سەرهەنگ حەمەسەعید: عێراق بەهۆی گرووپە چەکدارەکانەوە دەرفەتی زێڕین لەدەست دەدات
چەند رۆژێکی دیکە نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، مارک ساڤایا دەگاتە عێراق، هێشتا نەهاتووە بە پەیامەکانی دۆخی سیاسی عێراقی جووڵاندووە و دوو هەفتە پێش ئێستاش بە رووداوی راگەیاند، "کە دێم پەیامی تایبەتی سەرۆک ترەمپم پێیە بۆ سەرکردایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان".
سەرهەنگ حەمەسەعید، بەڕێوەبەری پێشووی بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمریکی بۆ ئاشتی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: گوتەکانی ساڤایا گوزارشتە لە پانتایی سیاسەتی ئەمریکا و ئەمریکا بە روونی داوای چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات.
گوتیشی: گرووپە چەکدارەکان دۆخێکی سەختیان بۆ عێراق دروست کردووە و ئەمریکا هەموو رێگەیەک بەکاردەهێنێت بۆ پێکانی گرووپە چەکدارەکان.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی بەڕێوەبەری پێشووی بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمریکی بۆ ئاشتی کە لە واشنتنەوە میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو گوتیشی: پاڵپشتیکاری سەرەکی گرووپە چەکدارەکان کە ئێران بوو ئێستا لاواز بووە و دەسەڵاتی ئێستای ئەمریکا بە میکانیزمی گوشار کار لەسەر سیاسەتی دەرەوە دەکات.
باسی لەوەشکرد، "دوای شەڕی غەززە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەواوی گۆڕاوە و ئێران تێدەگات کە زریانێکی تووند لە ناوچەکە روودەدات".
بە گوتەی سەرهەنگ حەمەسەعید، رۆڵی وڵاتانی کەنداو بۆ عێراق لەم کاتە زۆر گرنگە و وڵاتانی کەنداو هەوڵ دەدەن عێراق لە هەژموونی ئێران رزگار بکەن و دەڵێت: وڵاتانی کەنداو کاریگەریی و پێگەیەکی بەهێزیان هەیە لە واشنتن.
گوتیشی: تورکیا و وڵاتانی کەنداو روانینی ئەمریکایان بۆ ئەحمەد شەرع گۆڕی و عێراق بەهۆی گرووپە چەکدارەکانەوە دەرفەتی زێڕینی لەدەستدەچێت، چونکە زەقترین داوای ئەمریکا لە عێراق کۆتاییهاتنی گرووپە چەکدارەکانە.