چاندنی گەنم لە گوندی سپیکەمەرەی بانە دەستیپێکرد

02 November 2021
چاندنی گەنم لە گوندی سپیکەمەرەی بانە دەستیپێکرد
لەگەڵ یەکەم بارینی ساڵ، لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان چاندنی گەنم دەستپێدەکات و جووتیاران بە هیوای ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت تۆی گەنم بە زەوییەکانیاندا بڵاودەکەنەوە.

ئیدریس سپیکەمرە، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی چاندنی گەنم لە زەوییەکی کشتوکاڵیدا لە گوندی سپیکەمەرەی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندەدات.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە رووبەرێکی فراون لەو گوندە بۆ چاندنی گەنم کێڵدراوە و دوو کەس گەنم بە زەوییەکەدا بڵاودەکەنەوە.

سپیکەمەرە یەکێک لە گوندەکانی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ژمارەی دانیشتوانی 143 کەسن لە 23 ماڵباتدا و دانیشتوانی زیاتر بە کاری کشتوکاڵییەوە خەریکن.


گەشت بە پایسکل لە گوندی رێزانەوە بۆ هەولێر

بەشێک لە پایسکلسوار و هاونیشتمانییان لە باشووری کوردستان، رێگەی دوور بە پایسکل دەبڕن، بەشێکیشیان سنووری وڵاتان دەبڕن.

لە گوندی رێزانی دەڤەری بارزان لە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر، هاونیشتمانییەک بە پایسکل لە گوندەکەیانەوە دەچێتە هەولێر.

شەهرام سلێمان خۆی پێشمەرگەیە و خەڵکی گوندی کانیەدێری دەڤەری بارزانە و بەشێک لە دیمەنی گەشتەکەی بە پایسکل تۆمارکردووە و بۆ رووداوی تۆ ناردووە.

گەشتەکە لە رێزانەوە دەستیپێکردووە و 125 کیلۆمەتری بە پایسکل بڕیوە تاوەکو گەیشتووتە هەولێر و لەوێ هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە چاوەڕوانیدابوونە.


فڕین بە پەڕەگلایدەر لە شاخی قەشکە
 
 گەشتێکی تایبەت دەبێت ئەگەر شاخڕەوی بکەیت و دواتریش بە پەڕەگلایدەر بفڕیت و بێیتە خوارەوە، واتە ماندووبوون و سەرکێشییەک.

تیمێکی یانەی ئاسمانی کۆیە گەشتێکی جیاوازیان ئەنجامداوە و ناویان ناوە گەشتی زەوی و ئاسمانی، سەرەتا هەڵکشان و سەرکەوتن بەشاخ بووە، دواتر گەڕانەوە بووە بۆ شوێنی دەستپێک بە فڕین بەئاسماندا بە پەڕەگلایدینگ.

گەشتەکە بۆ شاخی قەشکە بوو کە بەرزییەکەی هەزار و 1950 مەترە لە ئاستی رووی دەریاوە و دەکەوێتە زنجیرە شاخی هەیبەسوڵتان لە قەزای کۆیە.

هیوا کۆیی یەکێک لە بەشداربووانی گەشتەکە بووە و ڤیدیۆی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، لەوانە دیمەنی فڕین بە پەڕەگلایدەر.

یاریی پەڕەگلایدەر لە 1952 سەریهەڵداوە و دۆمینا گالبێرت یەکەم فڕینی بە پەڕەگلایدەر ئەنجامداوە، لە 17 تشرینی یەکەمی 1952 ئەو داهێنانە لە دەستەی تۆمارکردنی داهێنانەکان بەناوی ئەو تۆمارکرا. 



کۆکردنەوەی هەنار لە گوندی شێرۆکیانی دەڤەری بارزان

دەڵێن تاوەکو بارانێک هەنار تەڕ نەکات تامی خۆش نابێت، بۆیە بەشێک لە خاوەن باخەکان، لە دوای بارانبارینێک دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنار.

عومەر شێرۆکی گەنجێکی گوندی شێرۆکیانی دەڤەری بارزانە و بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیدیۆیەکی لەبارەی رنینی هەناری لە گوندەکەیان ناردووە.

عومەر شێرۆکی دەڵێت، ساڵانە لەم کاتەدا کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنار لە گوندەکەیاندا دەستپێدەکات و باخ نییە لە گوندەکەیان دار هەناری تێدا نەبێت، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە بە شێوازێکی تایبەت هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی تێک نەچێت و لە شەوانی درێژی زستاندا نۆش دەکرێت.

هەروەها دەڵێت، ئەو هەنارانەی شەقیان بردووە، بەشێکی زۆری دەکرێت بە گیراوەی هەنار و سوودی لێدەبیندرێت.



سەردانی گەشتیاران بۆ 'چاڵە بەفر'ـی حەساری سەکران

لە دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی چاڵە بەفرێک لە بناری لووتکەی چیای حەساری سەکران لە قەزای چۆمان و بڵاوبوونەوەی لە رووداوی تۆ، رۆژانە خەڵکی زیاتر سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێن.

حوسامەدین چۆمانی، لەگەڵ هاورێیەکی سەردانی چاڵە بەفرەکەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ تۆمارکردووە و ناردوویەتی.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە لە بەشێکی ئەو شوێنە دیواری بەفرین بە بەرزایی شەش بۆ هەشت مەتر دروستبووە و دیمەنی زۆر جوان و سەرنجراکێشی هەیە.

ئەو دوو هاونیشتمانییە جگە لە سەردانی چاڵە بەفرەکە کە بە چاڵە بەفر دەناسرێت، سەردانی ئەشکەوتێکیان لە حەساری سەکران کردووە و بە قسەی ئەوان بێت، هیچ کەسێک بەر لە ئەوان ئەو ئەشکەوتەی نەبینیوە.

ئەو چاڵە بەوە بەناوبانگە کە لە هەرچوار وەرزی ساڵدا بەفرێکی زۆری تێدا دەمێنێتەوە و بەفری نوێی بەسەردا دەبارێت.
بۆ ناو چاڵە بەفری حەساری سەکران


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.