د. جگەرخوێن ئەحمەد هەرکی: بەرپرسانی ئێستای ئێران لە واقیعی نوێ تێگەیشتوون

21 April 2026
د. جگەرخوێن ئەحمەد هەرکی: بەرپرسانی ئێستای ئێران لە واقیعی نوێ تێگەیشتوون
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، جگە لەوەی رێکبکەوێت و دەشڵێت، ئەگەر رێکنەکەون جارێکی دیکە بۆمبەکان دەست بە تەقینەوە دەکەن.
 
لە بەرامبەردا، محەمەد باقرقالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ترەمپ لە رێگەی سەپاندنی گەمارۆ و پێشێلکردنی ئاگربەستەوە، دەیەوێت بە خەیاڵی خۆی مێزی دانوستاندن بگۆڕێت بۆ مێزی "خۆبەدەستەوەدان" یان پاساو بۆ هەڵگیرساندنەوەی جەنگ بدۆزێتەوە.
 
د. جگەرخوێن ئەحمەد هەرکی، پسپۆڕی کاروباری ئێران لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: مەرج نییە دۆخەکە تەنیا لەنێوان شەڕ یان ئاشتی بێت و ئێران لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سیاسەت دەکات.
 
گوتیشی: ئەمریکا تەنیا بە پاشەکشێی ئێران رازی نابێت، بەڵکو دەیەوێت ئێران رەفتار و سیاسەتەکانی بگۆڕێت لەکاتێکدا سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل داڕێژراوە، بەڵام بەرپرسانی ئێستای ئێران لە واقیعی نوێ تێگەیشتوون.
 
بە گوتەی د. جگەرخوێن ئەحمەد هەرکی، ئێران ئەکتەرێکە لە سیاسەتی جیهانی بە شێوازی ئایدۆلۆژی. باس لەوەش دەکات کوژرانی رێبەر، ئێرانی بەرەو تووندیی زیاتر نەبردووە، تاران ناتوانێت بەم دۆخەوە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت و شەڕیش رووبداتەوە لە کۆتایدا ئێران و ئەمریکا ناچارن رێکبکەون.