چیرۆکی بەهار فەخرەدین دەزانن ؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەوزاد مەحموود
A+ A-
 
رێگە بێ دواییەکە گەواهیدەری گەشتێکی بێ پێشینە و پڕ لە دڵەخورپەی حەسەنی تاقانەی گەرمیانی و عەلی عارفی هەڵەبجەییە بۆ بیابانە چۆڵ و چاوترسێنەکانی خوارووی عێراق. گەشتێک کە دەیەوێت دوای 38 ساڵ نامەیەک بگەیێنێتە ئەو قەڵایەی تاوەکو ئێستاش روونترین شوێنەواری دڕندەییەکەی بەعس و میراتییە ترسناکەکەیەتی. نامەکە رستەیەکی کورت و پڕ لە ئۆخەژنە "باوکە، من بە چاوی خۆم کۆتایی عەجاجم بینی."
 
تاوەکو  نەگەیشتینە نزیک (بەلەدروز) لە نێوان بەغدا و سەماوە، نەمزانی عەلی لە پەنجەرەی پاسەکەوە سێرەی لە چ یادەوەرییەکی بە ئێش گرتووە "ئا لێرە لەبەر گریانی کچێکی بچووکی هەڵەبجەیی کە تینووێتی بڕستی لێ بڕیبوو پاسەکەمان وەستا، کچەکە تەمەنی چوار ساڵ بوو، ناوی بەهار فەخرەدین بوو، داوای قومێک ئاوی دەکرد و ئەفسەرەکە گوتی وەرە خوارەوە با ئاوت بدەمێ، کەچی دوای کەمێک ئەفسەرەکە بەبێ کچەکە گەڕایەوە نێو پاسەکە و بە شۆفێرەکەی گوت بەڕێبکەوێتەوە، کەس نەیزانی ئەو منداڵە داماوەی لەو قەراخ رێگا چۆڵە چی لێکرد! کوشتی، یان هەر بەزیندوویی بەجێیهێشت بۆ سەگ و ئاژەڵە دڕندەکان!".
 
کارگەی مەرگی بەعس هەموو ماڵێکی کوردستانی کردووەتە هەواری چیرۆکێکی دڵخۆر و لە رووخسارە لاوازەکان دا شەپۆل دەدات. لەم ناوچە بەرفراوان ودڕکەڵان وشکەدا تەڕایی تەنیا لە نێو چاوی قافڵەکەی ئێمەدا دەبینرێت. ئێرە باشووری عەرەبنشینی عێراقە، بەڵام هێشتاش کورد زۆرینەی ژێر خاککراوی ئەو ناوچەیەیە! 
 
حەسەن عەلی حاجی تاقانەی ئەنفال، کە هەموو خێزانەکەی لەدەستداوە، منداڵە تەمەن 8 ساڵەکەی لەگەڵ خۆی هێناوە "دەمەوێ ببینێ باپیر، داپیر، مام و پوورەکانی بە چ مەینەتی و زیلەتبارییەک سەریان ناوەتەوە".
 
تاریک و لێڵەی ئێوارە کاروانەکە گەیشتە شاری سەماوە و لە گەڕەکی مەهدی و لە نێو یەکێک لە حوسەینییەکان مانەوە بۆ پشوودان لەو رێگە تاقەتبەرە، چونکە هێشتا زیاتر لە دوو کاژێری دیکە ماوە بۆ گەیشتنە قەڵای مەرگ (زیندانی نوگرە سەلمان). داخوازییە تازیارەکەی دارا عەزیزی کەسوکاری قوربانی لە پارێزگاری سەماوە کە هاتبوو بۆ بەخێرهێنانی ئەوان، سەرنجڕاکێش بوو "تکا دەکەین بە جووتیارەکانتان بڵێن با ئەو ناوچەیە بۆ دەخڵ و دان نەکێڵن، ئەوێ هەمووی ئێسک و پرووسکی کەسەکانی ئێمەیە و هیچ شتێک لەسەر ئێسکەکانی ئەوان شین نابێ!".
 
نزیکەی 300 کەس لە کەسوکاری قوربانیان و رزگاربووانی ئەنفال لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستانەوە بە دڵێکی تاسەمەندەوە چاوەڕێی تێپەڕینی شەویان دەکرد تاوەکو زووتر دەست بە گەشتەکە بکەنەوە. 
 
