کاتێک سەیری نەخشەی سیاسیی عێراق دەکەین، دەبینین سەرەڕای هەموو ئاڵۆزی و کێشە قووڵەکان، لایەنەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی توانییان بەسەر بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەکاندا زاڵ بن، ئەوان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی یاسایی و مێژوویی، توانییان بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکەن دوور بێت لە پاشخانی ململانێ سیاسییەکان، ئەمەش تەنیا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات و رێگریکردن لە هەرەسی پرۆسەی سیاسی.
بەڵام کاتێک روو دەکەینە ماڵی خۆمان لە هەرێمی کوردستان، دیمەنێکی پڕ لە داهاتوویەکی ناڕوون دەبینین، لێرە کێشەکانی ئێمە بەراورد بە بەغدا زۆر بچووکترن، خاوەنی مێژوویەکی هاوبەشی پڕ لە خەبات و قوربانیدانین لە پێناو ئازادی، کەچی بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و 6 مانگ هێشتا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێنرێت، ئەم چەقبەستووییە نەک هەر بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە، بەڵکو پرسیارێکی جەوهەری لە لای هەموومان دروست دەکات: ئایا بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان شایەنی ئەوە نییە کە لایەنە سیاسییەکان کەمێک سازش بۆ یەکدی بکەن؟
دەبێت ئەو راستییە بزانین سازشکردن لەپێناو نیشتمان، پاشەکشە و شکست نییە، بەڵکو لووتکەی سەرکەوتن و نیشتیمانپەروەرییە، ئەوەی ئێستا پێویستە وەلانانی بەرژەوەندییە کەسییەکان و کۆتاییهێنانە بە سیاسەتی خۆسەپاندن و تاکڕەوی لە بڕیاردا، مێژووی ئێمە وەکو کورد کاتێک لاپەڕەکانی میرنشینە کوردییەکان هەڵدەدەینەوە و بەراوردی دەکەین بە دۆخی ئێستا، دەبینین هەمان ئەو دەردە کۆنەی ناتەبایی بەرۆکی گرتووینەتەوە، ئەمەش گەلەکەمان تووشی داهاتوویەکی ناڕوون دەکات.
غیابی بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیی گشتی و داهاتووی نیشتمان، گەورەترین مەترسییە رووبەڕوومان دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووریی شەرعی، هەمیشە چەقی ئومێدی پارچەکانی تری نیشتمان بووە، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە نێو تەمومژى کێشە و ناتەباییە ناوخۆییەکاندا گیری خواردووە، مێژوو پێمان دەڵێت: هەر گەلێک پەند لە رابردوو وەرنەگرێت، ناتوانێت رێگەی داهاتوویەکی گەش رووناک بکاتەوە، بۆیە بێ گەڕانەوە بۆ شاڕێگە دروستەکە کە تەبایی و یەکڕیزییە، مەترسییەکان لە دەستکەوتەکان گەورەتر دەبن.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە کاتکوشتن بهێنرێت و رێگە نەدرێت قەوارەی هەرێمەکەمان رووبەڕووی مەترسیی پاشەکشە ببێتەوە، پێویستە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەڵ و داهاتووی نەوەکانمان بخەینە سەرووی هەموو خواستێکی دیکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