چین بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام لێیشی ناترسێت

06-05-2025
لیو جیون
A+ A-
 
لەم دواییانەدا سیاسەتی "باجی بەرامبەر"ی ئەمریکا گێژاوی جیهانی لێکەوتووەته‌وه‌، زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکان نیگەرانی خۆیان لەوە دەربڕی، کە خراپ بەکارهێنانی باج لەلایەن ئەمریکاوە دەتوانێت بە تووندی نەزمی بازرگانی فرەلایەنەی نێودەوڵەتی تێکبدات و کاریگەری نەرێنی بەسەر ئابووری جیهانیدا بهێنێت. هاوکات بازاڕەکانی پشک و بۆند و دراوی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزین و ناڕەزایەتی بەرفراوان لە چەندین شوێن سەریهەڵدا. خەڵک ناتوانن خۆیان راگرن لەوەی پرسیار بکەن: ئایا "باجی بەرامبەر" بەڕاستی پەیوەندی بە "ئەمریکا لە یه‌كه‌مدا"وه‌ هەیە، یاخود زیان بە کەسانی دیکە دەگەیەنێت، بەبێ ئەوەی سوودی بۆ خۆی هەبێت؟ حەز دەکەم لەم پێنج خاڵەی خوارەوەدا بۆچوونەکانم سەبارەت بەم بابەتە له‌گه‌ڵتان باس بکەم. 
 
بەڕاستی ئەمریکا پێش باجی بەرامبەر، بە نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە؟
 
لە سەردەمی جیهانگیریدا، واتای بازرگانیی نێودەوڵەتی لە مێژە لە کاڵاکان زیاتر بووە و کورتهێنانی بازرگانی لە کاڵادا تاکە پێوەر نییە بۆ هاوسەنگی بازرگانی. بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی بازرگانی جیهانی نگۆزی ئۆکۆنجۆ-ئیوێلا بابەتێکی بەناوی "ئەمریکا براوەی بازرگانییە" بڵاوکردەوە، كه‌ تێیدا ئاماژەی بەوەدا هەناردەکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2023دا یەک تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە (کە نزیکەی یەک لەسەر حەوتی کۆی گشتی هاوردە و هەناردەکردن پێکدەهێنێت)، کە دەکاتە 13%ی بازرگانی خزمەتگوزارییە جیهانییەکان، لەگەڵ زیادە بۆ زۆربەی ئابوورییە گەورەکان، کە کۆی گشتی 300 ملیار دۆلار بوو لەساڵی 2024. ئەمریکا لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری بەهای زیادکراودا نزیکە لە قۆرخکاری، ساڵانە نزیکەی 150 ملیار دۆلار لە داهاتی خاوەندارێتی فیکری و هەناردەکردنی خزمەتگوزارییە دارایی و یاسایی و تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییە پیشەییەکانی دیکە بەدەستدەهێنێت، کە پشتگیری لە 4.1 ملیۆن هەلی کار دەکەن. لە راستیدا پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر بنەمای هەماهەنگی قازانجی هاوبەش و سوودی هاوبەش دامەزراوە. لە ساڵی 2023دا کورتهێنانی بازرگانی خزمەتگوزارییەکان لە نێوان چین و ئەمریکا گەیشتە 26.57 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 9.5%ی کۆی زیادەی بازرگانی خزمەتگوزارییەکانی ئەمریکا. زیاتر لە 70 هەزار کۆمپانیای ئەمریکی وەبەرهێنانیان لە چین کردووەو ساڵانە 50 ملیار دۆلار قازانجیان بەدەستهێناوە. بە لەبەرچاوگرتنی بازرگانی کاڵا، بازرگانی خزمەتگوزاری و فرۆشتنی ناوخۆیی لقەکانی کۆمپانیا ناوخۆییەکان لە وڵاتی بەرامبەر، ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا بەگشتی هاوسەنگە. یەکێک لە بەکارهێنەرانی بیانی لە سۆشیالمیدیا بڵاویکردووەتەوە و گوتویەتی، ئەمریکا چین تۆمەتبار دەکات بە سوودمەندبوون لە کورتهێنانی بازرگانی، بەڵام دان بەوەدا نانێت کە کاڵا چینییەکان بە کوالیتی بەرز و نرخێکی گونجاو پشتگیری لە شێوازی ژیانی ئاسوودەی ئەمریکییەکان دەکەن.
 
باج دەتوانێت کێشەی قەرزەکانی ئەمریکا چارەسەر بکات؟
 
بەرزکردنەوەی باج بەشدارییەکی کەمی هەیە لە زیادکردنی داهاتی دارایی ئەمریکا. پیتەر ناڤارۆ، راوێژکاری سیاسەتی بازرگانی و بەرهەمهێنانی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا، کە باج ساڵانە نزیکەی 600 ملیار دۆلار زیاد دەکات بۆ داهاتی حکومەتی ئەمریکا، بەڵام ئەم ژمارەیە ئەو راستییە پشتگوێ دەخات، کە باجەکان خواستی ئەمریکا بۆ هاوردەکردن کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی گومرگی. مارک زەندی، سەرۆکی ئابووریناس لە موودیز رایگەیاندووە، کە ئامانجی ئەمریکا بۆ زیادکردنی داهات، بەدی نایەت. ئێستا باجی گومرکی تەنها 1.6%ی داهاتی حکومەتی ئەمریکا پێکدەهێنێت، ئەگەر باجی بەرز ببێتە هۆی پاشەکشەی ئابووری، سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی دارایی وەک باجی داهاتی کەسی، باجی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و باجی داهاتی کۆمپانیاکان کاریگەرییان لەسەر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بۆ ئابووری.
 
باجی بەرز مەترسی پاشەکشەی ئابووری ئەمریکا و کێشەی قەرزەکان زیاتر دەکات. مۆرگان ستانلی پێشبینی دەکات ئەگەر باج بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا لە 1.3% بۆ -0.3% دابەزێت، ئەگەر باج تا مانگی ئەیلوول بەردەوام بێت، ئەگەری پاشەکشەی ئابووری ئەمریکا بۆ 60% بەرز دەبێتەوە. چاوەڕوانییەکانی پاشەکشە وای لە وەبەرهێنەران کردووه‌ گەنجینەکانی ئەمریکا بفرۆشن، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی داهاتەکان، ئەمەش بە پێچەوانەی ئامانجی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سکۆت بێسنت بوو، کە بریتی بوو لە دابەزاندنی داهاتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی قەرزەکانی حکومەت. جانێت یێڵن، وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، فرۆشتنی بۆندەکانی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی متمانەی وەبەرهێنەران بە سیاسەتی ئابووری ئەمریکا و گومان سەبارەت بە سەلامەتی قەرزی ئەمریکا وەک بەردی بناغەی سیستەمی دارایی جیهانی دروست دەکات.
 
باجی بەرز دەتوانێت ببێتە هۆی بوژانەوەی بەرهەمهێنان؟
 
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بوژانەوەی بەرهەمهێنان پێچەوانەی رەوتی دابەشکردنی کارە پیشەسازییە نێودەوڵەتییەکانە. وڵاتان لەسەر بنەمای قازانجەکانی خۆیان بەشداری لە دابەشکردنی کار و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکەن، پێکهێنانی پێکهاتە پیشەسازییە جیاوازەکان و توانای بەرهەمهێنان، هاوبەشکردنی سوودەکانی دابەشکردنی کارە تایبەتمەندەکان، باشترکردنی کارایی تەرخانکردنی سەرچاوە جیهانییەکان و بەرزکردنەوەی خۆشگوزەرانی خەڵک لە هەموو وڵاتان. هەر بەرهەمێکی تەکنەلۆژیای بەرز پشت بە ئیکۆسیستەمی بەرهەمهێنانی جیهانی دەبەستێت. تەنانەت کۆمپانیای تێسلا کە بانگەشەی ئەوە دەکات زۆرترین رێژەی پێکهاتەکانی دروستکراوی ئەمریکای هەیە، ناچارە هەندێک پارچە هاوردە بکات. ئەمریکا ئەو راستییە پشتگوێ دەخات، کە ئابوورییەکەی لە بەرهەمهێنانەوە گۆڕاوە بۆ خزمەتگوزاری و کەرتە سودبەخشەکانی دیکە، هەروەها باج بەکاردەهێنێت بۆ ناچارکردنی گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنان بۆ ناو ئەمریکا، ئەمەش پێشێلکردنی یاسا ئابوورییەکانەو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان. بەپێی شرۆڤەکارانی بانکی ئەمریکا، ئەگەر کۆکردنەوەی کۆتایی ئایفۆن بگوازرێتەوە بۆ ئەمریکا، تێچوونەکان بە رێژەی 25% زیاد دەبن و ئەگەر "باجی بەرامبەر" زیاد بکرێت، ئەوا کۆی تێچوونەکان لەوانەیە بەرزبێتەوە بۆ 91%. 
خولەکانی وەبەرهێنانی بەرهەمهێنان درێژە و پێویستی بە سیاسەتی پیشەسازی دەوڵەت هەیە بۆ پاراستنی بەردەوامی و سەقامگیری، بەڵام گواستنەوەکانی حکومەتی ئەمریکا و گۆڕانکارییەکانی سیاسەت زۆر نادیارە. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا هێزی کاری پیشەسازی کوالیتی بەرزی نییە. دروستکردنی کارگەی کۆمپانیای TSMC لە ئەمریکا بەهۆی کەمی تەکنیکاری لێهاتوو دواکەوتووە، هاوکات کرێی بەرز و هۆکارەکانی دیکە تێچووی بەرهەمهێنانی بە رێژەی 30% زیادکردووە. ژێرخانی ئەمریکاش بەپێی پێویست نییە. لە ساڵی 2000ەوە پشکی هەر تاکێک لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە چین بە رێژەی 400% زیادی کردووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبای ئەمریکا لە وەستان ماوەتەوە. تۆڕی کارەبا و رێگاوبان و بەندەرەکانی ئەمریکا بەرگەی گوشارە گەورەکانی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گەورە ناگرن. بۆیە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا جۆراوجۆرن و پشت بەستن تەنها بە زیادکردنی باج ناتوانێت قەرەبووی کەموکوڕییەکانی بەرهەمهێنان بکاتەوە.
 
"باجی بەرامبەر" رەوایە؟
 
"باجی بەرامبەر" یارییەکی ژمارەی دەستکاریکراوە. ئەمریکا رێژەی کورتهێنانی بازرگانی بەرامبەر هاوردەکردن بەکاردەهێنێت بۆ خەمڵاندنی رێژەی گومرگی وڵاتانی دیکە بەسەر ئەمریکادا، ئەمەش هیچ پشتیوانییەکی تیۆری ئابووری نییەو دوورە لە راستییەکان. بۆ نموونە ئەمریکا "باجی بەرامبەر"ی سەپاند لەسەر بنەمای ئەوەی کە باجی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەمریکا 39% و کۆریای باشوور 50% بووە، بەڵام حیساباتە راستەقینەکان دەریدەخەن، کە تێکڕای رێژەی باجی گومرگی ئەوروپا لەسەر ئەمریکا زۆر کەمترە لە 10%، کۆریای باشووریش نزیکە لە سفر. بەکارهێنانی داتای دروستکراو وەک بیانوویەک بۆ خراپ بەکارهێنانی باجی گومرگی هیچ شەرعیەتی نییە. ویلایەتی کالیفۆرنیا سکاڵای یاسایی لەسەر حکومەتی ئەمریکا تۆمارکرد لەسەر باجی گومرگی، نووسینگەی پارێزگار ڕایگەیاند کە سیاسەتی باج "نایاساییە و بێ وێنەیە". چەندین بازرگانی بچووکی ئەمریکی لە دادگاکانی ئەمریکا سکاڵای یاساییان لەسەر حکومەتی فیدراڵی تۆمارکردووەو دەڵێن ئیدارەی ئەمریکا مافی ئەوەی نییە باجی گەورە بسەپێنێت بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس. ملیۆنان ئەمریکی بە دروشمی "یاری بە باجی گومرگی مەکەن" دابەزینە سەر شەقامەکان.
 
