لەگەڵ ئاڵۆزبوونی کێشەی نێوان ماڵی شیعە و کۆتاییهاتنی وادەی دەستووریی بۆ دیاریكردنی بەربژێرێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، عێراق جارێکی دیکە دەچێتە نێو توونێلێکی تاریک، لەڕووی یاساییەوە بە "بۆشایی دەستووری" ناودەبرێت، لەمڕۆوە چاوەکان لەسەر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقن چۆن تەفسیری مادەی 76ی دەستوور دەكات.
قەیرانی ئەمڕۆی عێراق قەیرانی نەبوونی دەق نییە، بەڵکو قەیرانی تەفسیر و ئیرادەی سیاسییە، دادگای فیدراڵی لە نێوان دوو بەرداشدایە، كە ئەوانیش پاراستنی شکۆی پیتی دەقە دەستوورییەکانە، یان پاراستنی سەقامگیریی وڵات لە رێگەی "نەرمکردنەوەی" کات و وادەکان.
ئایا دادگای فیدراڵی وەک هەمیشە نەرمی دەنوێنێت بۆ پاراستنی سیستمەکە لە هەرەسهێنان؟
ماددەی 76ی دەستوور، کە بڕبڕەی پشتی پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، لە ئێستادا ئەو ماددە رووبەڕووی پەککەوتن بووەتەوە، دوای كۆتاییهاتنی 15 رۆژەكە، چاوەڕوان دەكرێت لەنزیكترین كاتدا دادگای فیدراڵی، لە تەفسیرکردنی ئەم ماددەیەدا پەنا دەباتە بەر دوو چەمکی جیاواز:
کوتلەی گەورە و بۆشایی ئەنقەست: دادگا دەزانێت کە چەمکی "کوتلەی گەورە" لە بڕگەی یەکەمدا بووەتە هۆی چەقبەستوویی، بۆیە پێشبینی دەکرێت پەنا بباتە بەر تیۆری "القظاء الإنشائی" (دادوەریی بنیادنەر)، واتە دەرکردنی بڕیارێک کە رێگە بدات بەتێپەڕاندنی کوتلەی گەورە ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام، بە مەبەستی رێگریکردن لە پەکخستنی گشتی (الشلل التام).
دووەم: لە رووی یاساییەوە، دادگا دەتوانێت وادەی دیاریکراو لە بڕگەی دووەمی ماددەی 76 وەک "مواعید تنظيمية" (وادەی ڕێکخستن) بناسێنێت، ئەمە مانا یاساییەکەی ئەوەیە کە تێپەڕینی 15 رۆژەکە نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەرعییەتی پڕۆسەکە، بەڵکو تەنیا وەک گوشارێک دەمێنێتەوە بۆ خێراکردنی رێکارەکان.
دادگا تا کەی دەتوانێت وادەکە درێژ بکاتەوە؟
دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی نییە دەقی دەستوور بگۆڕێت و بڵێت لەبری 15 رۆژ، با ببێتە 30 رۆژ، بەڵام دادگا دەتوانێت چەمکێک بەکاربهێنێت کە پێی دەوترێت "وادەی ڕێکخستن" (مواعید تنظیمیە) نەک "وادەی بڕینەوە" (مواعید حتمیە) وادەكە تاوەکو ئەو كاتە دەبێت لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر بەربژێرێک رێكدەكەون و لەپەرلەمانەوە رادەسپێردرێت.
درێژکردنەوەی ناڕاستەوخۆ: دادگا زۆرجار بڕیار دەدات لە"بەرژەوەندیی گشتی و بەردەوامیی دامەزراوەکانی دەوڵەت" لەسەرووی وادە دەستوورییەکانە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پرۆسەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی لایەنەکان رێکدەکەون، بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو (بۆ نموونە 10 یان 20 رۆژ) دیاری بکات.
بنبەست: ئەگەر دادگا تووند بێت، دەکرێت بڵێت وادەکە کۆتایی هاتووە و دەبێت پەنا بۆ ماددەی 81ی دەستوور ببرێت (کە سەرۆک کۆمار ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ)، بەڵام ئەمە لە مێژووی سیاسیی عێراق دا کەمتر روویداوە، چونکە دادگا هەمیشە هەوڵ دەدات "دەرچەیەک" بۆ هێزە سیاسییەکان بهێڵێتەوە.
بۆشایی دەستووری یان ئیفلیجیی سیاسی؟
کاتێک وادەكان تەواو دەبن و کاندید رانەسپێردراوە، وڵات دەکەوێتە دۆخی "ئیفلیجیی کارگێڕی"، لێرەدا دادگا بۆ پاراستنی دەوڵەت، پەنا دەباتە بەر بنەمای جیهانیی "دیمومە یان بەردەوامیی دامەزراوە گشتییەکان، ئەم بنەمایە رێگە دەدات بە حکومەتی ئێستا وەک حکومەتی کاربەڕێکەر"، (تصريف الأعمال)بەردەوام بێت.
دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر چییە؟
لەمڕۆوە وڵات دەچێتە ناو قەیرانێکی ئابووریی قووڵ، چونکە بەپێی یاسای کارگێڕیی مالی، حکومەتی کاربەڕێکەر مافی نییە "بودجەی ساڵانە" بنێرێتە پەرلەمان، ئەم حکومەتەش تەنیا دەسەڵاتی رۆژانەی هەیە و پارادۆکسە گەورەکە لێرەدا دەستپێدەکات، حکومەتێک کە نەتوانێت بودجە بنێرێتە پەرلەمان یان گرێبەستی ستراتیژی واژۆ بکات، لە راستی دا تەنیا دەتوانێت مووچە دابەشبکات.
هەروەها قەدەخەکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکان: بۆی نییە گرێبەستی گەورە و ستراتیژی واژۆ بکات، بۆی نییە یاسای گرنگ (وەک بودجە) بنێرێت بۆ پەرلەمان، بۆی نییە گۆڕانکاریی گەورە لە پۆستە باڵاکاندا بکات.
ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لە لایەن دادگاوە دەردەچێت، تەنیا بڕیارێکی یاسایی نابێت، بەڵکو دیاریکردنی چارەنووسی دەستوور دەبێت لە بەرانبەر هەژموونی سیاسی؛ ئایا دەستوور دەتوانێت هێزەکان کۆنتڕۆڵ بکات، یان هێزەکان دەستوور بەو ئاراستەیە دەبەن کە خۆیان دەیانەوێت؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