دروستکردنی چیخ لە گوندی شارستێنی پیرانشار

01 November 2021
دروستکردنی چیخ لە گوندی شارستێنی پیرانشار
کاتێک باس لە دروستکردنی چیخ دەکرێت، زیاتر خەیاڵت بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەچێت، چونکە دروستکردنی ئەم بەرهەمە دەستکردە تاوەکو ئێستا لەو بەشەی کوردستان ماوە و پیاوان و ژنان دروستی دەکەن.

لە گوندی شارستێنی ناوچەی نەڵێنی مەنگوڕایەتی لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان، ژن و پیاوێکی بە تەمەن سەرقاڵی دروستکردنی چیخن.

محەممەد سەعیدزادە ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە و چۆنیەتی دروستکردنی چیخ نیشاندەدەن.

چیخ لە دەرەوەی رەشماڵ وەك پەرژینێك بۆ پاراستنی ناوەوەی رەشماڵەكە دادەنرێت، ئەم بەرهەمە لە قامیش و هەندێ جار لە لقی داری سێو و خوری دروست دەكرێت، جۆری دیکەیشی هەیە کە بۆ کاری کشتوکاڵی سوودی لێوەردەگیرێت.
 
بەشێک لە کەسانی دەستڕەنگین بەشێوازی جوان و سەرنجڕاکێش چیخ دروستی دەکەن و دەینەخشێنن و بە نرخێکی زۆر لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشن.



گەشتی شاخەوانانی هەولێر بۆ چیاکانی سلێمانی

پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان شاخەوانانی کوردا هەیە و بەهۆی ئەو پەیوندییەوە بانگهێشتی یەکدی دەکەن و سەردانی ناوچەکانی یەکدی دەکەن.

سەلمان کوردی یەکێک لە شاخەوانەکانی سنووری شاری هەولێرە، ئەمجارە گەشتێکی جیاوازی لەگەڵ تیمێکی تایبەت بۆ چیاکانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە. 

لە ماوەی دوو رۆژ و دوو شەودا، ئەم تیمە بە سێ لووتکە چیا گەیشتوون و دواتر سێ چیای دیکەیان بڕیوە. 

چیاکانیش بریتین لە پیرەمەگروون، P2، شاخەڕووخاو، بەردەبووک و چایەر.

سەلمان کوردی کە ڤیدیۆی گەشتەکەی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، دەڵێت "ئەم تیمە حەوت کەسییە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی گرووپەکانی کوردستان بتوانن ئەم گەشتە سەخت و کەموێنەیە ئەنجام بدەن و ئەم زنجیرە چیایە ببڕن".




رنینی هەنار لە گوندی هەڤنکای دەڤەری بارزان
بەشێک لە بەرهەمی ئەمساڵی هەنارەکە بۆ وەرزی زستان هەڵدەگیرێت

ئێستا وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنارە لە باخەکانی هەنار لە کوردستان، بەشێک لە خاوەن باخەکان بەشێک لەم بەرهەمە بۆ وەرزی هەڵدەگرن، بەتایبەتیش باخەوانانی دەڤەری بارزان.

لە گوندی هەڤنکای سەر بە دەڤەری بارزان، خاوەن باخێکی هەنار، هەنارەکانی باخەکەی رنیوە، عەلی زوبێر شاخەوان و ژینگەپارێز لەو کارەدا بەشداربووە و بە هەرەوەزی هاوکاری خاوەن باخەکەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

لە دوای رنین، کۆکردنەوە و گواستنەوەی هەنارەکە، خاوەن باخەکەی بەشێک لە هەنارەکەی بۆ وەرزی زستان هەڵگرتووە.

بەهۆی ئەوەی جاران لە وەرزی زستاندا میوە کەمبووە، بۆیە گوندنشینانی کوردستان هەناریان بۆ ئەو وەرزە هەڵگرتووە و لە شەوانی درێژی زستاندا خواردوویانە، ئێستا هەرچەند لە هەرچوار وەرزی ساڵدا لە کوردستان جۆرەها میوە دەستدەکەون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی دەڤەری بارزان هەناری دەڤەرەکەیان بۆ زستان هەڵدەگرن.




لە کرستیان ساند مووشەکهاوێژێکی جەنگی جیهانیی دووەم وەک خۆی ماوەتەوە

هاونیشتمانییان چ لە کوردستان یاخود لە کاتی سەردانیان بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوەی بەلاینەوە سەرنجڕاکێش بێت بە ڤیدیۆ تۆماری دەکەن و بۆ رووداوی تۆی دەنێرن.

دلهات دلاوەر خەڵکی باشووری کوردستانە و بە سەردانێک چووەتە نەرویج، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ تۆمارکردووە، تێیدا موشەکهاوێژێکی گەورە لە شارۆچکەی کرستیان ساند لە باشووری ئەو وڵاتە نیشاندەدات.

مێژووی ئەو موشەکهاوێژە بۆ 1946 دەگەڕێتەوە واتە بۆ جەنگی جیهانی دووەم کە بۆ پاراستنی سنووری کەنار دەریای باشووری ئەو وڵاتە بەکارهاتووە.

لە ڤیدیۆکەدا جگە لە دلهات دلاوەر، هەریەک لە هۆگر عەلی، مزەفەر حەمەئاغا و قیدار ئاکرەیی دەردەکەون و دیمەنی سنووری نێوان نەرویج و دانیمارک دەبیندرێت کە سنوورێکی دەریاییە.

گەشتیاران کاتێک سەردانی شارۆچەکەی کرستیان ساند دەکەن، لە نزیکەوە ئەو موشەکهاوێژە دەبینن وەک هێمایەکی بەرگری ئەو وڵاتە لە جەنگی جیهانیی دووەم.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.