بانگەشەی هەڵبژاردن بە ساردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی لیستی سۆسیال دیموکرات لە بازنەی سلێمانی دەڵێت: بەکارهێنانی زمانی کوردی لە پەرلەمانی عێراق مافی خۆمانە و پەیوەندی بە دۆزی نەتەوەیی ئێمەوە هەیە.
فەرهاد تۆفیق، سەرۆکی لیستی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: کورد لە پەرلەمانی عێراق دەبێت مافی دەستووریی خۆی بەکاربهێنێت و لە بەغدا مافی کورد بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی پێشێل دەکرێت.
گوتیشی: کورد بە زمانی کوردی دەتوانێت مافەکانی وەربگرێتەوە و قسەنەکردنی پەرلەمانتاران بە کوردی هەستکردنە بە "خۆ بەکەم زانین".
بە گوتەی فەرهاد تۆفیق، مەرج نییە پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا زمانی عەرەبی بزانێت و دەڵێت: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستی بە وەرگێڕی راستەوخۆیە و نابێت یاساکان تەنیا بە زمانی عەرەبی لە عێراق بنووسرێن.
رووداوی ئەمڕۆ بەرنامەیەکی رۆژانەیە، شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات. جگە لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە ، لە کاژێر 22:00 بە کاتی هەولێر لەلایەن نوێنەر فاتیح پێشکەش دەکرێت و شیراز رەئووف پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە