هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان: چانسی بەربژێری پارتی بەهێزترە بۆ بوون بە سەرۆککۆمار
ئەندامێکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەڵێت: ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لەبارەی بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەون، پەرلەمان دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە و ئەوکات چانسی بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێزترە بۆ بردنەوەی پۆستەکە بەوپێیەی پارتی خاوەنی زۆرترین دەنگی پێکهاتەی کوردە.
د. محەممەد سامەرائی، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی نێوەرۆکی سەردانی شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەولێر و سلێمانی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی گوتی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چارەسەری پرسی سەرۆککۆمار سەردانی هەولێریان کرد و چوارچێوەکە دەیەوێت کورد یەک بەربژێری هەبێت بۆ سەرۆککۆمار.
گوتیشی: ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێکنەکەون، پەرلەمان پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە و لە ئەگەری ئەوەش کە پارتی و یەکێتی رێکنەکەون چانسی بەربژێرەکەی پارتی بەهێزترە بۆ بوون بە سەرۆککۆمار، بەوپێیەی پارتی خاوەنی زۆرترین دەنگ و براوەی یەکەمی نێو لایەنە کوردییەکانە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
رۆژی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لێکرا.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، سەرۆک مەسعود بارزانی بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی گوتووە: "سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت".
"مالیکی ناکشێتەوە"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. محەممەد سامەرائی، ئەندامی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان باسی لە بڕیاری بەربژێرکردنی نووری مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کرد و گوتی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی مالیکی بەربژێرکردووە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێوەی پابەندین.
گوتیشی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری کۆتایی داوە و مالیکی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە.
لەبارەی ئەگەری گۆڕانکارییش لە بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژایەتی وڵاتەکەی بۆ بەربژێرکردنی مالیکی راگەیاند و باسی لەوە کرد کە لە ئەگەری بوونەوە بە سەرۆکوەزیرانی مالیکی ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ عێراق رادەگرێت، ئەندامەکەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان گوتی: پەیامەکەی ترەمپ دژی مالیکی تەنیا گوشارەو ئەمریکا گرەنتی دەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق، هەربۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوورە لەسەر بڕیاری بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دوای ئەوەی کە محەممەد شیاع سوودانی دەستبەرداری خۆبەربژێرکردن بوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران.
بهشی بكه لە