CPT: تورکیا درۆنی خۆکوژ لە هەرێمی کوردستان بەکارناهێنێت

28 April 2025
CPT: تورکیا درۆنی خۆکوژ لە هەرێمی کوردستان بەکارناهێنێت
بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی 'CPT'ی ئەمریکی دەڵێت، "ئەو درۆنەی ئەمڕۆ لە خاڵێکی سەربازیی پێشمەرگە لە ناوچەی ئامێدی تەقێندرایەوە، لەلایەن پەکەکەوە ئاراستە کراوە، چونکە درۆنێکی خۆکوژی بووە و لە ساڵی 1983وە تاوەکو ئێستا کە تورکیا ئۆپەراسیۆی سەربازیی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، هیچکات درۆنی خۆکوژیی بەکارنەهێناوە."
 
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی 'CPT'ی ئەمریکی کە چاودێریی هێرش و پێکدادانەکانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان ئەو درۆنە خۆکوژییەی رۆژی (دووشەممە 28ی نیسانی 2025) لە گوندی بلاڤەی سنووری ئامێدی خۆی بە خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقاندەوە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون، "لە بنەمادا درۆنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە، بۆ چاودێریکردنی ئەو خاڵە سەربازییە نوێیەی پێشمەرگە هاتووەتە ناوچەکە، پێش ئەوەی بتەقێندرێتەوە زیاتر لە 15 خولەک لەو ناوچەیە سووڕاوەتەوە و چاودێریی کردووە."
 
گوتیشی، "بەپێی زانیارییەکانی ئەوان درۆنەکە لە چیای (مەتین)ەوە تەقەی لێکراوە و تەقێندراوەتەوە، "ئەوەش دەریدەخات کە ئەو درۆنە لەلایەن تورکیاوە پێکراوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر پەکەکە تەقەی لێبکردایە لە چیای (گارە)وە دەکرایە ئامانج."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی 'CPT'ی ئەمریکی باسی لە تۆمارەکانی بەکارهێنان و جۆری ئەو درۆنانە کرد کە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێن و گوتی، "لە ساڵی 2020ەوە پەکەکە پەرەی بە جۆرە درۆنێکی خۆکوژی داوە، کە توانای بڕینی (6 کم) و هەڵگرتنی بڕێکی دەستنیشانکراو لە تەقەمەنی هەیە و هێز و توانای کەمترە لەو درۆنانەی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەکاریان دەهێنێت، ئەوانەی هەرێمی کوردستان تەنیا لە توانایاندایە خاڵێکی سەربازیی بچووک بکەنە ئامانج، وەکو ئەو خاڵە سەربازییەی پێشمەرگە کە ئەمڕۆ لە ئامێدی کرایە ئامانج."
 
"تورکیا درۆنی خۆکوژیی بەکارناهێنێت، هیچکات رووینەداوە و تۆمار نەکراوە کە تورکیا درۆنی خۆکوژیی لە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت، بەڵکو تورکیا جۆرە درۆنێکی پێشکەوتوو لە ناوچە گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت، کە ئیمپریفایەری تایبەتی بۆ بەهێزکردنی دەنگ تێدا بەکارهێندراوە و درۆنەکان لەگەڵ گوندنشینان قسە دەکەن،" کامەران عوسمان وای گوت.
 
لەبارەی درۆنە پێشکەوتووەکانی تورکیاوە زیاتری باسکرد و گوتی، لە ناوچە گوندنشینەکانی چیای مەتین تۆمار کراوە کە "درۆنێکی تورکی پێشکەوتوو لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی قسەی کردووە، داوای لێکردوون جلەکانیان دابنێن و بوخچەیەکیشیان پێبووە، بوخچەکە بکەنەوە، تاوەکو بزانێت چەکیان پێیە یان نا، چونکە لە ناوەندی کۆنترۆڵکردنی درۆنەکەوە جگە لەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان بە راستەوخۆ دەبیندرێن، هاوکات دەتوانرێت هەر لە رێگەی درۆنەکەوە قسە لەگەڵ خەڵک بکرێت و گوێبیستی دەنگی ئەو کەسانەش بن لەگەڵ درۆنەکە گفتوگۆ دەکەن."
 
"هێرشەکان چڕکراونەتەوە"
 
دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، هەپەگە رۆژی 1ـی ئاداری 2025 ئاگربەستی تاکلایەنەی راگەیاند، بەڵام بە گوتەی بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی 'CPT'ی ئەمریکی هێرشەکانی تورکیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ زۆر بەرزبووەتەوە بەراورد بە دوو مانگی رابردوو و دەڵێت: لە 27-ی شوبات کە ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتیی راگەیاند، یەک هەفتە دوای بانگەوازەکە رێژەی بۆردوومان و هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 145٪ (لە سەدا سەد و چڵ و پێنج) بەراورد بە یەک هەفتە پێش بانگەوازەکە زیادیان کرد، هاوکات بەدرێژایی مانگی ئادار بەراورد بە مانگی شوبات بۆردومان و هێرشەکان بە رێژەی 121٪ (لە سەدا سەد و بیست و یەک) کەمیان کرد، بەڵام لە مانگی نیسان زۆرترین هێرش و بۆردومانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و رۆژ هەبووە لەو مانگەدا 73 هێرش و بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.