لە سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٨٨ بەعسی دەسەڵاتداری پێشووی عێراق دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی خوێناوی و ترسناکی سڕینەوەی نەتەوەیەک لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆی کرد و پرۆسەکەی ناو نا "ئەنفال". ژیانی 180 هەزار مرۆڤی سیڤیل و بێگوناهی کورد بووە داوی ئەو کوشتارە کە لە دوای هۆڵۆکۆستی جووەکان سەتەی بیستەم کۆمەڵکوژی ئاوا دڕندانەی نەبینی بوو.
 
  ئەو هاڕینە بە کۆمەڵە بە پێشەکییەکی ترسناکتردا گەیشتبووە ئێرە، چونکە مانگێک پێشتر هەڵەبجە، شارەکەی عەلی عارفی بە گازی کیمیایی قڕکردبوو، کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە 5 هەزار و دەربەدەربوونی هەزارانی دیکە. دەی عەلی یەکێکبوو لەوانەی لە تەمەنی 17 ساڵی دا بە کەمێک لێکەوتەی  ژەهری خەردەل و سیانیدەوە لەگەڵ خێزانەکەی راپێچی ئەم بیابابانە پانوپۆڕە کرابوو.
 
دڵشاد ئەحمەد خەڵکی گوندی (قوڕی چا)یە لە نزیک کەلار کە 56 کەسی ئەنفالکراون و جگە لە خودا کەس نازانێ ئێمە گۆڕی بە کۆمەڵی ئەوانمان بەجێهێشتووە یان هێشتا لە پێشمانن. دڵشاد هەستایەوە و روویکردە هاوسەفەرەکانی "هەفتەیەک پێش ئێستا بەڵای عەجاج لە کۆڵ ئەم دڵە داخبارەی ئێمە بووەوە، بەڵام گوێم لێ نەبوو یەک مامۆستای ئایینی لە گوتاری نوێژی هەینی بۆ خەڵکی روون بکاتەوە چی روویداوە!".
 
دڵشاد دەیەوێت وەک کوردێکی باش بمێنێتەوە و بە دڵ دڵداری چیرۆکی کوردبوونەکەیەتی، هەربۆیە داوای لە خەڵکەکە کرد لە گەشتەکانی داهاتوودا وەک ئەو منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بێنن تاوەکو نەوەکان ریشاژۆیانە لەسەر رەگی خۆیان بڕوێنەوە. ئینجا بە نەرمکێشی گوتی، دەزانن لێرە مام حەمە عەلی دراوسێمان چۆن سەری نایەوە؟ بە دڵهەڵکەندراوی پەردەی جامی ئۆتۆمبێلەکەی لادا و بە دەم چاوبڕینەکەیەوە گوتی، یەکێک لە کچەکانی لە کاتی ئەنفال ونبوو و هەمیشە لەم نوگرەسەلمانەش چاوەڕێی بینینەوەی بوو، ئاگرێک لە ناخی دا نێڵەی دەدا، رۆژێک بە کزی گوتی "ئایا ئێستا پەلی وا بە دەستی چ عەرەبێکەوە؟"، بەو حەسرەتەوە شەوێک لە نوگرەسەلمان سەری نایەوە "مشکییەکەی مام حەمە عەلیم بینی لە بەردەم سەگێک دا کەوتبوو!".
نیو کاژێر پێش نوگرەسەلمان ئۆتۆمبێلەکان بە رێگایەکی خۆڵ دا روویانکردە (تەل شێخ) کە بەشێکە لە بیابابانە بێ کۆتاییەکە و ژمارەیەک گۆڕی بە کۆمەڵ، چ ئەوانەی هەڵدراونەتەوە و چ ئەوانەش کە هێشتا چاوەڕێی دەروویێکی دەوڵەتە خەمساردەکەی عێراقن.
 
 رێگای دووردرێژی تەل شێخ، دوایین رێڕۆی ژیانی هەزاران كورد بوو، كە بە زۆر خرابوونە نێو زیلی سەربازییەوە، لە گوندەكانی خۆیانەوە بەرەو چاڵەكانی مەرگ. ئاماژەکان وای دەردەخەن ئەمانە ئەو گەنج و جوانانەی کوردن کە هەر لەڕێوە دوای جیاکردنەوەیان دەستڕێژییان لێکرا و کراون بە ژێر خۆڵەوە. 
 
لە دوایین خاڵی سنووری باشووری كوردستانەوە تاوەکو بیابانی (تەل شێخ) لە پارێزگای سەماوە، كە زۆرترین گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالی تێدایە 715 كیلۆمەترە، بە درێژایی رێگاكە جگە لە ئاسمان و لمی بیایان، هیچی دیکە دیار نییە.
 