بەکارهێنانی باج له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ وه‌كو ئامرازێكی زۆره‌ملێ کاردەکات؟
 
بنەمای "ئەمریکا لە یەکەمدا" لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی "دابڕانی ئەمریکا". لە بابەتێکدا لە گۆڤاری "فۆرین ئەفیرز"  ئاماژە بەوە کراوە کە بنەمای "ئەمریکا لە یەکەمدا" لە واقیعدا بەو مانایەیە، کە وڵاتانی دیکە پێویستە پابەندی سیاسەتەکانی ئەمریکا بن لە بەرامبەر پاراستنی سەربازی و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ و پشتیوانی دیپلۆماسی. باج لە بنەڕەتدا شێوازێکی زۆرەملێ و سزایە بۆ تاقیکردنەوەی پابەندبوونی جیهانی. راستییەکان سەلماندوویانە کە زۆرەملێ لە جیهانی ئەمڕۆدا کار ناکات و تەنیا ئیلهامبەخش دەبێت بۆ وڵاتانی زیاتر بۆ یەکگرتن لە دژی هەژموون. تۆماس فریدمان لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا بەبێ ئەوەی بگاتە رێککەوتن، راگرتنی "باجی بەرامبەر" بۆ ماوەی 90 رۆژ رابگەیەنێت، ئەوا هیچ قازانجێکی نابێت و لەبەرامبەردا سامانێکی زۆر لەدەست دەدات. تاکە ئاماژە کە ئەمریکا ده‌ینێرێت ئەوەیه‌ کە وڵاتانی جیهان چیتر نابێت متمانە بە ئەمریکا بکەن و پێویستە ئامادەبن دوای 90 رۆژ وەڵامی گەڕانەوەی باجەکان بدەنەوە. رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" بابەتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە ئەگەر ئەمریکا خۆی بخاتە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زۆرینەی ئەو وڵاتانەدا کە بازرگانی ئازاد و سیستەمی بازرگانی فرەلایەنە دەپارێزن، ئەوا دەرئەنجامی کۆتایی "لاوازبوونی جیهانگەرایی ئابووری" نابێت، بەڵکو "دەرکردنی ئەمریکا" دەبێت. جەیسن فورمان، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی راوێژکارانی ئابووریی ئەمریکا، پێی وایە وڵاتانێکی زۆرتر لە دەستڕاگەیشتن بە رێککەوتنە بازرگانییە ئازادەکان بەدەر لە ئەمریکا دەڕۆن و پێدەچێت "باجی بەرامبەر" ببێتە خاڵی گۆڕانکاری بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی پێگەی ناوەندی خۆی لە سیستەمی بازرگانی جیهانیدا لەدەست بدات.
 
