پرۆفیسۆر عەباس وەلی: ئێران 50 ساڵی پێویستە بۆ پڕکردنەوەی زیانەکان
پرۆفیسۆر عەباس وەلی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان پێیوایە ئێستا دابەشبوونێک لەنێو دەسەڵاتی ئێران بەدی دەکرێت و بەشێک لە بەرپرسەکانی ئەو وڵاتە خوازیاری بەردەوامی شەڕ و دژی رێککەوتنی تاران و واشنتن هەنگاو دەنێن.
پرۆفیسۆر عەباس وەلی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: هیچ کاتێک دەسەڵات لە ئێران یەکدەست نەبووە، ئێستا بەرپرسانی ئێران کێبڕکێی یەکدی دەکەن و هەوڵ دەدەن سیاسەت و بڕیاری دەوڵەت بخەنە ژێر رکێفی خۆیان.
گوتیشی: بەرپرسانی ئێران هەموو هەوڵیان بۆ هەڵگرتنی سزاکانە، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی تاران بە جیدی دژی رێککەوتنن لەگەڵ ئەمریکا و بەرژەوەندیی و هەژموونیان لە بەردەوامی شەڕدایە.
بە گوتەی ئەو پرۆفیسۆرە کە لە لەندەنەوە میوانی رووداوی ئەمڕۆ بوو دەسەڵاتی راستەقینەی ئێستای ئێران لای فەرماندەکانی سوپای پاسدارانە و دەشڵێت: دوای شەڕی 12 رۆژە شێوازی بەڕێوەبردنی سوپای پاسداران گۆڕاوە و ئێستا سوپای پاسداران بە شێوازی ناناوەندی بەڕێوەدەبرێت.
هەروەک باس لەوەش دەکات کە ئێران گورزی زۆر بەهێزی بەرکەوتووە و پێدەچێت 50 ساڵی پێویست بێت بۆ پڕکردنەوەی زیانەکانی.
هاوکات پێیوایە کە وێڕای نابەرامبەریی هێز لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەراورد بە هێزی ئێران، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل نەیانتوانیوە ئامانجە ستراتیژییەکان بە ئێران بگۆڕن و لەبارەی بردنەوە و دۆڕاندنی جەنگەکەش دەڵێت: بردنەوە بۆ ئێران جیاوازە لە بردنەوە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران ئەگەر جەنگەکە نەدۆڕێنێت واتا بردوویەتییەوە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ئەگەر جەنگەکە نەبەنەوە واتا دۆڕاون.
بهشی بكه لە