گریان و ناڵینی سوعاد فارس، دەشتە قاقڕ و ئاسمانە ساماڵەکەی تەنیوە. کێ دەتوانێ سەیری مشتە پڕ لە خۆڵەکەی بکات و نەهەژێ. لە خۆم دەپرسم ئەرێ بۆچی ئەم ژنە لەگەڵ هەر ناوێک دا مشتێک خۆڵی نوێ لە چاڵە برینەکە بەرزدەکاتەوە بۆ رووخساری. 15 ناو و 15 مشتەخۆڵ، ئەوە خوشک و خوشکەزاکانی بوون، هەموویان بێ سەر و سۆراخ ماونەتەوە. ئەم خاکە زۆرترین لێوی ماچی دایکان و باوکانی کوردی بەرکەوتووە! دەزانن بۆچی؟ چونکە لەبەرئەوەی ئەوان هەڵوەدای گۆڕی ونن و بۆ دەستکەوتنی چۆڕێک سوکنایی ناچارن هەموو جێیەک ماچ بکەن.
 
بە درێژایی مێژوو هەرگیز کورد هێندە لە زێدی خۆی دوورنەکەوتووەتەوە! ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی ژنێکی دیکە خۆی چەماندووەتەوە بەسەریدا، بە درێژایی 17 مەتر و بە پانی پێنج مەتر بەقووڵی مەترێك بە شۆفڵ هەڵكەندرابوو، 30 مەتر لەولاترەوە گۆڕێکی دیکە هەیە كە ساڵی 2019 هەڵدرایەوە و 172 روفاتی ژن و منداڵی ئەنفالكراوی لێ دەرهێندران.
 
بەڵام بەختیار رەئوف پێیگوتم کە نزیکەی 80 گۆڕی بە کۆمەڵی دیکە لەوێ هەن. ساڵی رابردوو گۆڕێک هەڵدرایەوە و 154 رووفات و نیوی تێدا بوو! بە سەرسووڕمانەوە دەپرسم "نیو!؟"، ئەو دەڵێ چەند ئێسکێک بوو نیوەکەی دیکەی نەدۆزرایەوە "ئەوانە لەوکاتەوە لە دادپزیشکی بەغدان و چارەنووسیان بۆ ساخکردنەوە یەکلایی ناکرێنەوە، دەی بەرپرسانی بەغداش دەڵێن تاوەکو ئەوانە ساخ نەکرێنەوە گۆڕی دیکە هەڵنادەینەوە، چونکە شوێنی هەڵگرتنی ئێسک و پرووسکی دیکەمان نییە."
 
بەختیار بۆخۆی خەڵکی گوندی تیلەکۆی بچووکە لە قەزای کەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی (لە بنەڕەتدا سەر بە پارێزگای کورکووک بووە ، بۆ بەعەرەبکردنی کەرکووک رژێمی بەعس خستییە سەر سلێمانی)، 28 کەس لە خزمە نزیکەکانی بەختیار رەئوف ئەنفالکراون "دەبێت ئەم گۆڕانە هەڵبدرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە بۆ خاکی خۆیان، ئاخر ئەوان بەرگەی نامۆیی ئەم بیابانە ناگرن".
 
ئەگەر سەیری نەخشەی دابەشبوونی جوگرافی گۆرەبەکۆمەڵەکانی کورد بکەی لە عێراق دا، باشتر لە دڕندەیی بەعس تێدەگەیت بەرامبەر کورد. تاوەکو ئێستا لە بیابانەکانی سەماوە، نەجەف، سەلاحەدین...هتد ئێسک و پرووسک لە نێو گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە. ئینجا بیر بکەوە کە قوربانیانی کورد دەبێ هەمیشە خەریکی تەیکردنی خاکە وشک و برینگ و دڕکەڵانەکەی عێراق بن بە دوای رەگی هەڵکێشراوی خۆیاندا.
 
هەر کە سەر و سەکوتی ناقۆڵای قەڵای مەرگ دەرکەوت، دەمویست زوو خۆم بگەیێنمە ئەو شوێنەی ئهحمهد حهمه ساڵحى تهمهن 73ساڵ رۆژی 6ی نیسانی 2012 بۆی باس دەکردم. ئەو پیاوە کە مەرگ بێبەشی کرد لە بینینی رووخسارە سیس و ترساوەکەی عەجاج، من لە چیرۆکەکەی خۆم دا ناوم نابوو "گۆڕهەڵکەنی بیابان"، لەبەرئەوەی بە دەستەکانی تەرمی 50 منداڵی لە برس و تینوان مردووی لە چاوی سەگەکان شاردبووەوە.
 
