چیرۆکە خەمناکەکەی خەرەندی رواندزتان بیستووە؟

06 April 2022
چیرۆکە خەمناکەکەی خەرەندی رواندزتان بیستووە؟

لە بەرنامەی ئەمجارەی خەملا وڵات دەچینە قەزای رواندز. رواندز لەسەر تاشە بەردێک هەڵکەوتووە کە هەردوولای شاخە و بە خەرەندی رواندز بەناوبانگە کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی داوە بەو قەزایە. هەروەها لە سەردەمی میرنشیی سۆران، رواندز پایتەخت بووە و بەهۆی شاخەکانەوە ناوچەیەکی پارێزراوبوو.

خەرەندی رواندز چیرکێکی خەمناکی هەیە. زۆر کەس کە فشاری کۆمەڵایەتی و دەروونییان لەسەر زۆر بووە. لە خەرەند خۆیان فڕێداوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لە سەردەمی میر محەممەدی میری سۆران، رواندز زۆر بەرەوپێش چووە. کارگەی دروستکردنی چەکی تێدا دامەزراوە کە وەستا رەجەب چەندین جۆر چەکی دروست دەکرد. تاوەکو ئێستاش تۆپەکەی وەستا رەجەب لە دەروازەی رواندز لەگەڵ پەیکەری میر محەممەد [پاشای گەورە] دانراوە.

رواندز بە قەزایەکی گەشتیاریی سەر بە پارێزگای هەولێر دادەنرێت. لەوێ گوندێک هەیە کە تاڤگەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە.

ساڵانە گەشتیار لەسەرتاسەری عێراق و کوردستان و وڵاتانی دیکەش سەردانی دەکەن. بەقسەی بەڕێوەبەری گەشتیاری سۆران. ساڵی 2021 یەک ملیۆن و نیو گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە و بەشی زۆریان سەردانی بێخاڵ و هاوینە هەوارەکانی دیکەیان کردووە.