لێرەدا دەمەوێت هەڵوێستی چین دووپات بکەمەوە: شەڕی گومرگی و بازرگانی هیچ براوەیەکی نییە. چین بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام لێشی ناترسێت. چین کراوەیە بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئەگەر بەرەنگاری بکرێت تا کۆتایی شەڕ دەکات. لە ماوەی هەشت ساڵی رابردووی شەڕی بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا، بازرگانی دەرەکیمان بەردەوام بووە لە فراوانبوون و کۆی قەبارەی بازرگانی لە 30 تریلیۆن یوانەوە بۆ 43 تریلیۆن یوان بەرزبووەتەوە و هاوبەشە بازرگانییەکانمان تادێت هەمەچەشنتر دەبن. لە ساڵی 2024 هاوردە و هەناردەی چین لەگەڵ وڵاتانی چوارچێوەی "پشتێنە و رێگا" بە رێژەی 6.4% گەشەی کردووە و بازرگانی دوو قۆڵیمان لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە 54.2 ملیار دۆلار، بەمەش ئاستێکی پێوانەی تۆمارکردووە و هەرێمی کوردستانی عیراق بەشداری گه‌وره‌ی تێیدا هه‌بووه‌. پشتبەستنی بازرگانی دەرەکی چین بە بازاڕی ئەمریکا بەردەوامە لە دابەزین. ئێستا باجی ئەمریکا لەسەر کاڵا چینییەکان بۆ 245% بەرزکراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا چەندە بێباکانە مامەڵە دەکات، چین هەمیشە کاروباری خۆی بە باشی بەڕێوە بردووه‌. ئێمە ئامادەین بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانمان، لە نێوانیاندا عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ بەرزڕاگرتنی فرەلایەنی و بەردەوامبوون لە پێشخستنی کراوەیی ئاست بەرز، بۆ ئەوەی پەیامێکی روون بنێرین کە لە بەرامبەر ئەو شەپۆلە چاوەڕواننەکراوەی باجی بازرگانی و کارەکانی دواتر لەلایەن ئەمریکاوە، چین، بە متمانەوە، هەمیشە هاوبەشێکی متمانەپێکراو دەبێت لە جیهاندا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەلیل ئیبراهیم مەندەلاوی

عێراق لەنێوان کۆمیدیا و تراجیدیای سیاسیدا

سیاقی کێشەکە لە هەڵەیەکی سەرپێیی قووڵترە، چونکە لە کاتێکدا کە مەڵبەندە سیاسییەکان سەرقاڵی جەختکردن بوون لە پێویستیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لیژنە تایبەتمەندەکە بە شێوەیەکی کۆمیدی پاساوی بۆ ئەو هەڵەیە هێنایەوە و، لێدوانێکی دەرکرد کە وەک پێویست یەکلاکەرەوە نەبوو، لە داواکردنی لێبووردنی منداڵێکی بچووک دەچوو کاتێک شووشەیەک لە ماڵەوە دەشکێنێت، کاتێک دەڵێت دانانی ئەو قەوارانە لە لیستەکەدا تەنیا رووداوێکی لاوەکی بووە، هاوشێوەی دۆخی شەرمهێنی دەست دانان لەسەر دوگمەی ناردن بۆ هەموو لە گرووپێکی خێزانیدا کە پڕە لە خزمی فزووڵ، بۆت دەردەکەوێت لە نامەکەدا بڕگەیەکی هەڵە هەیە. پاساوی لیژنەکە بە رستەیەکی فەرمیی جدی داڕێژرا: "پێش هەڵەگری بڵاوکرایەوە و دواتر راستی دەکەینەوە". وشەکان بەم جۆرە دەرکەوتن، وەک ئەوەی بە هێزەوە نالێهاتوویی رابگەیێنن، وەک ئەوەی کەوتنە نێو چاڵێکی هەڵەی سیاسی شتێکی ئاسایی بێت لە جیهانی سیاسەت لە عێراق دا، بەڵکو وەک ئەوەی کارەکە پەیوەندیی بە هەڵەیەکی رێنووسەوە هەبێت لە جۆری نووسینی "ئەمە" لە جیاتی "ئەمە" بێت، نەک دانانی کۆمەڵە گرووپێکی ناوچەکە لە لیستەکانی تیرۆردا