بۆ رنینی سێو کرێکاران لە شارەکانی دیکە روو لە شنۆ دەکەن

بۆ رنینی سێو کرێکاران لە شارەکانی دیکە روو لە شنۆ دەکەن
 
وەرزی کۆکردنەوەی سێو لە باخەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، ئەمەش دەرفەتی کاری بۆ ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان رەخساندووە.
 بەشێک لە خاوەن باخە گەورەکانی سێو لە شنۆ، ژمارەیەک کرێکار بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی باخەکانیان دەهێنن، بەڵام بەشێکیشیان بە بەشداری کەس و کاریان بە هەرەوەزی کارەکە ئەنجام دەدەن.

یاسین ئەحمەد لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ژمارەیەک کرێکار سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی سێون کە بۆ ئەو کارە لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان روویان لە شنۆ کردووە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر باخی سێو هەن و بووەتە سەرچاوەی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی، چ ئەوانەی خاوەن باخن، یاخود ئەوانەی وەک کرێکار کاری تێدا دەکەن.

سێو لە شوێنە مامناوەندەکانی نیوەی باکووری گۆی زەوی، لە چیاکانی حەوزی زەریای سپی ناوەڕاست ھەیە و لە کوردستانیش چەندین جۆری بەرهەمدێت.

شنۆ شارێکی رۆژھەڵاتی کوردستانە، لە باکووردا لەگەڵ ورمێ، لە رۆژھەڵات لەگەڵ نەغەدە، لە باشوور لەگەڵ شاری پیرانشار ھاوسنوورە، لە روژئاواش بە سنووری باشوور و باکووری کوردستان بەستراوەتەوە. 

ئەو شارە بەوە بەناوبانگە کە سەرچاوی ئاوی زۆری هەیە و بەهۆی بوونی رووبەرێکی فراوانی باخی گێلاس، بە شاری گێلاسیش دەناسرێت، هەروەها رووبەرێکی فراوانیشی کراوەتە باخی سێو.



دانیشتوانی گوندی نزاری داوای بە ناحیەکردنی گوندەکەیان دەکەن

بەشێک لە گوندەکانی باشووری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر دەبن و دانیشتوانی بە پێویستی دەزانن بکرێن بە ناحیە.

سیامەند برادۆستی ڤیدیۆ و زانیاری لەبارەی سنووری ئیدارەی سۆران بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە ڤیدیۆ و زانیاری لەبارەی داواکاری خەڵک لە بەناحیەکردنی گوندی نزاری لە سنووری دەشتی هێرت لە ناحیەی سیدەکان ناردووە.

بە گوتەی عەبدوڵڵا شێخۆ موختاری گوندی نزاری، ئەوان چەندین جار داوایان کردووە گوندەکەیان بکرێت بە ناحیە، تەنانەت گوندەکانی دەورووبەری ئەو گوندەش داوا دەکەن، نزاری بکرێت بە ناحیە، چونکە بۆ ئەوانیش سوودی هەیە و کاروباری رۆژانەیان ئاسانتر دەبێت.

لەو گوندە قوتابخانە و یاریگە هەن و چەندین فەرمانگەی حکومی تێدایە و لە هەموو گوندەکانی دیکەی دەڤەرەکە گەورەترە، تەنانەت بارەگای حیزیبی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیشی تێدایە.



ئامادەکردنی هێلکە لە نێو پیاز و بیبەر

بەشێک لە شاخەوانان شەیدای ئەوەن بە تەنیا گەشتەکانیان ئەنجامبدەن، ژەمێک خواردن لە نێو سرووشتدا تەنیا بۆ خۆیان ئامادە بکەن و لەرێگەی ڤیدیۆیەکەوە دیمەنی گەشتەکانیان بڵاودەکەنەوە.

ئاسۆ دارا شاخەوانێکی کوردە لە سنووری قەزای پشدەری باشووری کوردستان، ئەو دیمەنی گەشتە شاخەوانییەکانی بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئینجا جگە لە نیشاندانی دیمەنی سرووشت، دیمەنی ئامادەکردنی خواردن لە نێو سرووشتدا نیشاندەدات.

ئاسۆ دارا ئەمجارە گەشتێکی بۆ سەرچاوەی ئاوێ سپی لە هەڵشۆ لە سنووری قەزای پشدەر کردووە، ژەمی خواردنی ئەمجارەی، هێلکە و سەوزە بوووە.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە سێ هێلکە دەخاتە نێو دوو پیاز و بیبەرێکی شیرینەوە و لە نێو ئاگریان دادەنێت، دواتر نۆشیان دەکات.

هەڵشۆ لە رووی کارگیڕییەوە سەر بە قەزای پشدەرە و 14 کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە، لە 2000 بووەتە ناحیە و 27 گوندی ئاوەدان لە خۆدەگرێت.



کۆکردنەوەی هەنار بە هەرەوەزی لە سەنگەسەر

لە کوردستان ئەو هەرەوەزییە نەبێت، خاوەن باخەکان دەبێت بەشێک لە داهاتیان بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی باخەکانیان خەرج بکەن.

شێروان سەنگەسەری لە ناحیەی سەنگەسەر، ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنار بە هەرەوەزی نیشاندەدات.

لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، رنینی هەنار لە وەرزی پاییزدا دەستپێدەکات، بەتایبەت لە دوای یەکەم بارانبارینی ئەو وەرزە و بە بڕوای خاوەن باخەکان بە بارانێک تامی هەنارەکە خۆشتر دەبێت.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە کە لەدوای کۆکردنەوەی هەنارەکە، ئەم ئەم بەرهەمە جیادەکرێنەوە و لە نێو سندوقی تایبەت بە میوە دادەنرێت و بۆ فرۆشتن ئامادە دەکرێن.

سەنگەسەر یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای پشدەرە لە پارێزگای سلێمانی، لە باکوور لەگەڵ گوندی قادرئاوا، لە باشوور لەگەڵ گوندی خڕەچەو، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی بەستەسێنی خواروو و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی ئاشوران ھاوسنوورە.


رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.