هەڵوێستی مەلا بەختیار لەبارەی رووداوەکەی لالەزار
بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، پێنجشەممە 28-8-2025 بە هەواڵێک لەبارەی مووچەوە دەستیپێکرد، هیوا جەمال بە گوتەیەکی یەسووع دەستیپێکرد کە دەڵێت: "هەرچەند رێگەکەمان سەخت و دژوار بێت، هەر رێگەی راست و رووناکییە"، لەو بارەیەوە هیوا جەمال دەڵێت "لە ئیلهامی ئەو گوتەیەوە بۆ هاتنی مووچەی مانگی حوزەیران دەبێت بڵێن هەرچەندە بێنە و بەردە و راکێش راکێش هەبێ دەبێ مووچە هەر بدرێ".
هەر لەو بەرنامەیەوە و بەرلە کۆتایی، هیوا جەمال لە زاری سەرچاوەیەکەوە، رادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانی بە بەغدا راگەیاند، کە دەستپێکێکە بۆ ناردنی مووچەی مانگی 6 لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان.
رۆژی هیوا جەمال، چەندین بابەت و هەواڵی دیکەی لەخۆی گرتووە، لەنێویاندا:
دەستەی مافی مرۆڤ لەبارەی چارەنووسی 15 دەستگیرکراوی لالەزار دەستیپێکرد
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان سۆراخی رووداوەکەی لالەزاری کردووە و داوا لە کەسوکاری 15 دەستگیرکراوی لالەزار دەکات ئەمڕۆ بچە ئاسایشی سلیمانی.
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ناوی 15 کەسی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئەندامی "هێزی دووپشک"ن و لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون، کەسوکاریان ئاگادارکردوونەتەوە ئەمڕۆ دەتوانن سەردانیان بکەن.
مەلا بەختیار باسی رووداوەکەی لالەزار دەکات
مەلا بەختیار بۆیەکەمجار باسی رووداوەکەی لالەزار دەکات و دەڵێت پێشتر هۆشدارییم دابو و پێشبینی ئەم رووداوانەم کردبوو، هاوکات دەڵێت رووداوەکانی سلێمانی "هاوردەکراو"ن.
مەلا بەختیار، تێڕوانینی خۆی لەبارەی رووداو و گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی بۆ رووداو خستە روو و دەڵێت؛ ئەو رووداوانە "هاوردەکراو" بوون، لەلایەن ئەو کەسانەوە هاوردەکراوە کە لە سلێمانی دەژین و سلێمانی ناناسن.
بەخەڵکی رابگەیێنن بچنە بەردەم دادگە
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، داوا لە خەڵک دەکات بۆ پاڵپشتیی شاسوار عەبدولواحید، ئەمڕۆ لە کاتی دادگاییکردنیدا، بچنە بەردەم دادگەی سلێمانی.
بڕیارە پێنجشەممە 28-8-2025 شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ببرێتەوە بەردەم دادوەر بۆ دادگاییکردن لەبارەی ئەو تۆمەتەی لەسەری دەستگیرکراوە، بۆشتیوانی لەو سەرۆک، فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی داوا لە خەڵک دەکەن بچنە بەردەم دادگەی سلێمانی.
شاسوار عەبدولواحید، رۆژی 12ـی ئەم مانگە کاژێر 10ـی شەو، بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا، 21ـی ئاب برایە بەردەم دادوەر، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
نوسینەکەی جێگری جەهەپە لە چایخانەی شەعب
شاندێکی جەهەپە لە تورکیاوە گەیشتوونە سلێمانی، جێگری سەرۆکی حیزبەکەیان لەگەڵدایە، لەگەڵ گەیشتنیان چوونە بەردەرکی سەرا و لە چایخانە شەعب دانیشتن، چایەکەی کوردییان خواردەوە.
نامیق تان، جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بۆ یکەمجار پاش بیست ساڵ، سەردانی سلیمانی کردەوە، بۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی سۆشیال دیموکرات لەگەڵ شاندێکی یاوەری ئەمشەو لە سلێمانی مایەوە.
نامیق تان لە دەفتەرەکەی چایخانەی شەعب نوسیویەتی؛ 20 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن مام جەلال-ەوە بانگهێشت کراین و بەوپەڕی حورمەت و میواندارییەوە پێشوازیمان لێکرا، تەنانەت ئەو خواردنانەشیان پێشکەش کرد کە مام جەلال بە شێوەیەکی تایبەت بۆی داواکردبووین. بەڵام لەو کاتەدا دەرفەتی بینینی شارەکەمان نەبوو.
دووەم رۆژی کۆنفرانسی سلێمانی بۆ پارتە سۆشیال دیموکراتەکان
رۆژی هیوا جەمال، هەواڵێکی لەخۆگرتووە لەبارەی دووەم رۆژی کۆنفرانسی سلێمانیی بۆ پارتە سۆشیال دیموکراتەکان و نێوەرۆکی کۆنفرانسەکە. هەر لەوبارەوە گرافیکێکی خستەڕوو لابرەی پارتە سۆسیال دیموکراتەکان و ئەندامان و مەرج و ئەرکەکانیان. کە سۆشیال دیموکراسی ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی ناوەند-چەپە کە هەوڵدەدات لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرمایەداری و دیموکراتیدا، هاوسەنگییەک لە نێوان ئازادیی تاک و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دروست بکات.
د. دانا مەولوود: دەمانەوێت ڤیژن ئیجوکەیشن ببێتە خزمەتکارێک بۆ ستایلی پەروەردەیی لە کوردستان و عێراق
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێی ڤیژن ئیجوکەیشن، جەختدەکاتەوە ئامادەکاریی تەواویان بۆ ساڵی نوێی خوێندن کردووە و دەیانەوێت باشترین خزمەت بە قوتابییانی هەرێمی کوردستان بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات کار دەکەن بۆئەوەی پێشکەوتووترین پرۆگرام و رێگەکانی فێربوون بهێننە هەرێمی کوردستان.
د. دانا مەولوود، روونیکردەوە "دەمانەوێت ئاستی قوتابییانمان هاوشێوەی وڵاتان بێت، هەروەها دەمانەوێت لە بواری سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد هەنگاو بنێین، قوتابی و مامۆستایانمان سوودی لیوەربگرن و دەمانەوێت ڤیژن ئیجوکەیشن ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکیی حکومەت لەبواری پەروەردە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-8-2025 د. دانا مەولوود، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیژن ئیجوکەیشن، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال)، بەرنامە و پلانی خۆی بۆ داهاتووی کاری دامەزراوەکەی خستەڕوو و روونیکردەوە کە ئەوان لە هەموو سێکتەرەکانی خوێندندا کار دەکەن بۆ ئەوەی باشترین کەرەستە و نوێترین تەکنەلۆجیا بۆ قوتابییان ئامادە بکەن، گوتیشی "ئەگەر تەماشای بواری پەروەردە بکەیت، ژیریی دەستکرد (AI) تازە هاتووەتە کایەوە و گۆڕانکارییەکی سەرەکی کردووە. ئێمە پێویستمان بە تەکنەلۆژیای نوێ و بیرکردنەوەی نوێ هەیە لە بواری پەروەردە. ئێمە لە دەزگاکەماندا یاریدەدەری حکومەتیشین لە پەرەپێدانی ئەم پرۆگرامانە و نوێکردنەوەی زۆرێک لە قوتابخانەکان بەبێ هیچ جیاوازییەک."
30٪ی هاوژینی لە عێراق هەڵدەوەشێتەوە
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری هاوسەرگیریی و جیابوونەوەی بۆ مانگی تەممووزی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکە زیاتر لە 30٪ی پرۆسەی هاوژینی لە عێراق هەڵوەشاونەتەوە، ئەم ئامارە هەریمی کوردستانی تێدا نییە.
