زمانی کوردی لەنێوان پێویستیی کورد و تێڕوانینی حکومەتی کاتیی سووریا دا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
مزگین حەسەن
A+ A-
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی 29-04-2026دا چەند پرسیارێکی سەبارەت بە زمانی کوردی ئاراستەی ئەحمەد هیلالی[1] کردبوون. ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کرابوون لەبارەی کەرتی پەروەردە، زمانی کوردی و خوێندن بە زمانی کوردی بوون.
 
ئەحمەد هیلالی، گوتەبێژی شاندی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی کەرتی پەروەردە لە پارێزگای حەسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و دوای تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵبوون، تەنیا پرۆگرامی نیشتمانیی خوێندنی سووریا دەخوێندرێت.
 
هیلالی ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی، دوو پێشنیاز هەن، ئەوانیش بریتین لە:
 
1. زمانی کوردی ببێتە زمانێکی ئارەزوومەندانە (بژاردە) و لە هەفتەیەک دا دوو کاژێر بخوێندرێت.
2. ئەو پرۆگرامە نیشتمانییەی سووریا کە ئامادە دەکرێت، بۆ قوتابیانی کورد وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.
 
هەروەها بەپێی لێکدانەوەی هیلالی: ئەو پێشنیازەی کە دەڵێت هەفتانە دوو کاژێر زمانی کوردی هەبێت، ئەرێنییە و هیچ لایەنێکی نەرێنیی تێدا نییە، بەڵام پێشنیازی دووەم کە وەرگێڕانی پڕۆگرامی نیشتمانییە، نەرێنییە؛ چونکە بە بڕوای ئەو لە داهاتوودا ئەو منداڵانەی بە کوردی دەخوێنن لە دۆزینەوەی کاردا تووشی گرفت دەبن و خوێندن بە زمانی کوردی سوودی بۆ داهاتووی پیشەییان نابێت.
 
هەروەها هیلالی دەڵێ کە ئەم دوو پێشنیازە نێردراون بۆ ئەمیندارێتی گشتیی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و دواتر وەڵامیان دەدەنەوە.
 
سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا لە مەرسوومی ژمارە 13دا، بەتایبەت لە ماددەکانی 1، 2 و 3دا، ئاماژەی بە فرەڕەنگی سووریا کردووە، کوردی وەک یەکێک لە گەلە رەسەنەکانی سووریا هەژمارکردووە و زمانی کوردیشی وەک زمانێکی نیشتمانی ناساندووە.
 
هەروەها بەپێی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، هەرێمە کوردییەکان خاوەن چەند تایبەتمەندییەکی ئۆتۆنۆم و خۆسەرن، بەڵام لێدوانەکەی هیلالی سەبارەت بە زمانی کوردی و تێڕوانینەکانی لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردی، زۆر نەگونجاون لەگەڵ ئەوەدا.
 
ماوەیەک لەمەوبەر، ئیلهام ئەحمەد[2] هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رێڤەبەری خۆسەریی دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان، لە هەڤپەیڤنێکی تەلەڤزیۆنی دا لە کەناڵی (العربية)دا لە بەرنامەی (للحديث صلة)دا ئاماژەی بەوەکردبوو کە هەمان پێشنیاز لەلایەن عەبدولحەلیم خەدامەوە[3]؛ کە بریتیبوو لە خوێندنی دوو کاژێر زمانی کوردی لە هەفتەیەک دا لە ناوچە کوردییەکان دا، پەسەندنەکرا و ئەم خاڵە بە تەنیا بووە یەکێک لە هۆکارەکانی رێکنەکەوتن لەگەڵ رژێمی بەعس دا.
 
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، چۆن دوای ئەوەی کورد بە پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داعشی تێکشکاند، رژێمی لە ناوچەکانی خۆی وەدەرنا، پرۆگرامی خوێندنی دەوڵەتی هەڵوەشاندەوە کە تەنیا یەک رەنگ و یەک زمانی پەسەند دەکرد و لەجیاتی ئەوە پرۆگرامێکی نوێی ئامادەکرد، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە هەمان خاڵی سەرەتا؟ ئەو پێشنیازە دووەمەی کە هیلالی خستیەڕوو، کە گوایە داهاتوویەکی پیشەیی مسۆگەر ناکات، دەکرێت بە شێوازێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دەوڵەت خۆی پشتیوانی بکات بۆ ئەوەی زمانی کوردی بەرەوپێش ببات و داهاتوویەکی پیشەیی بۆ ئەوانی بە کوردی دەخوێنن دابین بکات.
 
لە گوتارێکی پێشووماندا تیشکمان خستبووە سەر ئەوەی کە دەبێت زمانی کوردی لە سووریا ببێتە زمانێکی فەرمی و لە هەموو دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی، ناوەند و فەرمانگە گشتییەکاندا بەکاربهێنرێت و ببێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن. ئاشکرایە کورد لە سەرتاسەری سووریادا هەن، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی لە سێ پارێزگادا نیشتەجێن، ئەوانیش بریتین لە دیمەشق، حەلەب و حەسەکە.
 
ئەگەر سەدان هەزار منداڵی کورد بە زمانی خۆیان بخوێنن و پەروەردە بکرێن، دەرچووانی زانکۆ کوردییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی، ناوەند، دامەزراوە و نووسینگە گشتییەکاندا دابمەزرێن، ئایا هێشتا داهاتووی ئەو کوردانەی بە کوردی دەخوێنن لە مەترسیدا دەبێت؟ ناکرێت دوای ئەوەی گەلی سووریا ئەو هەموو زۆردارییەی لەلایەن حیزبی بەعس و داعشەوە لێکرا، جارێکی دیکە هەمان ئازار بچێژێتەوە و بکەوێتە نێو جەنگی بەرگریکردن لە هەبوونی خۆی.
 
گەلی کورد بەشێکی رەسەنی سووریایە و مافی خۆیەتی هاوشێوەی عەرەب بە زمانی خۆی فێرببێت و پەروەردە بکات. کاتێک رووسیا لە سووریا بوو، سەرەڕای ئەوەی رووس لە سووریا نەبوون و رووسیا دەستی لە کوشتنی هەزاران سووری دا هەبوو، کەچی لە هەفتەیەکدا دوو کاژێر وانەی زمانی رووسی لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا دەخوێندرا.
 
بەڵام کورد شەڕی داعش و رژێمی کرد، ئازاری نەژادپەرستی، زمانپەرستی و کولتوورپەرستیی کێشا، ئایا رەوایە جارێکی دیکە بۆ هەمان بابەت تێبکۆشێتەوە؟ کورد نە داگیرکەرن و نە میوانن لە سووریا، کورد گەلی رەسەنی سووریان.
 
زۆر وڵاتی فرەزمان و فرەنەتەوە هەن کە پێکەوە گەیشتوونەتە رێگەچارەیەک بەبێ ئەوەی یەکتر بسڕنەوە یان بازاڕی کار و داهاتووی پیشەیی وەک گوشار دژی یەکتر بەکاربێنن، هەندێک نموونە:
 
1. سینگاپوور نەبووە مەڵبەندێکی ئابووریی جیهانی بە سەپاندنی تەنیا یەک زمان، بەڵکو بەهۆی فەرمیکردنی چوار زمان گەیشتە ئەو ئاستە، ئەوانیش: ئینگلیزی، مەلایی، چینیی مانداریین و تامیلی؛ سەرەڕای سەپاندنی دوو زمان وەک زمانی خوێندن. دەوڵەت خۆی پشتیوانی میدیا، بەڕێوەبردن و کاروباری ئیداری بە هەر چوار زمانەکە دەکات.
 
2. یاسای زمانەکان لە کەنەدا، لە 40%ی کەرتەکانی خزمەتگوزاری دا هەموو کارمەندێک ناچارە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی خزمەتگوزارییەکانی پێشکێش بکات. لە زۆربەی دامەزراوەکانی دەوڵەت دا، هەموو فەرمانبەرێک پێویستە هەردوو زمانەکە بزانێت.
 
3. فینلەندا دان بە زمانی سویدی دادەنێت، سەرەڕای ئەوەی سویدییەکان لە فینلەندا تەنیا 5%ی دانیشتووان پێکدەهێنن. دەوڵەت سیستەمی خوێندن لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ دەگرێتە ئەستۆ و بودجەی بۆ دابین دەکات.
 
کرمانجی وەک شێوەزارێکی سەرەکی زمانی کوردی ، زمانێکی ئەوتۆ نییە کە بەکارنەهێنرابێت، ماوەی 14 ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەکاردێت، بووەتە زمانی خوێندن، تاوەکو ئاستێکی بەرچاو چووەتە نێو بازاڕی کار و خەڵک کاری پێدەکەن. هەروەها کرمانجی لە تورکیا لە زانکۆکانی وەک ئارتوکلو، دیجلە و وان وەک یەکێک لە زمانە زیندووەکان ئەژمار دەکرێت و بە سەدان تێزی ماستەر و دکتۆرا لەو زانکۆیانە بەم زمانە کراون.
 
لە فەڕەنسا لە زانکۆی ئیناڵکۆ (INALCO) زمانی کوردی دەخوێندرا و دەخوێندرێت. لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان بە زمانی کوردی ئامادەکرابوو و وانەی پێ دەگوترایەوە، لە باشووری کوردستانیش کوردی (شێوەزاری کرمانجیی خواروو - سۆرانی و بادینی) زمانی پەروەردە و فێرکردنە.
 
لە ئەمریکاش لە ساڵی 1992ەوە دەوڵەت لە رێگەی دامەزراوەی (دەنگی ئەمریکا)وە پشتیوانی زمانی کوردی کردووە و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان کردووە. ئەگەر دەوڵەتە بەهێز و بیانییەکان بتوانن لە رێگەی سیستەمێکەوە زمانی کوردی بپارێزن و بەرەوپێشی ببەن، بۆچی حکومەتی کاتیی سووریا ناتوانێت مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ گەلی رەسەنی سووریا بکاتە فەرمی و بیخاتە نێو دەستوورەوە؟
 
کاتێک ئەحمەد شەرع خۆی وەک سەرۆکی کاتی ناساند و ئەسعەد شەیبانی وەک وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا ناسێندرا، شەیبانی گوتی کە ئەوان هیوادارن سووریا بکەنە وڵاتێکی وەک سینگاپوور. بەکارهێنانی مۆدێلی سینگاپوور وەک بانگەشەیەکی سیاسی بەس نییە، بەڵکو دەبێت ئەم تێڕوانینە بە کردەوە بە قبووڵکردنی فرەزمانی نیشانبدرێت.
 
ئەگەر حکومەتی کاتیی سووریا لە دڵەوە دەیەوێت دەوڵەتێکی هاوچەرخ دروست بکات، دەبێ ئەوە بزانێت کە یەکێتیی نیشتمانی و پێشکەوتنی راستەقینە، نەک بە تواندنەوە، بەڵکو بە تێکەڵبوونی دیموکراسییانەی کورد و لە پلەی یەکەمیشدا بە ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی بەدیدێت.
 
بە ملیۆنان کورد بەم زمانە دەدوێن و بە سەدان هەزار کەس پێی دەنووسن و ئامرازی ئەوانە بۆ وەرگرتنی زانست. دەبێت زمانی کوردی بە رەگ و ریشە رەسەنەکەی، بە دەوڵەمەندییە کولتوورییەکەی و بە بەکارهێنانی بەرفراوان لە بوارەکانی ئەکادیمی، دیپلۆماسی، سیاسی، حکومی و کارگێڕیی دا، ببێتە زمانێکی فەرمی و وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکی لە بنیاتنانی سووریای نوێ دا تەماشا بکرێت.
 
سنووردارکردنی زمانی کوردی نەک تەنیا داهاتووی هەزاران کورد دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی لاوازکردنی بنچینەی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سووریا. سووریای نوێ بە ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمیی وڵات دروست دەبێت .
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە