هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و نهێنیی کۆدەکەی سەر چاکەتی نەتەنیاهوو

27 September 2025
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و نهێنیی کۆدەکەی سەر چاکەتی نەتەنیاهوو

دوای 30 مانگ لە راگیرانی، کاژێر ٠٦:٤٩ خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە)، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستی پێکردەوە. ئەم هەنگاوە دوای رێککەوتنێکی سیاسی و تەکنیکیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دێت و وەک سەرەتای قۆناخێکی نوێی ئابووری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چاوی لێ دەکرێت. ئەمە بابەتی سەرەکیی بەرنامەی ئەمرۆی رۆژی هیوا جەمال بوو، لەکاتێکدا هەواڵی دیکەی گرنگ لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، لەوانە کێشەی سزاکانی سەر ئێران و وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گۆڕەپانەکەدا بوون.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ کردنەوەی قوفڵە داخراوەکە

پڕۆسەی کردنەوەی بۆرییەکە لە وێستگەی پێشخابوور بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو. رێکارەکان بە وردی ئەنجامدران؛ سەرەتا کارمەندێکی تەکنیکی چووە خوارەوە و بارکۆدی سەر قوفڵی بۆرییەکەی سکان کرد تاوەکو دڵنیا ببنەوە کە لەماوەی راگیرانەکەیدا دەستکاری نەکراوە. دواتر بە چوار دەست کە هێمایەک بوو بۆ هاوئاهەنگیی هەولێر و بەغدا، زمانەی بۆرییەکە کرایەوە و یەکەم قەترەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای 30 مانگ لە وەستانی، جارێکی دیکە رێگەی بەرەو بەندەری جەیهان گرتەبەر.

پێشبینی دەکرێت سەرەتا رۆژانە نزیکەی ١٣٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت و دواتر رێژەکە بۆ ١٩٠ هەزار بەرمیل بەرز بێتەوە. ئامانجی درێژخایەنیش ئەوەیە بگاتە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە داهاتەکەی دەچێتە سەر داهاتی گشتیی عێراق.

مووچەی فەرمانبەران؛ چاوەکان لەسەر بەغدان

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو خاڵی سەرەکیی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی جێبەجێ کردووە: یەکەمیان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت بوو، دووەمیشیان رادەستکردنی بەشێک لە داهاتی ناناوتی بە بەغدا. ئێستا نۆرەی حکومەتی عێراقە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵەی کە تایبەتە بە ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. بڕیارە سبەی دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە لە بەغداوە بکرێت.

گفتوگۆیەکی گەرمی میوانانی رۆژی هیوا جەمال لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و چارەسەرکردنی پرسی مووچە، رۆژی هیوا جەمال گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە د. سۆران عەلی، پسۆۆری یاسای دەستووری و د. ئەیوب سماقەیی، پسپۆری ئابووری کرد. 

پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەولێر و بەغدا بەڕێوەچوو، لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو. بەڵام وەک دکتۆر سۆران عەلی، پسپۆڕی یاسای دەستووری روونی کردەوە، بنەمای یاسایی ئەم رێککەوتنە، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵییە، نەک دەستوور. ئەو وتی: "یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک دەکات، نەک وەک هەرێمێکی فیدراڵی. ئەمەش وادەکات مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵیدا رەچاو نەکرێن، چونکە یاساکە خۆی لە بنەڕەتدا ناوەندگەرایی تێدایە." ئەم بۆچوونە یاساییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رێککەوتنەکە لەسەر بناخەیەک کراوە کە دان بە تەواوی تایبەتمەندیی فیدراڵیی هەرێمدا نانێت.

د. سۆران عەلی روونیدەکاتەوە. رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەگەر کاتیش بێت، لانیکەم تاوەکو سەری ساڵ بەردەوام دەبێت. 

لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابووری، رەهەندە ئابووری و سیاسییەکەی ئەم رێککەوتنە بە "سەفقەیەکی سیاسیی کاتی" ناودەبات. ئەو پێی وایە کە ئەم رێککەوتنە تەنیا بۆ ماوەی سێ مانگ کاری پێدەکرێت و ئامانج لێی تێپەڕاندنی قەیرانێکی کاتییە، نەک چارەسەرکردنی کێشەکان لە رەگەوە. دکتۆر ئەیوب وتی: "ئەمە چارەسەر نییە، بەڵکو بەڕێکردنی کێشەکەیە. حکومەتی هەرێم ئەو کارتەی بەدەستییەوە بوو کە نەوت بوو، رادەستی بەغدای کرد. ئێستا بەغدا بڕیار لەسەر مووچە و شایستە داراییەکان دەدات."

بەپێی بۆچوونی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە رێککەوتنەکە تەنیا باس لە مووچەی فەرمانبەران دەکات و مافەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی فەرامۆش کردووە. دکتۆر ئەیوب جەختی کردەوە: "ساڵانێکە هەرێمی کوردستان لە بودجەی وەبەرهێنان و خەرجیی سیادی و پەرەپێدانی پارێزگاکان بێبەش کراوە. ئەم رێککەوتنە تەنیا بۆ دابینکردنی مووچەیە، لەکاتێکدا دەبوو هەرێم پشکی لە هەموو داهات و خەرجییەکانی دەوڵەتدا هەبووایە."

ئێران و سزاکان؛ ئەنجوومەنی ئاسایش داواکاریی دواخستن رەتدەکاتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دوایین هەوڵی روسیا و چین بۆ دواخستنی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێرانی رەتکردەوە. بڕیارە لە سبەینێوە میکانیزمی "سناپ باک" (گەڕانەوەی خێرا) کارا بکرێتەوە، کە بەهۆیەوە ئەو سزایانەی بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی لەسەر ئێران هەڵگیرابوون، دەگەڕێنرێنەوە. ئەمەش گەمارۆی زیاتر دەخاتە سەر فرۆشتنی چەک بە تاران و بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی، کە فشارێکی گەورە لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دروست دەکات. ئێران پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئەگەر سزاکان بگەڕێنرێنەوە، ئەوا رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵدەوەشێنێتەوە.

نەتەنیاهوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان؛ QR کۆدێک بۆ پیشاندانی "تاوانەکانی حەماس"

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشێکی تووندی کردە سەر بزووتنەوەی حەماس. نەتەنیاهوو وێنەیەکی بەدەستەوە گرتبوو کە QR کۆدێکی لەسەر بوو و داوای لە ئامادەبووان کرد کە بە مۆبایلەکانیان سکانی بکەن. ئەو QR کۆدە بەکارهێنەرانی دەبردە سەر ماڵپەڕێک کە تێیدا ڤیدیۆ و وێنەی "تاوانەکانی" بزووتنەوەی حەماسی تێدا نمایش کرابوو کە لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا ئەنجامیان داوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ گەیاندنی پەیامی ئیسرائیل بە جیهان سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە لێکدرایەوە.

زانکۆلاین؛ نیگەرانیی قوتابییان و کاتی کەم

وادەی پێشکەشکردن لە رێگەی سیستەمی زانکۆلاینەوە تەنیا سێ رۆژی ماوە و هێشتا هەزاران قوتابی فۆڕمیان پڕ نەکردووەتەوە. ژمارەیەک لە قوتابییان و کەسوکارەکانیان نیگەرانن لە چەند کێشەیەکی سیستەمەکە، لەوانە نەبوونی ناوەندێکی راوێژکاریی فەرمی بۆ وەرگرتنی وەڵامی پرسیارەکانیان. لە بەرنامەکەدا، هاوکار عوسمان، یەکێک لە دامەزرێنەرانی سیستەمی زانکۆلاین، رایگەیاند کە سیستەمەکە ئاسانکاریی زۆری تێدا کراوە و کێشەی تەکنیکیی ئەوتۆی نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەو کێشانەی باسیان لێوە دەکرێت پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە قوتابیان هەمان کۆدی ساڵی رابردوو بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا پێویستە داوای کۆدی نوێ بکەن.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).