نوێنەری رێکخراوی CPT ئەمریکی: لە رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی کراوە

22 January 2026
نوێنەری رێکخراوی CPT ئەمریکی: لە رۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی کراوە
نوێنەری رێکخراوی CPT ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کە ئێستا بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان چوونەتە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: دۆخی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان زۆر مەترسیدارە و کۆمەڵکوژیی دژی ئاوارەکان ئەنجامدراوە و بەهۆی نەمانی خۆراکەوە قەیرانی برسێتی سەریهەڵداوە.
کامەران عوسمان نوێنەری رێکخراوی CPT ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی:  وەکو نوێنەری رێکخراوی CPT هاتووینەتە رۆژئاوای کوردستان و دۆخی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان زۆر مەترسیدارە.
گوتیشی: سووکایەتی بە ژنان کراوە و دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر و پێشێلکاریی زۆر بەرامبەر خەڵکی سڤیل لە رۆژئاوای کوردستان کراوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ نوێنەری رێکخراوی CPT ئەمریکی باسی لەوەکرد کە قەیرانی خۆراک سەریهەڵداوە و برسێتی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەتەوە و رۆژئاوای کوردستان لەرووی سەربازیی و ئابوورییەوە گەمارۆدراوە و دەرمان و خۆراک و میوە نەماوە.
گوتیشی: لە بەنداوی تشرینەوە ئاو لەسەر کۆبانێ بڕدراوە و لە رۆژئاوای کوردستان خەڵک لە برسدا ئاوی گەرم دەخۆنەوە، هەروەک ژمارەیەک خێزان کۆمەڵکوژکراون و خراونەتە نێو رووبارەوە.