خەنەبەندان بە شێوازی کۆن لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان

30 October 2021
خەنەبەندان بە شێوازی کۆن لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان


خەنەبەندان بە شێوازی کۆن لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان

خەنەبەندان ئاهەنگێکی بچووکە شەوێک بەر لە گواستنەوەی بووک لە ماڵی بووک ئەنجامدەدرێت، بەشێک لە هاونیشتمانییان تاوەکو ئێستا ئەم ئاهەنگەکە بە شێوازی کۆن ئەنجامدەدەن.

تەنگار شافعی نیا تازە بووکە و ژیانی هاوژینی لەگەڵ محەممەد نەبینیا پێکهێناوە و رۆژێک بەر لە گواستنەوەی خەنەبەندانی لە ماڵی باوکی بۆ سازکراوە.

سیاوش شافعی نیا برای بووکە خانە و ڤیدیۆیەکی خەنەبەندانەکەی وێنەگرتووە و بۆ رووداوی تۆی ناردووە.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە بووک جلێکی سووری پۆشیوە و لەسەر کورسییەک دانیشتووە و ژمارەیەک کچ بە جلی کوردی سوورە، هەریەکەیان سینییەکیان بەسەر سەرەوەیە و کەلوپەلی بووکی تێدایە و بە دەوری بووکدا دەخولێنەوە.

خەنەبەندان تایبەتە بە ژنان و لە شەوی پێش گواستنەوەی بووك ئەنجام دەدرێت، لەو شەوەدا ژنان و كچانی هەردوو بنەماڵە و هاوڕێیانی بووك لە ماڵی باوکی بووك كۆدەبنەوە، دواتر خەنە لەناو لەپ و سەر و پرچی بووك دەدرێت.



یەکەم بەفربارینی ساڵ لە گۆمی بێکۆدیان

وەرە بەم پاییزە لە ناو شار نیوەڕۆیان گەرمات بێت و جلی هاوینەت پۆشیبێت کەچی لە هەندێ ناوچەی دیکە بەفرببارێت.

لە 26 تشرینی یەکەمی ئەمساڵ واتە هەفتەی رابردوو، یەکەم بەفری ساڵ لە سنووری قەزای چۆمان سەر بە پارێزگای هەولیر باری.

ئەمیر حەمەد کە بەردەوام ڤیدیۆ بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، لەگەڵ چوار ئەندامی گرووپی شاخەوانی دەنگ و رەنگی کوردستان، چووەتە گۆمی بێکۆدیان لە چیای حەساری سەکران، کاتێک گەیشتوونەتە ئەو گۆمە، بەفرباریوە.

وەک ئەوەی لە ڤیدیۆیەکە دیارە، ئەو شاخەوانانە دڵیان بەو بەفربارینە خۆشە و هەڵپەڕکێ دەکەن، چونکە ئەمە یەکەم بەفری ساڵە لە سنووری باشووری کوردستان دەبارێت.

هەر لەو گەشتەیاندا بۆ گۆمی بێکۆدیان کە ئاوەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، تابلۆی ناساندنی گۆمەکەیان دووبارە بۆیاخ کردووەتەوە.
گۆمی بێکۆدیان بە بەرزترین گۆم لە باشووری کوردستاندا دەناسرێت، سێ هەزار و 150 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و تاوەکو هاوین بەفری لێدەمێنێتەوە.

بێکۆدیان دەکەوێتە سەر چیای حەساری سەکران لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە سنووری دەڤەری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر.



سەردانی ژمارەیەک گەنجی کورد و عەرەب بۆ مەزاری نەمران

ئەوانەی کە شەیدای ماتۆڕسیکلن، بەشێک لە گەشتە دوور و درێژەکانیشنیان بە ماتۆرسیکل ئەنجامدەدەن.

ژمارەیەک گەنجی کورد و عەرەب، بە ماتۆڕسیکل گەشتێکیان بۆ دەڤەری بارزان کردووە و لەو گەشتەیان سەردانی مەزاری نەمرانیان کردووە.

سەلاح یاسین شاخەوان و ماتۆڕسوارە و بەردەوام ڤیدیۆی گەشتەکانی بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ڤیدیۆی لەبارەی گەشتیان بۆ مەزاری نەمرانیش ناردووە و خۆی رێبەری گشتەکە بوو.

