حەیدەر بەرزنجی: یاسای حەشدی شەعبی تێدەپەڕێت

05 August 2025
حەیدەر بەرزنجی: یاسای حەشدی شەعبی تێدەپەڕێت
یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، وڵاتەکەی رووبەڕووی گێژاوێک کردووەتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا خستووەتە بەردەم دووڕیان.
 
ئەمریکا بە ئاشکرا بە عێراق دەڵێت، "ئەم یاسایە تێپەڕێت، لێکەوتەی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانمان دەبێت".
 
د. حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نارامسین بۆ دیالۆگ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئەمریکا مافی ئەوەی نییە دژی یاسای حەشدی شەعبی بێت، چونکە یاساکە بۆ رێکخستنی ئەمنییە و پەیوەندی بە نێوخۆی عێراقەوە هەیە و هیچ وڵاتێک مافی دەستوەردانی لە کاروباری عێراق نییە".
 
باسی لەوەش کرد، "نازانین بۆچی ئەمریکا دژی یاسایەک دەوەستێتەوە کە سوودی بۆ عێراق هەیە، لەکاتێکدا حەشدی شەعبی نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی عێراقی تێدایە لە سوننە و کورد و ئێزدی و کریستیان و تەنیا هێزێکی شیعە مەزهەب نییە".
 
بە گوتەی بەرزنجی، یاساکانی حەشدی شەعبی دوو یاسان، یاسایەک بۆ خانەنشینی حەشدی شەعبی و یاسایەکیشیان بۆ رێکخستنی پلە و بەرپرسیارێتییەکانی ئەو هێزەیە. 
 
گوتیشی، "بە دڵنیایی هەردوو یاساکە تێدەپەڕن، یاسای خانەنشینیی ئەندامانی حەشدی شەعبی هیچ گرفتێکی نییە و ئەو یاسایەشیان کە پەیوەندیدارە بە رێکخستنی پلە و بەرپرسیارێتییەکانی نێو حەشدی شەعبی، گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام هەر تێدەپەڕێت".