کرێی وانەبێژی %100 زیاد کرا و دانا غاز مەرجی هەیە
لە بەرنامەی ئەمڕۆ شەممە، 29-11-2025ـی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، چەندین دۆسیەی گرنگ و زانیاریی نوێ خرانە روو. لەوانە؛ وردەکاریی زیادکردنی کرێی مامۆستایانی وانەبێژ، دوایین زانیاری لەسەر هێرشەکەی کۆرمۆر و مەرجەکانی دانا غاز، گۆڕانکاری لە نەخشەی هەرێمی کوردستان لە گووگڵ و چەندین بابەتی دیکەی نێوخۆیی و جیهانی.
وردەکاریی خەرجکردنی کرێی وانەبێژیی مامۆستایان
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کرێی وانەبێژیی مامۆستایان بە رێژەی 100% زیاد کرا. بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە، کرێی هەر وانەیەک لە 2 هەزار دینارەوە کراوە بە 4 هەزار دینار. بڕیارەکە لە 21ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە هەژمار و جێبەجێ دەکرێت و بەم شێوەیە هەژمار دەکرێت:
•مامۆستایانی بنەڕەتی :هەر وانەیەک لە سەرووی 24 وانەی هەفتانەوە بڵێنەوە، بۆیان هەژمار دەکرێت.
•مامۆستایانی دواناوەندی: هەر وانەیەک لە سەرووی 22 وانەی هەفتانەوە بڵێنەوە، بە پارە بۆیان هەژمار دەکرێت.
مەرجەکانی دانا غاز بۆ گەڕانەوەی کارەبا
دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە بووە هۆی لەدەستدانی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانا غاز دوو مەرجی سەرەکی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی خستووەتە بەردەم لیژنەکەی بەغدا:
1.گەرەنتیی نووسراو: حکومەت بە فەرمی گەرەنتی پاراستنی گیانی ستافەکەیان بکات.
2.ئاشکراکردنی بکەران: دەبێت ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.
تەنانەت دوای رێککەوتنیش، دانا غاز پێویستی بە 24 بۆ 48 کاژێر دەبێت بۆ ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنان.
گووگڵ ماپس کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەخاتە سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان
لە نوێترین گۆڕانکاریدا، گووگڵ ماپس سنووری هەرێمی کوردستانی فراوان کردووە و ناوچەکانی (کەرکووک، خانەقین، پردێ، خورماتوو، مەخموور، گوێڕ و باشیک)ی خستووەتە نێو سنووری هەرێمی کوردستانەوە، جگە لە شنگال.
دیار بەکر، گەنجێکی دانیشتووی کەلار و شارەزای نەخشەی دیجیتاڵی، لە بەرنامەکەدا ئاشکرای کرد کە ئەمە لەسەر دەستپێشخەریی ئەو بووە و لە کۆڕبەندێکدا لە پۆڵەندا راستەوخۆ داوای لە بەرپرسانی گووگڵ کردووە.
ئازادبوونی د. حوسێن رابی و هێرشکردنە سەر یەکگرتوو
دکتۆر حوسێن رابی، مامۆستای زانکۆ پاش دەستگیرکردنی لەسەر سکاڵایەکی یاسایی، شەوی رابردوو ئازاد کرا. ناوبراو راستەوخۆ دوای ئازادبوونی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا سوپاسی خەڵکی هەولێر دەکات کە "دەنگیان نەداوە بە یەکگرتوو". رابی ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەستێکی پۆڵایینی نێو یەکێتی" هاوکار بووە لە ئازادکردنیدا و هەر روونکردنەوەیەکیش بەناوی بنەماڵەکەیەوە رەت دەکاتەوە.
نووسەرێکی مەهابادی و ٤٧ بەرهەمی نووسراو
کامبێز ئیبراهیمزادە، نووسەر و وەرگێڕی خەڵکی مەهاباد، ناسراو بە "زەردەشت موکریانی"، میوانی بەرنامەکە بوو. ئەو خاوەنی ٤٧ بەرهەمی چاپکراو و ئامادەکراوە، لەنێویاندا فەرهەنگی یاسایی "دادپەروەر" و وەرگێڕانی شاکارە ئەدەبییەکان. کامبێز گلەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد کە وەک پێویست پاڵپشتی پرۆژە زانستییەکانیان نەکردووە.
سزادانی پیاوێکی کورد لە بەریتانیا بە تۆمەتی کۆیلایەتی
دادگایەکی بەریتانیا سزای 10 ساڵ زیندانی و قەدەخەکردنی کارکردنی بەسەر (هیوا مەرگەیی)دا سەپاند. ئەو پیاوە کوردە کە خاوەنی شوشتنگەیەک بووە، تۆمەتبارە بە بەکۆیلەکردن و چەوساندنەوەی 8 هاووڵاتی رۆمانی و سەندنەوەی ناسنامەکانیان و نیشتەجێکردنیان لە دۆخێکی خراپدا.
تاران سەرپۆش لادەدات
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی (AP)ی ئەمریکی، گۆڕانکارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە تاران روویداوە. ژنان لە باکوور و باشووری پایتەختی ئێرانەوە بە ئاشکرا سەرپۆشەکانیان فڕێداوە و یاخیبوون لە یاساکانی باڵاپۆشی بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی، ئەمەش سەرەڕای قەیرانی ئابووری و مەترسییەکانی جەنگ.
ترەمپ بڕیارەکانی بایدن هەڵدەوەشێنێتەوە
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە سەرجەم ئەو بڕیارانەی جۆ بایدن هەڵدەوەشێنێتەوە کە بە ئامێری واژۆی خۆکار (Autopen) واژۆ کراون، کە بە گوتەی ئەو 92%ی بڕیارەکانن. ترەمپ دەڵێت بایدن ئاگاداری زۆربەی بڕیارەکان نەبووە.
کۆنسێرتێک لە ئەڵمانیا بۆ نەخۆشانی شنگال
لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا، کۆنسێرتێک بۆ گرووپی "کۆما ئامەد" بەڕێوەدەچێت بە ئامانجی کۆکردنەوەی داهات بۆ "نەخۆشخانەی سنوونێ" لە شنگال. داهاتەکە تایبەت دەکرێت بە دابینکردنی کرێی گواستنەوە بۆ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چارەسەری دەروونییە.
خالید رەشید "بەرەنگی ژین" دەڵێتەوە
هونەرمەند خالید رەشید نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "بەرەنگی ژین" لە رێگەی بەرنامەکەوە بڵاوکردەوە. هۆنراوەکە هی (بەحری ئاڵتای)یە و پەیامەکەی بۆ یەکبوونی کوردانە.
رووداو لە تورکیا پێش ئاژانسی ئەنادۆڵ و TRT دەکەوێت
بەپێی داتاکانی پلاتفۆرمی جیهانی "سیمڕەش"، ماڵپەڕی رووداو لە نێو ماڵپەڕە هەواڵییەکانی تورکیادا پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە و پێش ئاژانسی ئەنادۆڵ، TRT و BBCی تورکی کەوتووە، کە مانگانە نزیکەی 14 ملیۆن سەردانیکەری هەیە.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).