باوکم لە ساڵانی سییەکانی سەتەی رابردوودا چاوی بە دنیا هەڵێنا، ئەویش لە جێیەک کە لای من وەک ئەوپەڕی دنیا بوو، بەڵام ئەوێش لەژێر کاریگەریی ئەو هێزانەدا بوو کە سەتەی بیستیان داتاشی. ژیانی باوکم لە هێمنایەتی دا دەستی پێنەکرد، بەڵکو دوای گێژاوێک بوو. رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی تەنیا سنوورەکانی نەگۆڕی، بەڵکو ژیانی خەڵکی تێکشکاند و کۆمەڵگەکانی دابەش کرد. باپیریشم دوای وێرانبوونی هۆزەکەی هەڵات و ماوەیەکی کەم دواتریش گیانی سپارد؛ دەرد و پەژارە تەواو لە پەلوپۆی خستبوو. ئەوکاتە باوکم تەمەنی دوو ساڵ بوو. ئەوەی مایەوە ژیانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو لێکهەڵوەشانێکی بێدەنگ بوو کە تێیدا خێزانەکان یەکدییان لێ ونبوو، وەک بڵێی زمان خۆیشی لە کار کەوتبێت.
چیرۆکی باوکم لە مێژووی دەوروبەری جیا ناکرێتەوە. چیرۆکی باوکم یادەوەریی گەلێکی هەڵگرتووە کە بەردەوام لە شوێنی خۆی دەرکرا، تاوەکو وای لێهات پەراوێزخستن بووە مەرجی مانەوەی. مانەوە لە ژیان دا پێویستی بە دانبەخۆداگرتن، بێدەنگی و خۆڕاگری بوو، ئەوەش بەبێ ئەوەی کەس پێزانینی بۆی هەبێت، بەڵام لە پاڵ ئەم خۆڕاگرییەدا، شتێکی بنەڕەتی هەر مایەوە، ئەویش هەستی شکۆمەندی بوو کە نەدەکرا بە ئاسانی لێیان بسەنرێت. لەم چوارچێوەیەدا نیشتمان جێگەیەکی ئارام نەبوو، بەڵکو بووە بەڵێنێکی نادیار کە هەمیشە زەبوون و لە مەترسیدا بوو.
باوکم لە جیهانێکدا گەورەبوو کە تووندوتیژی تێیدا نائاسایی نەبوو، بەڵکو هەمیشە لە ئارادا بوو. گوندەکەی باوکم بەوجۆرە دەردەکەوت کە لەژێر گوشارێکی بەردەوام و بێدەنگدایە. لەوێ کەس باسی ترسی نەدەکرد. ترس هەمیشە لەوێبوو و تێکەڵی ژیانی رۆژانە ببوو. زارۆکایەتی هیچ پارێزگارییەکی بۆ مرۆڤ نەدەهێنا، بەڵکو دەستپێکێکی زوو بوو بۆ نێو پێویستیی ژیان. باوکم لە تەمەنی 10 ساڵیدا دەستی بە کارکردن کرد، نەوەک لەبەرئەوەی ئەرکی ئەوەبوو، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەبوو کە هیچ جێگرەوەیەکی دیکەی نەبوو. دایکێکی نەخۆش و باوەپیارەیەکی (زڕباوکێکی) کوێر و برایەکی بچووک چاوەڕوانیان دەکرد. ئەمانە دۆخێک نەبوون مرۆڤ بیریان لێ بکاتەوە، بەڵکو راستییەک بوون و دەبوو هەڵیانبگرێت. بەرپرسیارێتی خەیاڵێکی پەرت نەبوو، بەڵکو بارێکی قورسی سەر شان بوو.