بەبیرمدێ کە چۆن لە کاتی قسەکردن دا حەجمینی لێ هەڵگیرا، تووڕەبوون رووخساری سوورکردبوو، جگەرەیەکی لە نێو پاکەتەکەی راکێشا و بە دەنکە شقارتەیەک ئایساندی "ئێمەیان بۆ سینەما و مەیموونبازى برد، ژنێكیان دەرئەهێنا و دەیانوت ئادەى ئەو پیاوه بكه باوەش و بیكه كۆڵت، ئینجا پیاوێكى دەهێنا و دەیگوت ئەو ژنه بكه كۆڵت. ئەى خوایە خۆت ئاگادارى چیان بەو خەڵكه كرد، هەرچى قایل نەبووایه به ئارەزووى خۆیان دەیانكوتا".
 
 
نووگرەسەلمان، کارگەیەک بوو مرۆڤی کوردی تێیدا دەتوێندرایەوە وەک سەربازگەکانی نازییەکان بۆ جووەکان. لەنێو هۆڵە گەورەکانی دا گوێم لە زریکەی مێژووی نزیکی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بێ کەسە. گوێم لە خرمەی رووخانی مرۆڤە کاتێک هیچ بەرەڤانییەکی پێناکرێت بۆ پاراستنی نامووسی خۆی لە بەدڕەوشتیی کەسانی بێویژدان لەو بیابانەدا. 
 
عەلی محەممەد دەبینم کە شوێنی کێبڵکاریکردنی باوکیم پیشاندەدات، رزگار شەمزین لەپێشمەوەیە و دەمبات بۆ ئەو جێیەی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، کچە ناسک و زەریفەکانی کوردی تێدا هەلدەبژاردن. دوای هەر کەسێک دەکەوم بۆ یادگاری کۆستێک و شکانەوە و تەرمی بۆگەنکردوو و مەرگێکم دەبات. 
 
بەڵام ئەوەی لە ئامینە محەممەد ئەحمەدم بینی ئێشێک بوو بە هیچ شێوەیەک ناتوانی بە ئاسانی گوێی لێبگری. ژنەی بەلەنگاز لە بن پایەیەکی یەکێک لە هۆڵەکانی نووگرەسەلمان دا دەیکێشا بە خۆیدا و قسەی لەگەڵ کچ و کوڕە منداڵەکەی دەکرد کە 38 ساڵ پێش ئێستا لەو شوێنە لەبرسا مردبوون "وەی توخوا رۆڵە، بەخوا ئەو عەجاجە سەگە بە کێبڵ کێشای بەم دەستەمدا و شکاندی و نەیهێشت لەگەڵ تەرمەکانتان بێم، توخوا رۆڵە واسوێم دەبێتەوە بۆ ئەو مردنە کەساس و کزۆڵەتان".
 
ئەمە رۆژی پەسڵانە، سەیری چیرۆکی هەر قوژبنێک دەکەم زرمە لە سینگی دایکە بێچارەکان هەڵدەستێنێتەوە! ئا لەوکاتەدا عەلی عارف بە لەزگینی هاتەلام و پێیگوتم "وەرە با بتبەمە قاوشی هەڵەبجەییەکان".
 
دەزانن بەعسییەکان لەسەر دیواری قاوشی سەرەکی هەڵەبجەییەکان چییان نووسیوە؟ بە خەتێک کە لە دەمی چەقۆ بڕندەتردە نووسراوە "هەموو سەرۆکیان خۆش دەوێت"، ئینجا کەمێک لەولاترەوە نووسراوە "بەعس قوتابخانەی نەوەکانە"، ئەوکاتەی کە براکەی عەلی دوا تەزووەکانی ژیانی دەکوژایەوە و سەری لەسەر کۆشی دایکی دانابوو، درووشمەکان بە مەرگی ئەو خۆشەویستانە پێدەکەنین کە هەموویان یەک خاڵی هاوبەش کۆیدەکردنەوە، هەموویان رقیان لە سەرۆک بوو!
 
