورد کەوتوون، جگە لە یەکدانە پاتی و یەکێتی هەموویان پەنجا بە پەنجا لەنێوان خۆیاندا دابەس دەکەن.

لە کۆی 93 باڵیۆز کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە متمانەیان پێدرا، 19 دانەیان کوردن، جگە لە یەک کورد کە سەر بە پارتی تەقەدوومە، پاتی و یەکێتی نیوە بە نیوە هەموویان لەنێوان خۆیان بەشکردووە.

لەو 93 باڵیۆزە نوێیە زۆرترین پشک بەر پێکهاتەی شیعە کەوتووە کە 49 باڵیۆزە،  
پێکهاتەی سوننە: 23 ، کورد: 17 باڵیۆز.

سپلێت مەکوژێننەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، مشتومڕێکی بەردەوام لەنێو خەڵکدا هەیە سەبارەت بە باشترین ڕێگای بەکارهێنانی ئامێرە فێنککەرەوەکان (سپلیت): ئایا باشترە بە درێژایی رۆژ کار بکات، یان لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵدا بکوژێنرێتەوە؟ پسپۆڕانی بواری وزە رێنمایی نوێ دەخەنەڕوو و جەخت لەوە دەکەنەوە کە کوژاندنەوەی تەواوەتی لەوانەیە باشترین بژاردە نەبێت.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"، سێ پسپۆڕی بواری وزە و ئەندازیاری کۆکن لەسەر ئەوەی کە باشترین ڕێگا بۆ هاوسەنگکردنی نێوان پاشەکەوتکردنی وزە و هەستکردن بە ئاسوودەیی، ئەوەیە لە کاتی دەرچوون لە ماڵدا، پلەی گەرمی تێرمۆستاتی ساردکەرەوەکە چەند پلەیەک بەرز بکرێتەوە، نەک بە تەواوی بکوژێنرێتەوە.

نانی بەیانی لە واشنتۆن و هی نیوەڕ لە هەلێر بخۆ

زانایانی فڕۆکەوانی و گەشتە ئاسمانییەکان کاردەکەن لەسەر گەڕاندنەوەی کارکردن بە فڕۆکەی نەفەرهەڵگری خێراتر لە دەنگ. ئەگەر ئەو جۆرە لە فڕۆکە کار بکات گەشتێکی پێنج کاژێری بە یەک کاژێر کۆتایی دێت.

ئێستا بۆنمونە ئەگەر لە بەرلینەوە راستەوخۆ بتەوێت بفڕیت بۆ هەولێر نزیکەی چوار کاژێر و نیوی دەوێت ئەوکات دەبێتە 50 خولەک و دەتوانێت لە بەرلین بە دایکت بڵیت برنجەکە بخەرە سەرئاگر ئەوە هاتم، یان ئەگەر لە واشنتۆنەوە بتەوێت بگەرێیتەوە بۆ هەولێر زیاتر لە 15 کاژێر فڕینی دەوێت بەڵام بە فڕۆکەی خێراتر لە دەنگ بە سێ کاژێر دەگەیت، واتە دەتوانیت نانی بەیانی لە واشنتۆن و ناونی نیووەڕۆ لە هەولێر بخۆیت.

تەیلەر سویفت و تراڤیس کێڵسی دەستگیراندارانیان راگەیاند

تەیلەر سویف، وێنەیەکی خۆیی و کیڵسی داناوە و لەسەر نوسیوە مامۆستای ئینگلیزییەکەتان و مامۆستای وەرزشەکەتان چوونە نێو پرۆسەی هاوژینی.
 ئەم پستە لەماوەیەکی کەمدا نزیکەی 25 ملیۆن لایکی لە ئینستا گرام وەرگرت، و پیرۆزباییان لێکرد تەنانەت دۆناڵ ترەمپ قسەی لەبارەوە کرد.
هەردووکیان، کە تەمەنیان 35 ساڵە، لە پۆستێکی هاوبەشدا لە ئینستاگرام چەند وێنەیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا کێڵسی لە باخچەیەکی پڕ گوڵدا ئەڵقەی دەستگیرانداری پێشکەش بە سویفت دەکات.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).