گێلهۆکی گوندمان لە دوورەوە زۆر دڵگیر و بێگەرد دیاربوو. خانووە رەنگ خاکییەکانی لەسەر گردێکی سەوز هەڵکەوتبوون، بە کێڵگەی نیسک و گەنم دەورە درابوون، گوڵە کێویلە و جۆگەی تێدا بوو. وەک منداڵێک ئەم دیمەنەم بە شتێکی ئێجگار جوان دەبینی، بەڵام بۆ گەورەکان شوێنی مانەوەی ناچاری بوو، نەوەک مانەوە لەبەر خۆشویستنی. لێرە ئازادیی جووڵە و زیندان شانبەشانی یەک بوون، تێکەڵی یەکدی بوون، بەوجۆرەش ژیانێکیان دروستکردبوو کە فراوان و بەربەستداریش بوو.
ژیانی رۆژانە لە گوندەکەدا هەر کار و دووبارەبوونەوە بوو. لەم گوندەدا نە کارەبا هەبوو، نە رێگەی قیرتاوکراو. لەم گوندەدا هیچ شتێک رۆژەکانی لە یەکدی جیا نەدەکردەوە، جگە لە ئاستی ماندووبوون. ئێواران بێدەنگییان دەهێنا نەک حەسانەوە؛ قسەکردن زۆر کەم بوو و زۆرجار ماندوێتیی قسەکانی پێ دەبڕیین. لەو دۆخەیشدا هەمیشە هەست بە مەترسی دەکرا. ئەوان وەک ئێزدی بەوجۆرە دەژیان کە باش دەیانزانی دەشێت تەنیا جیاوازییەکەیان بیانخاتە مەترسییەوە.
باوکم رێگەیەکی بۆ راگرتنی کاروباری ژیان دۆزییەوە. رێکخستنی شتەکان بەلای باوکمەوە تەنیا ئارەزوو نەبوو، بەڵکو پێویستی بوو. پابەندبوونی باوکم بەوجۆرە رێکخستنەوە لەو ترسەوە سەرچاوەی دەگرت کە ئەگەر بەوجۆرە کارنەکات، دەکرێ هەموو شتێک داڕمێ. باوکم بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرت، بەبێ ئەوەی زمانی دەربڕینی ناخی خۆی هەبێ. ئەو هێزەی باوکم پیشانیدەدا هیچ نەرمونیانییەکی پێوە دیار نەبوو، رەنگە لەبەر ئەوە بووبێت کە هەرگیز نەرمونیانیی نەدیبوو. پەیوەندیی باوکم بە دایکی و باوەڕەکەیەوە متمانەیان پێبەخشیبوو، کەچی هەمیشە پەژارەیەکی بەردەوام لە ناخیدا بوو، ئەوەش شتێک بوو زمان نەیدەتوانی بیدرکێنێت. رابردوو دەستی لێ هەڵنەدەگرت، بەڵکو لە ناخیدا زیندوو بوو، بەشێوەیەکی بێدەنگ کاریگەری لەسەر بوون و هەڵسوکەوتی هەبوو.
دایکم، بە پێچەوانەوە، لەنێو هەمان ژینگەدا بە جۆرێکی دیکە بە هۆشیارییەوە هەنگاوی دەنا. دایکم توانای خوێندنەوە و نووسینی هەبوو و ئەوەش لە خەڵکی جیادەکردەوە. خەڵک دەهاتنە لای دایکم، هەر کاتێک پێویستیان بە رێنیشاندەر یان روونکردنەوەی هەندێ بابەت بووایە. دایکیشم لەنێو هەمان سنوورداریدا دەژیا، بەڵام ئەو سنووردارییە نەیدەتوانی کەسایەتییەکەی پێناسە بکات. سەربەخۆییەکی بێدەنگ لە کارەکانی دایکم دا هەبوو؛ هیچ کات نەیدەویست بەتەواوی مل بۆ دۆخەکە کەچ بکات.
پەیوەندیی دایک و باوکی من وەک چیرۆکی ئەوینداریی باو نەبوو. ئەو پەیوەندییە بە شێنەیی سەری هەڵدا، لەسەر بنەمای ئەرکی هاوبەش دروست بوو. هەردووکیان باش دەیانزانی کە بۆ مانەوە دەبێت یارمەتیدەری یەکدی بن. ئەوەی لە نێوانیاندا پێکهات، زۆر ئاشکرا و دەربڕاو نەبوو، بەڵام جێگیر و جێی متمانە بوو. ئەو پەیوەندییە پتر لەسەر خۆڕاگریی هەردوولا دامەزرا، نەک لەسەر سۆز و ئەوین.