یاسا بەرکارەکانی نێو نوگرەسەلمان هەموو شتەکانیان دەبردەوە بۆ لای مەرگ. هەموو ترووسکاییەکیان لە نائومێدی دا قاودەدا. "رۆژێک لەم جێیە 17 تەرم هەڵچندرابوون و کەس نەبوو بیانبات و بیانکاتە ژێر خۆڵەوە کە نیوەیان هەڵەبجەیی و نیوەکەی دیکەیان گەرمیانی بوون"، لەوکاتەی عەلی شوێنی لەسەر یەک هەڵچنینی تەرمەکانی پیشاندەدام، تەکلیف کامل، قایمقامی قەزای سەلمان سەرنجی بردم کە بە دوای فەزیلە محەممەد دەگەڕا. ئەوەی فەزیلە لەو قەڵایە جەڕباندوویەتی پێناسە  ناکرێت.
 
-خواردن و خواردنەوەتان چۆن بوو؟
 
+رۆژی سەموونێکی رەق، پەرداخێک ئاوی پیس. 
 
-ئەی مامەڵەی ئەوانە لەگەڵتان چۆن بوو کە پلەی سەربازییان لە خوار عەجاج بوو؟
 
+هەندێکی کەمیان باش بوون، بەڵام زۆرینەیان وەک ئەو رەفتاریان دەکرد. 
 
-بیستم بەدوای کازم و جاسم (کە دوو ئەفسەری دڕندەی بەردەستی عەجاج بوون) دەگەڕێی؟ هیچت دەستکەوت؟
 
+کەسێکی ناسیاومان لە سەلمان پێیگوتم کە کازم و جاسم بە نەخۆشییەکی زۆر پیس مردوون.
ئینجا قایمقامی سەلمان بە فەزیلەی گوت کە پەیامێکی هەیە بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتەکانی عیراق و کوردستان "پێویستە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان بهێندرێنە ئێرە و لێرەش وانەیەک لەبارەی بەعس و عێراقی سەددام حوسێن بە کردەیی بخوێنن. دەبێت حکومەتی کوردستانیش ئەوە بکات، چونکە ئەم قەڵایە مامۆستایەکی زۆر باشە".
 
گەشتەکە رۆژی 22ی ئایاری 2026ە و هەینی یە. یەکێک لە مامۆستایان گوتاری هەینی بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد و بە پووختی وەبیری هێنانەوە کە سەرئەنجام هەموو ستەمەکان دەچنەوە بەردەستی دادڤانی خودا. ئەو نوێژە بەکۆمەڵەی لەوێ کرا تەنیا کڕنووشی سوپاسبێژیی لە پەل و پۆ خستنی عەجاج نەبوو، بەڵکو وەڵامدەرەوەی هەڵبژاردنی ناوی پرۆسەکەش بوو کە ناوی سوورەتێک لە قورئانی پیرۆزە.
 
ساڵح فاتیح و دوو گەنجی گەرمیانیم بینی کە لە شوێنی گۆڕەکانی دەرەوەی قەڵاکەوە دەگەڕانەوە و کیسەیەکی نایلۆنیان بەدەستەوە بوو. تاوەکو خۆم نەگەیاندە بەردەمی نەدەسەکنام، دەتوانم بزانم ئێوە دوو کاژێرە لەوێ سەرقاڵی چی بوون؟ ساڵح بە یەکێک لە گەنجەکانی گوت دەمی کیسەکە بکاتەوە و پیشانم بدات "جلوبەرگی پیاوێکی دراوسێمانم لە شوێنی گۆڕەکەی دۆزییەوە".
-چۆن زانیت گۆڕەکەی لە کوێیە؟
 
+خۆم بە دەستی خۆم ئەسپەردەم کردبوو.
 
-بەلام ئەوە دیشداشەیە!
 
+بەڵی، ئەو رۆژەی هێنایانە نووگرەسەلمان دیشداشەی لەبەربوو، پیاوێکی پیربوو، هەر بەو دیشداشەوە مرد.
 
-بەچی مرد؟
 
+عەجاج. عەجاج سێ جار ئەژنۆی کێشا بە سکی دا و ، مرد. 
 
کاتی ماڵئاواییە. بەشی دەیان گەشتی دیکە چیرۆک ماون. وادیارە ئیدی ئەم بیابانە کاکی بە کاکی و قاقڕە کە زیاتر لە 800 کیلۆمەتر لە گەڕەکی (باخی میر)ی عەلی عارف و 715 کیلۆمەتر لە ئاواییە دڵمردەکەی حەسەنەوە دوورە، بتەوێ یان نا، وەک موگناتیزێکی بەکێش کاروانەکانی داهاتووش بۆلای خۆی رادەکێشێ. ئەو کاروانانەی هەموو پاساوی خوێناویی بوونی مێژووی دوور و نزیکیان تەنیا دەستەواژەیەکە " لەبەرئەوەی کورد بوون".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە