فاتیح شارستێنی: فەتواکەی وەزارەتی ئەوقافی سووریا دژی کورد نابەجێیە
مامۆستایەکی ئایینی دەڵێت: فەتواکەی وەزارەتی ئەوقافی سووریا دژی کورد نادروستە، چونکە کورد میللەتێکی مسوڵمانی رەسەنە و لە بنەماشدا وشەی ئەنفال بۆ کەلوپەلی دەستبەسەرداگیراوی جەنگ بەکارهاتووە نەوەک بۆ مرۆڤ.
فاتیح شارستێنی، مامۆستای ئایینی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: وەزارەتی ئەوقاف لە وڵاتانی بەناو ئیسلامی وەزارەتی هەواڵگرییە و لە هەندێک وڵات ئەوقاف کراوەتە چەکووش بۆ لێدان لە ئازادی.
گوتیشی: فەتواکەی وەزارەتی ئەوقافی سووریا نابەجێیە و لە مێژووشدا ئەوقاف و فەتوای ئایینی دژی کورد بەکارهێنراوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی ئەو مامۆستا ئاینییە باسی لەوەشکرد چەکی ئایین دژی میللەتێکی مسوڵمانی وەکو کورد بەکاردەهێنرێت و گوتی: وەزیری ئەوقافی سووریا دەروێشی دەسەڵاتە و پێویستە مامۆستایانی ئایینی سووریا دژی فەتواکەی وەزارەتی ئەوقاف هەڵوێست وەربگرن.
" کورد مسوڵمانێکی رەسەنە و ئاڵای کوردستان ئاڵای ماناداری ئیسلامە، بەڵام کورد تاوەکو دەوڵەتی نەبێت هەر مەترسیی لەسەرە"
فاتیح شارستێنی وای گوت.
ئەو گوتانەی شارستێنی دوای ئەوەهات وەزارەتی ئەوقافی سووریا نووسراوێکی بۆ گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا ناردووە تێیدا هێرشەکان بۆ سەر کورد و رۆژئاوای کوردستان بە "فتوحات" ناودەبات و نووسراوەکە بە ئایەتی ٩ لە سورەتی ئەنفال لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات .
ئەو نووسراوە واژۆی د.محەممەد ئەبو خەیر شوکری، وەزیری ئەوقافی سووریای کۆماری عەرەبیی سووریای لەسەرە و رۆژی 18-01-2026 دەرچووە. وەزیری ئەوقافی سووریا لەو نووسراوەدا داوا لە گوتاربێژانی مزگەوتەکان دەکات نوێژی "قونووت" لە هەر پێنج نوێژە فەرزەکەدا بکەن، بۆ نزاکردن بۆ سەرکەوتنی سەربازانی سوپای عەرەبیی سووریا.