بەگوێرەی ئامارەکە لە تەمووزدا زیاتر لە 22 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجامدراوە، لەبەرامبەردا نزیکەی 7 هەزار جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەی خێزان تۆمار کراون.
زۆترین رێژەی جیابوونەوە لە قادسیە و کەربەلا تۆمار کراوە، یەکەمیان زیاتر لە 53٪ و کەربەلا نزیکەی 52 ی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە، پارێزگەکانی دیکە هەریەکەیان بەجۆرێکن ئەمجیابوونەوانە لە بەغدا رێژەکەی بەرچاوە کە دەگاتە نزیکە 46٪ بەراورد بە هاوسەرگیریی، بەڵام دوو پارێزگە کە پێکاتە و نەتوەی جیاجایی تێدایە رێژەکەیان لەوانی دیکە کەمترن ئەوانیش نەینەوا و کەرکوکن، لە کەرکووک جیابونەوە 22٪ و لە نەینەوا کەمترینە کە 16٪ پێکدەهێنن.
گیان لەدەستدان لە غەزە لە 63 هەزار نزیک دەبێتەوە
بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، ژمارەی گاینلەدەستدان لە 63 هەزار نزیکبووەتەوە، بەخۆرێک تەنیا لە 24 کاژێری رابردوو 76 کەس لە کەرتەکە گیانیان لەدەست داوە. مەترسیدارتر لەوە، برسێتی بووەتە چەکێکی کوشندە؛ 313 کەس، لەبرسان مردوون کە 119یان منداڵن.
خواردنەوەی بێ کحول لە باڕەکان جێی کحول دەگرنەوە
توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە کەمکردنەوەی خواردنەوە، یان نەخواردنەوەی بەتەواوی، رێگایەکی زۆر تەندروستترە. کحول بە چەندین جۆری شێرپەنجە، پێکان، نەخۆشییەکانی دڵ و کۆمەڵێک کێشەی ترەوە بەستراوەتەوە. بۆیە خواردنەوە کەم کحولەکان یان بێ کحولەکان وەک جێگرەوەیەکی سەرنجڕاکێش سەیر دەکرێن.
مۆلی باودرینگ لە زانکۆی ستانفۆرد روونی دەکاتەوە: " ئەوانەی رێژەی کحولیان لە 0.5٪ کەمترە. ئەمەش بە بەراورد بە بیرەیەکی ئاسایی کە نزیکەی 5٪ یان شەرابێکی ئاسایی کە نزیکەی 12٪ کحولی تێدایە باشتر بخورێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بیکحولەکان هێما پەیوەستەکانیان بە کحولەوە هەیە، وەک هەمان تام، بۆن، ئەزموونی نۆشین و هەندێکجاریش هەمان براندی بەرهەمە کحولییەکان."
بە مەرج پێکوتەی نوێی کۆڤید پەسەند کرا
ئەمریکا پێکوتەی نوێی کۆڤید پەسەند دەکات، بەڵام بە مەرجی "مەترسیی تەندروستی" و ئاڵۆزیی نوێوە، کەمیکی دیکە وردەکاریی باس دەکەم.
دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، پێکوتە نوێکراوەکانی کۆڤید-19ی بۆ وەرزی نوێ پەسەند کرد، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی سنووردار کرد، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سیاسەتی پێشووی وڵاتەکەدا، نیگەرانی و سەرلێشێواوی لای پزیشکان و هاوڵاتیان دروست کردووە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، پێکوتەکانی فایزەر، مۆدێرنا و نۆڤاڤاکس تەنیا بۆ کەسانی بەساڵاچوو و ئەو گەنج و منداڵانە بەردەست دەبن کە بەڵگەی بوونی "بارودۆخێکی تەندروستیی مەترسییدار"یان هەیە، وەک نەخۆشیی رەبۆ یان قەڵەوی. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ملیۆنان هاوڵاتی تەندروست کە پێشتر ساڵانە پێکوتەیان وەردەگرت، چیتر شایستە نابن.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).