لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بگرە بۆ نێوەڕۆکی پلانەکەی ترەمپ لەبارەی غەززە

30 September 2025
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بگرە بۆ نێوەڕۆکی پلانەکەی ترەمپ لەبارەی غەززە

لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر چارەنووسی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراقن، دەقی رێککەوتنێکی سێقۆڵیی نوێ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا بوو، کە بە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دادەنرێت. هاوکات، لەسەر ئاستی نێوخۆیی، ئەمڕۆ دوایین وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاینە و زانکۆکان ئامادەکاریی ساڵی نوێی خوێندن دەکەن، لە کاتێکدا شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا کار بۆ یەکلاییکردنەوەی مافە داراییەکانی خانەنشینان دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری، لە کاتێکدا لەسەر ئاستی جیهان، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی نوێ بۆ ئاشتی لە غەززە رادەگەیێنێت کە پشتیوانییەکی فراوانی بەدەستهێناوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیاتر لە 1.5 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژەکان تەرخان دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر تەرخانکردنی زیاتر لە 1.5 تریلیۆن دینار بۆ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەدات. کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ پشکی شێری بەردەکەوێت بە زیاتر لە 703 ملیار دینار، دوای ئەویش کەرتی ئاسایش بە 555 ملیار دینار و کەرتی تەندروستی بە نزیکەی 240 ملیار دینار.

رێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنەوەی نەوت؛ میکانیزمێکی نوێ و دڵنیایی یاسایی

دەقی رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە 20 خاڵ پێکهاتووە و میکانیزمێکی نوێ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دادەنێت. رێککەوتنەکە کە بۆ ماوەی سێ مانگ کاری پێدەکرێت و تا کۆتایی ساڵی 2025 درێژ دەکرێتەوە، بەم شێوەیەیە:

رادەستکردنی نەوت: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆژانە لانیکەم 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکاربردنی نێوخۆیی دەهێڵێتەوە.

قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان: سۆمۆ بە شێوەیەکی کاتی نرخی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری دەکات (کە بە نەوت دەدرێت). دواتر، کۆمپانیایەکی جیهانی بە ناوی "وود ماکێنزی" وردبینی بۆ تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان دەکات و بەپێی ئەنجامەکان، نرخەکە رێکدەخرێتەوە.

دڵنیایی یاسایی: رێککەوتنەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر ناکۆکییەک لە رێگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییەوە چارەسەر دەکرێت و هیچ لایەنێک ناتوانێت پەنا بۆ "پارێزبەندیی سەروەری" ببات، ئەمەش دڵنیاییەکی بەهێز بە کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات.

ئەمڕۆ دوایین وادەی زانکۆلاین و دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن

ئەمڕۆ، کاژێر 12:00ی شەو، دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە نییە. هاوکات، ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات و هەردوو زانکۆی کاسۆلیک و تیشک لە هەولێر ئاهەنگی دەرچوون بۆ قوتابییەکانیان ساز دەکەن.

شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا بۆ یەکلاییکردنەوەی یاسای خانەنشینی

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدایە و ئەمڕۆ لەگەڵ دەستەی گشتیی خانەنشینان و بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەربازیی عێراق کۆدەبێتەوە. ئامانجی سەردانەکە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانە لەسەر یاسای خانەنشینیی پێشمەرگە. هەرێمی کوردستان داوا دەکات یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی زیاترە، لە کاتێکدا عێراق دەیەوێت بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 کار بکات.

پلانی نوێی ترەمپ بۆ غەززە؛ پشتیوانیی نێودەوڵەتی و چاوەڕوانیی هەڵوێستی حەماس

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی نوێی 21 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە راگەیاند، کە ئاگربەستی دەستبەجێ، ئازادکردنی بارمتەکان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی خۆی لەخۆدەگرێت. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندووە پلانەکە قبووڵ دەکەن، هاوکات هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیش پێشوازییان لێکردووە. چارەنووسی پلانەکە تا رادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی کۆتایی حەماس.

لە بەرنامەی ئەمرۆیدا هیوا جەمال بە وردی نێوەرۆکی پلانەکەی ترەمپی روونکردەوە. بینەری بەرنامەکە بن. 

وەزارەتی دارایی عێراق دەنگۆی کەمکردنەوەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان رەتدەکاتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە کەمکردنەوەی مووچەی کارمەندانی سوپا و پۆلیسی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی بە ناڕاست و دوور لە راستی وەسف کرد. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی، هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە دەنگۆیانە "چەواشەکردنی رای گشتی و دروستکردنی پشێوییە". لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە مووچە بەپێی یاسا و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خەرج دەکرێت و وەزارەت مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری رێکار بەرامبەر بڵاوکەرەوەی هەواڵی ناڕاست.

د. ئیدریس هادی: 65%ـی دەرچووانی زانکۆی تیشک هەلی کاریان دەستکەوتووە

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، د. ئیدریس هادی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی تیشک، رایگەیاند کە ئەمڕۆ ئاهەنگی 14یەمین خولی دەرچووانی زانکۆکەیان بۆ 1005 قوتابی ساز دەکەن. ناوبراو ئاشکرای کرد کە بەپێی ئامارەکان، 65%ـی دەرچووانی پێشوویان هەلی کاریان دەستکەوتووە. د. ئیدریس هادی گوتیشی: "بۆ ئەمساڵیش، پێش تەواوبوونی خوێندن، لە رێگەی چالاکییەکەوە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، نزیکەی 250 هەلی کارمان بۆ دەرچووان دابینکردووە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی تیشک بەپێی ریزبەندیی QS، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی زانکۆ ئەهلی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.

سەرنووسەری گۆڤاری گەپ: ئەرکمان قورسە، چونکە لە رێگەی تەنزەوە پەیامی جیددی دەگەیێنین

دوای دەستپێکردنەوەی خولی دووەمی، گۆڤاری تەنزی "گەپ" جارێکی دیکە بووەتەوە جێی سەرنجی خوێنەران. محەممەد قادر، خاوەنی ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤارەکە، بە رۆژی هیوا جەمالی رایگەیاند: "گەپ تەنیا بۆ پێکەنین نییە، بەڵکو لە پشتییەوە ئازارێکی قووڵ و پەیامێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و کلتووریی جیددی هەیە." 
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئێمە کلتووری تەنزمان هەیە، بەڵام کلتووری وەرگرتنمان کەمترە"، و جەختی لەوە کردەوە کە گۆڤارەکەیان بووەتە "ماڵێک بۆ هونەرمەندانی کاریکاتێر" لە کوردستان و عێراق.

ئامەدسپۆر سوورە لەسەر نووسینە کوردییەکەی سەر درێسەکەی

سەرەڕای سزادانی بە بڕی 110 هەزار لیرەی تورکی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تورکیاوە، یانەی ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خۆیدا بەرامبەر وان سپۆر، بەهەمان ئەو درێسەوە یاریکرد کە دروشمی "یانەکەمان بۆ ئێوەیە" (Koma me bona we) بە زمانی کوردی لەسەر نووسرابوو. ئەم هەنگاوەی ئامەدسپۆر وەک سووربوون لەسەر ناسنامەی کوردیی یانەکە لێکدرایەوە، هەرچەندە یارییەکەیان بە سێ گۆڵی خاوێن دۆڕاند. ئامەدسپۆر یەکەم یانەیە لە مێژووی تورکیادا کە بە فەرمی دروشمی کوردی لەسەر درێسەکەی دەنووسێت.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).