شۆڕش ئیسماعیل: حیزبایەتیکردن لەنێو پێشمەرگە زیان بە کوردستان دەگەیێنێت

17 June 2021
شۆڕش ئیسماعیل: حیزبایەتیکردن لەنێو پێشمەرگە زیان بە کوردستان دەگەیێنێت
وەزیری پێشمەرگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار بۆ میدیاکان دوا، بابەتی سەرەکیش یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو. وەزیری پێشمەرگە تیشکی خستە سەر حیزبایەتیکردن لەنێو ریزەکانی هەندێک هێزی پێشمەرگە و ئەو چاکسازییانەی کە لە لیوا هاوبەشەکانی سەربە وەزارەت ئەنجامدراون.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "نەبوونی یەکگرتوویی خاڵی لاوازی پێشمەرگەیە و دەبێت سیاسەت و پێشمەرگە لەیەکدی جیابکەینەوە، چونکە حیزبایەتیکردن لەنێو پێشمەرگەدا زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە یەکێتی و پارتی قوربانی بدەن".

وەزیری پێشمەرگە ئەوەی ئاشکراکرد، هێشتا لەنێو هێزەکانی 70ی یەکێتی و 80ی پارتیدا، ئابوونە ماوە، "بەڵام لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا نەهێڵدراوە و دەبێت لای ئەوانیش نەمێنێت". شۆڕش ئیسماعیل داوای لە هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە حیزب کرد، ئابوونە نەدەن، "ئەگەریش سزادران و لە کارەکەیان لابران، ئێمە دەیانگرینە خۆمان".

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە وروژێندرا، پرسی "بازرگانیکردن و کڕین و فرۆشتنی سەنگەر بوو لەنێو هێزی پێشمەرگە"، بە گوتەی وەزیری پێشمەرگە، پێشتر لە وەزارەت لیژنەی فەرمی هەبووە بۆ ئەو کەسانەی ویستیان لەسەر ئەوە بووە سەنگەرەکانیان لەنێو یەکێتییەوە بۆ نێو پارتی و بە پێچەوانەشەوە بگوازنەوە.