سەلاح یاسین دەڵێت، لە گەشتەکەیاندا رێنوێنییەکانی هاتووچۆیان لەبەرچاوگرتووە و جار جاریش سەرکێشیان کردووە، بەڵام بە خێرایی دیاریکراو ماتۆڕسیکلیان لێخوڕیوە و کڵاو و جلوبەرگی تایبەتیان پۆشیووە.




بەراز جووتیارانی گوندی چەم سەیدای دەڤەری بەرواری باڵای هەراسان کردووە

هەرچەند هەمووجار باس لەوە دەکرێت کە نابێت پەنا ببردرێتە بەر کوشتنی ئاژەڵە کێوییەکان، بەڵام هەندێ جار ئەو ئاژەڵانە زیانی زۆر بە کێڵگە کشتوکاڵی و باخەکان دەگەیێنن، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە جووتیاران پەنا نابەنە بەر کوشتنیان، بەڵکو لەرێگەی ئامێری تایبەت و ترساندنیان دووریان دەخەنەوە.

ئازاد چەمسەیدی گەنجێکی گوندی چەمسەیدی سنووری دەڤەری بەرواری باڵای پارێزگای دهۆکە، ڤیدیۆیەکی بۆ روداوی تۆ ناردووە کە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەشەو، ژمارەیەک بەراز  دێنە سەر رێگەی و هیچ ترسێکیان نییە.

چەمسەیدی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر بەراز لە دەرووبەری گوندەکەیاندا بڵاوبوونەوەتەوە و زیانی زۆریان بە کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە و وای لێهاتووە خەڵکی گوند بەشەو ناتوانن بچنە دەرەوە.

ئینجا ئەو گەنجە هەر بۆ شۆخی دەڵێت لە گوندەکەیان "ژمارەی بەرازەکان لە مرۆڤ زیاترن".

بەرازی کێوی لە دەشت و دەر و زەڵکاوەکاندا دەژی، مێیەی بەراز پێی دەوترێت ماڵۆزە یان مالۆس و نێرەکەی پێی دەگوترێت یەکانە، لە کوردستاندا ژمارەیەکی زۆری هەیە و ساڵانە زیانێکی زۆر بە بەرهەمی جووتیار و باخەوانان دەگەیێنن.

بەراز جگە لە خواردنی بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیاران، لە هەمانکاتتدا زیان بە باخ و کیڵگە کشتوکاڵییەکانیش دەگەیێنێت.


کەوەکانی کوێستانی بەردەبووک

تا نەچیتە نێو سرووشت و دەنگی کەو لە نێو سرووشت نەبیستیت، نازانی کە چێژێکی هەیە، ئینجا ئەگەر لە نزیکیشەوە بیانبینی ئەوە چێژەکە دوو هێندەیە.

هونەر مەحەممەدئەمین ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا چەند کەوێک نیشادەدات کە لە کوێستانی بەردەبووک لە دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆامن بینراو.

هەرچەند بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو باڵندەیە لە باشووری کوردستان راودەکرێت، لە هەندێ شوێن ژمارەیەکی زۆریان ماون، بەتایبەتیش لە دەڤەری بارزان کە راوکردنیان قەدەخەکراوە.

کەو باڵندەیەکی کێوییە، دریژییەکەی ٣٣ سانتیمەترە، پشتی بۆرە، دندووک و قاچی سوورە و خەتێکی رەش بەدەوری چاوەکانیەتی‌، لەخوار سک‌ و سنگییەوە چەند خەتێکی رەش بەدی دەکرێن. 
ئەو باڵندەیە زیاتر بە جووت یان بە دەستەی بچووک دەبیندرێت، زیاتر لە وەرزی زستاندا لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەبیندرێن، لە کاتی مەترسیدا کەمتر ھەڵدەفڕێت و یان خۆی حەشار دەدات یان بەرەو ھەوراز را دەکات.
لە کوردستان ئەو باڵندەیە راودەکرێت و لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بەشێک لە هاونیشتمانیان بەهۆی جوانی و خۆشی دەنگییەوە بەخێوی دەکەن، بەشێکی بۆ شەڕە کەو بەکاری دەهێنن، نرخیشی لە نێوان 15 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینارە.

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت