بەرایی
بۆچی ژمارەکانی وەزارەتی نەوت و دارایی لە داهاتی مانگانەی نەوتدا جیاوازن؟ هۆکاری جیاواز لەبارەی ئەمەوە باسکراوە، وەک: مەرجەکانی فرۆشتنی نەوت، کاتی گەڕانەوەی داهاتەکانی نەوت، دەسەڵاتی بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک بەسەر داهاتەکانی نەوتی عێراقدا، پرۆسەکانی پشکنین، وردبینی و پێداچوونەوەی داهاتەکانی نەوتی عێراق.
لە کاتێکدا ئەم هۆکارانە هەموویان بەشێکن لە بابەتەکە، بەڵام هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لە رێبازەکانی ژمێریاریدا. وەزارەتی نەوت داهات لەو ساتەدا تۆماردەکات، یان رایدەگەیێنێت، کە نەوتەکە دەفرۆشرێت و باردەکرێتە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی داهات تەنها کاتێک تۆماردەکات، کە پارە بە شێوەی نەختینەیی دەگاتە ناو هەژمارە حکومییەکان. لەم حاڵەتەی دووەمیاندا، داهات بە بڕی دوو مانگ لە دواوەی خەرجییەکانە؛ واتە جیاوازییەکی پێکهاتەیی دوو بۆ سێ مانگی هەیە، لە نێوان ئەوەی وەزارەتی نەوت رایدەگەیەنێت و ئەوەی وەزارەتی دارایی بە کرداری پێی دەگات. هەر ئەمەش لە دوو مانگی رابردوودا عێراقی لە شۆکێکی گەورەی دارایی قوتارکرد و تووشی کورتهێنانی گەورە نەبوو و دەرفەتی بە حکومەتیش دابوو پێداچوونەوە بە خەرجییەکان و کەمکردنەوەیان بکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بڵاوبوونەوەی راپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی عێراق بۆ ساڵی 2026، ئامارێکی جیاوازی بۆ داهاتی نەوتی هەمان مانگەکانی ساڵی 2026 دەرخست.بۆ نموونە، داهاتی مانگی ئاداری 2026 کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تۆمارکراوە، سێ هێندەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی نەوت بووە!
ئەم جیاوازییانە پرسیاری جیدی لەسەر سیستەمی دارایی عێراق دروست دەکەن، لە نێوان ئەوەی وەزارەتی نەوت راپۆرتی دەکات و ئەوەی وەزارەتی دارایی وەریدەگرێت؛ ئەمەش وادەکات بیر لەم دواکەوتنەی داهاتی نەوت بکرێتەوە، بەتایبەت کە لە حاڵەتی عێراقدا نەوت %90ی بودجەی ساڵانە و مانگانەی و %99ی هەناردەکردنی وڵاتەکە پێکدەهێنێت.ئایا ئەم سیستەمە بەسوودە یان زیانبەخش؟
راستە ئەم شێوازە وایکرد لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخستنی تەنگەی هورمز بەڕووی هەناردەکردنی نەوتی عێراقدا خێرا رەنگ نەدەنەوە، بەڵام ئێستا زەنگی مەترسی بە دەنگێكی بەرز لێدراوە و کاریگەرییە راستەقینەکانی ئەوانە لەم مانگە و لە مانگی داهاتوودا دەردەکەون، کاتێک حکومەت ناچار دەبێت بە داهاتێکی کەمەوە خەرجییەکی زۆر بکات.
بنەمای جیاوازی سیستمەکانی ژمێریاری دارایی: نەختینەیی بەرامبەر شایستەیی
وەزارەتی دارایی عێراق لە جیاتی پەیڕەوکردنی "سیستەمی بنەمای شایستەیی"، پابەندە بە "سیستەمی بنەمای نەختینەیی" بۆ داهات و خەرجییەکان هەرچەندە سندوقی نێودەوڵەتی نەختینەیی (IMF) هانی حکومەتەکان دەدات، کە بەرەو سیستەمی شایستەیی هەنگاو بنێن. جیاوازی نێوان ئەم دوو سیستەمە ئابوورییە بەم شێوەیەیە:
سیستەمی نەختینەیی (Cash Basis): تەنیا ئەو خەرجی و داهاتانە تۆماردەکات، کە بە شێوەی نەختینەیی لەبەردەستی وەزارەتدان (جا داهاتی زیادە بێت، یان ئەو قەرزانەی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان وەرگیراون). هەروەها پارە کاتێک وەک داهات تۆماردەکات، کە بە کرداری دەگاتە ناو هەژمارە بانکییەکانی حکومەت، وەک لە بانکی ناوەندیی عێراق (CBI).
سیستەمی شایستەیی (Accrual Basis):داهات و خەرجییەکان وەک ژمارە لە دەفتەرەکاندا تۆماردەکرێن، هەر کە بەدەست دێن یان بڕیار لە خەرجکردنی دەدرێت ؛ مەرج نییە لەو ساتەدا پارەکە بە شێوەی نەختینەیی یان بە چەکی بانکی وەرگیرابێت یان درابێت. بۆیە دەتوانین وەک سیستەمێکی ئاڵۆز وەسفی بکەین. وەزارەتی نەوتی عێراق کاتێک بڕی هەناردەکراوی نەوت و داهاتەکەی بۆ مانگێک بڵاودەکاتەوە بەمشێوەیەیە: لەو ساتەی نەوتەکە دەفرۆشرێت و باردەکرێت، وەزارەتی نەوت بەهای فرۆشتنەکە وەک داهات تۆماردەکات، بێگوێدانە ئەوەی ئایا پارەکە وەک کاش گەیشتووەتە ناو هەژمارەکە یان نا.
جگە لەوەش، بەهۆی مەرجەکانی فرۆشتنی نەوت، رێکارە بانکی و نێودەوڵەتییەکانەوە، پرۆسەی فرۆشتنی نەوت تا گەڕانەوەی تەواوی داهاتەکەی بۆ عێراق، دەتوانین بڵێین لەنێوان 30 بۆ 90 رۆژی پێدەچێت.کۆمپانیای سۆمۆ(کۆمپانیای نیشتمانی بە بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق)ماوەی 1 بۆ 60 رۆژ لە کاتی فرۆشتنەکەوە دیاری دەکات، بۆ ئەوەی کڕیارەکە پارەکە بخاتە ناو هەژمارەکەی وەزارەتی دارایی لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک (FRBNY) بۆیە ئەو داهاتەی وەزارەتی نەوت لە مانگی نیساندا تۆماری دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، لەوانەیە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا وەک نەختینەی بەکردار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تۆمار و بڵاو بکرێتەوە.
خەرجیی ئەمڕۆ داهاتی دوو مانگ لەمەوبەرە
بەپێی راپۆرتی چارەکی یەکەمی 2026ی وەزارەتی دارایی عێراق، ناڕێکییەکی روون لە داهاتی مانگانەی نەوتدا هەیە.بۆ نموونە لە مانگی ئاداردا، وەزارەتی دارایی داهاتی نەوتی بە 8 ترلیۆن دینار تۆمارکردووە، لە کاتێکدا وەزارەتی نەوت راپۆرتی کردووە، کە 1.96 ملیار دۆلارە، واتە 2.5 ترلیۆن دینار دەکات بەنرخی فەرمی.
لە بەرامبەردا، ئەگەر داهاتی مانگی ئاداری 2026ی وەزارەتی دارایی بەراورد بکەین بە داهاتی مانگی کانوونی دووەمی 2026ی وەزارەتی نەوت، دەبینین کە نزیکەی هاوشێوەی یەکن (نزیکەی 6.48 ملیار دۆلار یان 8.3 ترلیۆن دینار). ئەمەش دەیسەلمێنێت داهاتی نەوتی عێراق بە بڕی دوو مانگ دوا دەکەوێت؛ بە واتایەکی دیکە، داهاتی تۆمارکراو دوو مانگ پێش خەرجییەکانە.
ئەم پێچەوانەبوونەوەیە ناڕوونییەکی گەورە لە سیستەمی دارایی عێراق دەردەخات، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکە لەسەر بنەمای بودجەی ساڵانە کاردەکات، بەڵام داتاكانی وەزارەتی دارایی هەرگیز لەگەڵ خەمڵاندنەکانی بودجەدا کە لە پەرلەمانەوە دەردەکرێت یەکناگرنەوە.بۆ نموونە، راپۆرتی چارەکی یەکەمی 2026 و(داتاکانی کۆتایی ساڵی 2025)ناڕێکییەکی روونی مانگانە و ساڵانە لە بەراورد بە خەرجییەکان نیشان دەدات، بەمشێوەیە: داهاتی مانگی ئاداری وەزارەتی دارایی لە راستیدا پارەی مانگی کانوونی دووەمە. داهاتی مانگی شوبات پارەی مانگی کانوونی یەکەمی 2025ە. داهاتی مانگی کانوونی دووەمی 2026 پارەی مانگی تشرینی دووەمی 2025ە.
لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم سیستمە داراییە
لە روانگەیەکی تەکنیکییەوە، بەڕێوەبردنی سیستەمی بنەمای نەختینەیی سادەترە لە سیستەمی شایستەیی. زۆربەی ئابوورییە گەورەکانی جیهان و کۆمپانیاکان، سیستەمی ژمێریاری شایستەیییان گرتووەتەبەر، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی وردتر رەوشی دارایی راستەقینەی دامەزراوەیەک رەنگدەداتەوە یان دەخاتە بەردەست،بە جۆرێک پابەندییە هەڵپەسێردراوەکان و داهاتە بەدەستهاتووەکان، کە هێشتا بە نەختینەیی یەکلایی نەکراونەتەوە، پۆلێن دەکات.
بەڵام سیستەمی بنەمای نەختینەیی یەک سوودی گرنگی لە قەیرانی ئێستا پێشکێش کرد: بەبێ مەبەست عێراقی لە شۆکێکی نەختینەیی دەستبەجێ پاراست، ئەمەش دەتوانین بڵێین رێگەی بە حکومەت دا ، کە ئەو داهاتانە خەرج بکات، کە دوو بۆ سێ مانگ لەمەوبەر کۆکراونەتەوە، بەمەش کاتی کڕی بۆ وەڵامدانەوەی دابەزینی داهاتی نەوت. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت، کە گۆڕینی سیستەمەکە بۆ ژمێریاری شایستەیی کاتی کرداریی پێدانی پارەکان ناگۆڕێت Cash Flow. داهاتی نەوتی عێراق هێشتا دوو بۆ سێ مانگ دوای فرۆشتنەکان دەگەن و راستەوخۆ ناگەن، بەڵام ئەم چاکسازییە دەتوانێت وێنەیەکی باشتر لەسەر داهات و خەرجییەکان بدات، کە ئاستی کورتهێنان یان سەررێژی بەروونی دیاربێت و بتوانرێت پلانی گونجاو بۆ گۆڕانکاری لە واقیعی نەختینەیی (Cash Flow) بێنێتە ئاراوە.
قەیرانی ئێستای بەردەوامی ناڕوونیەکانی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق، ئەم بابەتەی بە روونی دەرخستووە. لەکاتێکدا خەرجی مانگانە بە نزیکەیی 7 ملیار دۆلارە بەرامبەر بە داهاتی راستەقینەی گەیشتوو کە نزیکەی 2 ملیار دۆلارە، حکومەت ناچار بووە پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی و فریاگوزاری ببات تەنیا بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە کارگێڕییەکانی، وەک مووچە، هاوکارییەکان و خانەنشینی. قەرزکردن بۆ دابینکردنی تێچووە بەردەوامەکان لە جیاتی وەبەرهێنان، هیچ بازدانی ئابوورییەک دروست ناکات و بارگرانییەکی قورسی گەڕاندنەوەی قەرز لە داهاتوودا دروست دەکات. هەربۆیەش تاوەکو مانگی نیسانی 2026، قەرزی ناوخۆیی گەیشتووەتە 96 ترلیۆن دینار، لە کاتێکدا قەرزی دەرەکی لەسەر ئاستی 13 ترلیۆن دینار وەستاوە، چونکە دەرەوە قەرز بۆ خەرجی بەکارخستن نادات. هەروەها داهاتەکانی نەوتی مانگی نیسانی 2026 کەمتر بوون لە مانگی ئادار، کە تێیدا هەردوو مانگەکە کەمتر لە نیوەی داهاتی مانگێکی ئاساییان تۆمارکردووە. ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، عێراق رووبەڕووی خولێکی خێرا لە کەمبوونەوەی داهات و زیادبوونی قەرز دەبێتەوە.
کۆتایی
بارگرانی سەر شانی حکومەتی نوێ، بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران عەلی فالح ئەلزەیدی، یەکجار قورسە. داهاتەکانی عێراق بە تەواوی بەستراونەتەوە بە نەوتەوە، لە کاتێکدا خەرجییەکانی بەسەر مووچە، هاوکارییەکان، خانەنشینی، خزمەتگوزاری قەرز و ژێرخاندا دابەشبوون — ئەمەش سەقامگیری دارایی وڵاتەکە دەکاتە بارمتەی نرخەکانی نەوتی جیهانی و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە، بەتایبەتی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن (جا شەڕ بێت یان رێککەوتن).
هەروەها ئەوەی کە ئایا سەرۆکوەزیران دەتوانێت ماوەی چوار ساڵی خولەکەی وەک چوار دەیەی تەمەنی خۆی بەکاربهێنێت بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی قەرزەکانی عێراق و زیادکردنی داهات و بەرزکردنەوەی یەدەگ، لەجیاتی راگرتن و بەڕێوەبردنی قەیرانی دارایی عێراق، وەڵامەکەی لە ساڵی 2030 سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییەک دەیزانین.
لەکۆتاییدا کێشەی سەرەکی تەنیا ناڕێکییەکی ژمێریاری نییە، بەڵکو ناڕێکییەکی پێکهاتەیییە لە نێوان دوو رۆژژمێری داراییدا، خولی داهاتی وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی، ئەمەش بەو مانایەیە، کە بودجەی ساڵانە بەشێوەیەکی رۆتینی لەسەر ژمارەکانی داهاتێک بنیات دەنرێت، کە ناگونجێن لەگەڵ هەمان ئەو ماوەیەی خەرجیان بۆ دابین دەکرێت. چارەسەرەکە روون و سادەیە: لەلایەک هاوتاکردنی رۆژمێری داهات و خەرجی و لەلاکەی دیکە گۆڕانکاری لە سیستەمی پەیڕەوکراوی دارایی حکومەت و بەکارهێنانی داتاکانی داهاتی نەوتی دوو مانگی یەکەم، کە پێش کۆتاییهاتنی بودجە لەبەر دەستدان، وەک بنچینەیەکی کۆنکرێتی بۆ پلاندانانی دارایی وردتر، رێکخراوتر و گونجاوتر بۆ 2027 و ساڵانی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