زێڕ هەموو ریکۆردەکانی شکاند و بەرزترین نرخی تۆمار کرد

26 December 2025
زێڕ هەموو ریکۆردەکانی شکاند و بەرزترین نرخی تۆمار کرد

نرخی زێڕ پێوانەی نوێی تۆمار کرد و ئۆنسەیەک بۆ ماوەیەکی کورت گەیشتە 4,530 دۆلار و دواتر کەمێک دابەزییەوە، شرۆڤەکارێکی بۆرسە پێشبینی دەکات لە ساڵی 2026 زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە و شارەزایەکی بازاڕە داراییەکانیش پێیوایە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی زێڕ ئەوەیە کە زێڕ لە خشڵ و کاڵایەکی جوانکارییەوە ئێستا گۆڕاوە بۆ کاڵایەکی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە جیهان.

ئازاد گەیلانی، شرۆڤەکاری بۆرسە کە لە لەندەنەوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کردبوو گوتی: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەسەر بنەمای تیۆری ناخەمڵێندرێت و ئێستا زێڕ بووەتە پەناگەی هەموو دراوەکانی جیهان.

ئەو شرۆڤەکارە پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکرێت لە 2026 و بەهۆی کەمکردنەوەی سوودی بانکی هەموو بانکە جیهانییەکان یەدەگی زێڕیان بەرز دەکەنەوە.

هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کاروان فەتحی، شارەزای بازاڕە داراییەکان گوتی: ئاڵۆزییەکانی جیهان بەهای زێڕیان ناجێگیر کردووە و بانکە ناوەندییەکانی جیهان بۆ خۆپاراستن لە هەڵاوسان پەنا بۆ کڕینی زێڕ دەبەن.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش دا، زێڕ ئێستا لە خشڵەوە گۆڕاوە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و ئاستەمە دۆلار جارێکی دیکە بەهێزبێتەوە لە بەرامبەر زیڕ.

وریا یاسین، بازرگانی زێڕیش دەڵێت: زێڕ بەرزترین نرخی تۆمارکرد و لە هەرێمی کوردستانیش خەڵک هەیە تاکسییەکەی دەفرۆشێت بۆ کڕینی زێڕ.

گوتیشی: شان بە شانی زێڕ بەهای زیو بەرزدەبێتەوە و بەهای زیو لەماوەی هەفتەیەک زۆرترین بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

بە گوتەی ئەو بازرگانە ئێستا مامەڵەکردن بە زێڕ مەترسیدار بووە بەهۆی پەیدابوونی زێڕی ساختە یان زێڕێک کە کانزا و مادەی دیکەی تێکەڵکراوە و دەڵێت: بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان خاوێنە و زێڕی ساختە لە بازاڕەکانی هەولێر نییە بەهۆی چاودێریی تووندی بازاڕەکان.