بەڵام رابردوو هەمیشە لە هەموو سووچێک دەبینرا. بەسەرهاتی خێزانەکەمان بەردەوام دەهاتەوە گۆڕێ، نەوەک وەک مێژوویەکی دوور، بەڵکو وەک دەردێکی بێدەرمان. ناوی ئیبراهیم پاشای مللی سەنگێکی تایبەتی هەبوو. هۆزی باوکم و باپیریشم چوونە پاڵ ئەو و دژی ئیمپراتۆریی عوسمانی راپەڕین، چونکە دەیانویست دۆخی خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەو ساتی بەرەنگاربوونەوەیە رزگاریی نەهێنا، بەڵکو بووە هۆی لەدەستدان.
زەویوزار زەوت کرا، خێزانەکان لێک جودا بوونەوە، تەمەنی خەڵک کورت کرایەوە. ئەوەی بە دوایدا هات کۆتایی نەبوو، بەڵکو ونبوونێکی بەردەوام بوو کە نەوە دوای نەوە درێژەی کێشا. ئەم مێژووە لە ئاماژەکان، لە بێدەنگی و لە بۆشایی نێوان وشەکاندا مایەوە. باوکم ئەمەی وەک بەشێکی گیانی خۆی هەڵگرتبوو.
تووندوتیژیی رابردوو بە شێوەی شاراوە مایەوە. ئەو تووندوتیژییە لە بەشێک لە بڕیارەکاندا دەردەکەوت، لە دوودڵیدا خۆی دەنواند. تووندوتیژی لەو هۆشیارییەدا دەردەکەوت کە دەیزانی سەلامەتی هیچ کاتێک مسۆگەر نییە. هەر کاتێک باسی ئەم یادەوەریانە دەکرا، کەشەکە دەگۆڕدرا، وەک بڵێی قورسایی ئەوەی روویدابوو هێشتا هەستی پێدەکرا. باوکم باسی چەوسانەوەی دەکرد، باسی لاوازیی پێکەوەژیانی دەکرد، باسی ئاڵۆزیی ئینتیمای دەکرد. باوکم زۆر جار پێداگریی دەکرد کە خەڵک پێکەوە گرێدراون و لە یەکەوە نزیکن، سەرەڕای دابەشبوونیان، کەچی زۆر دڵگران بوو بە ململانێی نێو کۆمەڵگەی فەرهەنگی و زمانیی خۆی.
لەگەڵ ئەم یادەوەریانەدا، بەسەرهاتی جیاوازتریش هەبوون. ئێواران لە پاڵ ئاگرەکەدا چیرۆکی رووناکی، فریشتە و ئاوازی پیرۆز دەگێڕدرایەوە کە تێڕوانینێکی دیکەیان دەبەخشی. خۆر پتر لە تەنێکی ئاسایی سەیر دەکرا. زەویش وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەهاتە بەرچاو، وەک شتێک کە دەحەسێتەوە و تازە دەبێتەوە. ئەم چیرۆکانە ترسیان نەدەسڕییەوە، بەڵکو رێگەیەکی دیکەیان بۆ پەیوەندی لەگەڵ دنیادا نیشاندەدا؛ رێگەیەک کە ئاماژەی بە بەردەوامی دەدا لەودیو ئازار و ژانەکانەوە.
بڕیاری دایکم بۆ کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا خاڵی وەرچەرخان بوو. دایکم بە تەنیا رۆیشت و چووە نێو جیهانێک کە لە هەموو روویەکەوە نامۆ بوو. ئەوەی کە پەیوەندی بە هەڵوێستی باوکمەوە هەیە، رازیبوون بەم هەنگاوە پێویستی بە ئازایەتییەک بوو؛ ئازایەتییەک کە بە ئاسانی دەرنەدەبڕدرا. رازیبوونی باوکم باجێکی بەدوادا هات، ئەویش بریتی بوو لەو سزا جەستەییەی کە بە دوایدا هات کە گوزارشت بوو لە گرژیی نێوان بڕیاری تاکەکەسی و چاوەڕوانیی کۆمەڵگە.
کاتێک دواجار باوکم شوێنی دایکم کەوت، ئێمە بەجێماین. منداڵ بووین و لە دایک و بابمان و هەر هەستێکی روونی بەردەوامی دابڕاین. یادەوەریی خۆم لەم خاڵەوە دەست بە گۆڕان دەکات، ئیدی کەمتر رێکوپێک و پتر خێرا دەبێت. ساتی دەرچوونی دایک و باوکم لە گوندەکە وەک زنجیرەیەک رووداو لەبیر نەماوە، بەڵکو هەر وەک وێنەیەک لەبیرمە؛ وێنەی جەستەیان کاتێک دووردەکەوتەوە و هێدی هێدی دیار نەدەما. لە بیرمە رام دەکرد، هاوارم دەکرد و هەوڵم دەدا دەست بە شتێکەوە بگرم کە نەدەگیرا. دایک و باوکم ئاوڕیان نەدایەوە و دیارنەمانیان بووەهۆی دابڕانێک؛ دابڕانێک کە تێگەیشتنی لەوکاتەدا زۆر ئەستەم بوو.
تەنیا دواتر توانیم ئەو ساتە بە جۆرێکی دیکە لێک بدەمەوە. رۆیشتنی ئەوان جێهێشتن و وێڵکردن نەبوو، بەڵکو خەباتێک بوو بۆ ئافراندنی دواڕۆژ. ویست لەو کارە بریتیبوو لە گەڕانەوە، بونیاتنانەوە و پێدانەوەی ژیان بە ئێمە. ئەو کارە بۆ ئەوان هێمای هیوا بوو، بەڵام بۆ من هەر بە لەدەستدان مایەوە.
لە ئەڵمانیا ژیانی ئەوان هەر کار و کۆشش بوو. دایک و باوکم لە دۆخێکی سەختدا شتێکی نوێیان دروستکرد. ئەمە پێویستی بە هەوڵی بەردەوام بوو. باوکم بەردەوام بوو لەوەی بەرپرسیارێتیی لەئەستۆ بگرێ، بەڵام رێگەیەکی دیکەیشی بۆ ئێمە کردەوە. باوکم زۆر پێداگری لەسەر خوێندن دەکرد، نەک وەک بەهایەکی بێ گیان، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی شکۆ و بۆ دروستکردنی ئۆتۆنۆمی. هاندانی باوکم بۆ خوێندنەوە و فێربوون و بیرکردنەوە، وەرچەرخانێک بوو. ئەمە لەودیو ئەزموونی خۆیەوە بوو.
شانازیی باوکم بە بێدەنگی دەردەبڕدرا. ئەوە لە قسەکانیدا لە بارەی ئێمەوە دەردەکەوت، وەک بڵێی پێگەیشتنی ئێمە بەڵگەیەک بێت؛ بەڵگەی ئەوەی رابردوو بڕیار لەسەر هەموو شتێک نادات. لە هەڵوێستی باوکم دا هەست بە شتێک دەکرا، وەک ئەوەی دەکرێ گۆڕانکاری رووبدات، تەنانەت ئەگەر پێویستی بە خۆڕاگرییش بێت.
ئێستا، خۆم وەک باوکێک، دەبینم ئەم رەوتە چۆن بەردەوامە. منداڵەکانی من تەنیا وەک باپیرێک سەیری باوکم ناکەن، بەڵکو وەک وێنەی رەسەنایەتی، وەک سەرچاوەیەکی سەقامگیری کە لە ناخیاندا هەڵیدەگرن. لێرەدا نیشتمان کەمتر لەبارەی جوگرافیایە و زیاتر لەبارەی هەبوونە. نیشتمان لەبارەی ئەو شتەیە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە.
مێژووی بەرفراوانتری پشت ژیانی باوکم ئەزموونێک نیشاندەدات کە تەنیا پەیوەندی بە یەک کۆمەڵگەوە نییە. لەدەستدان، ئاوارەبوون و بێدەنگی دیاردەی لێکدابڕاو نین. ئازاری دەروونی تەنیا لە یادەوەریدا نامێنێتەوە، بەڵکو لەو شتانەدا بەردەوام دەبێت کە ناگوترێن، لەو ئاکارانەدا دەمێنێتەوە کە بەبێ دانپێدانانی ئاشکرا بەردەوامن.
لە کاری پیشەیی خۆمدا زۆر چیرۆکی لەوجۆرەم بینیون. توخمەکانی باوکم جار دوای جار لەواندا دەبینمەوە: جۆرێک لە خۆڕاگری کە زمان ناتوانێت دەریبڕێ، توانای بەردەوامبوون سەرەڕای داڕمان و پارچەپارچەبوون، هەروەها تووندوتۆڵییەکی بێدەنگ کە چاوەڕوانی سەرنجی کەس نییە.
ئەو وێنەیەی لەلای من ماوەتەوە، دەربڕینێکی شانۆیی نییە، بەڵکو ئامادەییەکی هێمن و بەردەوامە. تایبەتمەندییەک لە باوکمدا هەبوو کە دەتوانرێت وەک رووناکییەکی ناخ وەسف بکرێت. ئەوە شتێک نەبوو داوای ناساندن بکات، بەڵکو شتێک بوو بەرگەگر و خۆڕاگر بوو.
ئەم ئامادەییە ژیانی ئەوی داڕشت و ئێستاش بەردەوامە لە داڕشتنی ئەوەی بە دوایدا دێت.
کاتێک باوکم گیانی سپارد، مەرگەکەی زۆر بێدەنگ و هەستپێنەکراو بوو. وەک بڵێی ئەو گرژییەی بەشی زۆری ژیانی باوکمی پێناسەکرد، بە شێنەیی خاو بووبێتەوە. ئەوەی مایەوە هەستی ژیان بوو؛ ژیانێک پڕ لە سەختی، بەڵام بەردەوام. ئەوەی مایەوە جۆرێک لە پابەندی بوو کە پشتی بە پێزانینی خەڵک نەدەبەست.
باوکم کەسێک نەبوو قسەی گەورە و بریقەدار بکات، بەڵام شێوازی مانەوەی و پاشەکشەنەکردنی، سەرەڕای هەموو شتێک، دەتوانرێ وەک جۆرێک لە خۆشەویستی لێک بدرێتەوە؛ خۆشەویستییەک کە پێویستی بە جاڕدان نییە.
ئەوەی باوکم بەجێی هێشت تەنیا یادەوەری نییە، بەڵکو لە ئاکار و هەڵسوکەوتی ئێمەدا دەژی؛ لە تێگەیشتنی خۆماندا هەیە؛ لەوەی کە چۆن لە یەکدی دەگەین. ئەوەی باوکم جێی هێشت لە پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵک دا دیارە، لەنێو منداڵەکانماندایە، لە بڕیارەکانمان و لە خۆڕاگریی بێدەنگی هەندێک بەهادا دەردەکەوێت.
ژیان لەگەڵ ئەم میراتە بەوجۆرە نییە کە دووبارە بکرێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بەرەو پێشەوە بە شێوەیەکی گۆڕدراو هەڵبگیرێ. ئەمە پێویستی بە داننانە بە درز و کەلێنەکانی، لە هەمان کاتیشدا پێویستی بە ناسینی هێزەکەیەتی.
ئەگەر لەودیو ئەم ژیانەوە جێگەیەک هەبێت، دەشێت وێنای ئەوە بکرێت باوکم لەوێیە و چیدیکە لەوێ ئەو بارە قورسەی لەسەر شان نەماوە، بەڵکو لە دۆخی حەسانەوەدایە. رەنگە باوکم پەیوەست بێت بە هەمان ئەو هێزە بێدەنگەی وا بە درێژایی تەمەنی لەگەڵی بوو.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: جووتیار قارەمان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