بایەخی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکان و سکۆتلاند لە شانشینی یەکگرتوو کە بڕیارە لە 07-05-2026 بەڕێوەبچێت یەکجار زۆرە، لەبەرئەوەی تەنیا 22 مانگ پیش ئێستا پارتی کار بە سەرکردایەتی (سێر کییە ستارمەر) گەورەترین سەرکەوتنی مێژوویی لە شانشینی یەکگرتوو تۆمارکرد بە بردنەوەی 411 کورسی لە کۆی 650 بەرامبەر بە 121کورسی بۆ پارتی پارێزگاران کە لە ساڵی 2010ەوە دەسەڵاتی وڵاتیان بەڕێوەدەبرد.
باکگراوندی مێژوویی
لە شەڕی جیهانی یەکەمەوە لە 1914 تاوەکو ئەمڕۆ، لە کۆی هەموو هەڵبژاردنەکان، پارتی کار 34 ساڵ فەرمانڕوایی کردووە بەرامبەر بە 78 ساڵ بۆ پارتی پارێزگاران، ئەوەش راستی ئەوە دەسەلمێنی کە کۆمەڵگەی ئەم وڵاتە زیاتر پارێزگارن نەک چەپڕۆ.
هۆکاری بردنەوە مێژووییەکەی پارتی کار لە هەڵبژاردنی گشتی 04-07-2024دا دەگەڕێتەوە بۆ شکستە یەک لە دوای یەکەکانی پارتی پارێزگاران ، بەتایبەتیش گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی پارێزگاران لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2024، بەتایبەتیش لەنێوان ساڵانی 2019-2024دا، تاکە ئەلتەرنەتیڤیش پارتی کار بوو.
هەڵەی ستارمەر
سێر کییە ستارمەر لە 04-07-2024 ەوە سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتووە و، سەر بە باڵ و قوتابخانەی تۆنی بلێرە و پارێزەر بووە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، لە 2008-2013 سەرۆکی داواکاری گشتی بووە.
هەڵەی کوشندەی ستارمەر ئەوەبوو کاتێک (لۆرد پیتەر ماندلسن)ی دامەزراند وەک باڵیۆز لە واشنتن.
دواتر دەرکەوت کە ماندلسن زۆر بە قووڵی دەستی لەگەڵ جێفری ئێپستین تێکەڵکردبوو و زانیاری هەستیاری بۆ ناردبوو کاتێک پیاوی دەستەڕاستی تۆنی بلێر بووە.
ریزبەندی پارتە سیاسییەکان
لەڕووی مێژووییەوە هەردوو پارتی پارێزگاران و پارتی کار، کۆنترۆڵی گۆڕەپانی سیاسی شانشینی یەکگرتوویان کردووە هەروەک لەسەرەوە باسمانکرد، بەڵام، ئەم جارە گۆڕانکارییەکی گەورە روویداوە:
پارتی چاکسازی بە سەرۆکایەتی نایجیل فاراج لە گۆڕەپانە و هەموو راستڕۆ و تووندڕۆکانی بەریتانیا لەوانەیە دەنگبدەنە ئەوان، لەسەر حیسابی پارتی پارێزگاران. لەلایەکی دیکەش پارتی سەوز توانیویەتی بە پاڵپشتیکردنی فەڵەستینییەکان و دژایەتی شەڕی غەزە مەیلی دەنگدەرە موسڵمانەکان و ئەوپەڕی چەپ بۆخۆی ڕابکێشێت. پێشبینی دەکرێت دەنگێکی بەرچاو بێنن لەسەر حیسابی پارتی کار.
کەواتە هەموو ئەوانەی لە رقی پارتی پارێزگاران لە هەڵبژاردنی 2024 دەنگیان بە پارتی کار دابوو، ئەم جارە هەڵبژاردەی زیاتریان دەبێت لە جاران و، لەوانەیە دەنگە یەکلاییکەرەوەکان بۆ ئەو دوو پارتە و پارتی لێبراڵ دیموکرات بچن کە جاری پێشووش دەنگێکی زۆریان هێنا دوای شکستی گەورەیان لە ساڵی 2015.
بۆچی ئەم هەڵبژاردنە گرنگە
هەڵبژاردنی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026 نێوخۆییە بۆ شارەوانییەکان لەگەڵ پەرلەمانی سکۆتلاند، بەڵام راستی پاڵپشتی دەنگدەر بۆ سەرجەم پارتە سیاسییەکان نیشاندەدات هەموو هێماکان بەو ئاراستەیەن کە پارتی کار تووشی شکستێکی گەورەببێت لەسەر دەستی پارتی چاکسازی و پارتی سەوز، کە ئەمەش وەک رێسا دەبێتە هۆکاری زیادبوونی گوشارەکان لەسەر سەرۆکی پارتی کار و سەرۆکوەزیران ستارمەر تاوەکو ناچاری بکەن کە دەست لە کاربکێشێتەوە و پەرلەمانتارانی پارتی کار سەرۆکوەزیرانێکی تازە دیاری بکەن.
لە شەڕی جیهانی دووەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەوە یەکەمین جارە کە حکومەتی شانشینی یەکگرتوو زۆر راشکاوانە دژی سیاسەتی دەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوەستێتەوە، کە بەشداری نەکرد لە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دا، ئەم کارەش درزێکی زۆری خستە نێوان بەریتانیا و ئەمریکا و لە ماوەی شەڕەکەدا دۆناڵد ترامپ بەردەوام هێرشیدەکردە سەر ستارمەر و حکومەتەکەی، بەڵام هەردوو پارتی چاکسازی و پارێزگاران هەر لە یەکەم ساتی دەستپێکردنی شەڕەکە لەگەڵ ئەوەبوون کە دەبێ ئێمەش شانبەشانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشداربین لەم شەڕەدا. هەرچەندە ستارمەر لەوانەیە راستبووبێت لەم سیاسەتەدا، بەڵام دیسانیش لەوانەیە بووبێتە توڕەکردنی بەشێک لە دەنگدەرە راڕاکان کە لەوانەیە وەک کاردانەوەیەک پێنج شەممە دەنگ بە هەردوو پارتی چاکسازی و پارێزگاران بدەن.
بۆچی دەنگدەران لە سەرۆکوەزیران و پارتی کار تووڕەن؟
بەر لە هەر هەڵبژاردنێک هەموو پارتە سیاسییەکان مانیفێستۆی(بەڵێننامەی) هەڵبژاردن رێکدەخەن و بڵاویدەکەنەوە بەڵێن بە دەنگدەر دەدەن کە ئەم بەڵێنانە لە ماوەی حوکمڕانیدا جێبەجێبکەن.
بۆ نموونە: پارتی لێبراڵ دیموکرات لە مانفێستۆی هەڵبژاردنی 2010 بەڵێنیان بە دەنگدەر دا کە نەهێڵن پارتی پارێزگاران کرێی خوێندنی زانکۆکان لە 3000 پاوەندەوە بەرزبکەنەوە بۆ 9000 پاوەند، بەڵام دوای هەڵبژاردن چوونە پاڵ پارتی پارێزگاران و سەرۆکی پارتەکە کە ناوی نیک کلێگ بوو و کرایە جێگری سەرۆکوەزیران و لەجیاتی ئەوەش یەکەم کار کە کردیان لەنێو حکومەت دا ، بریتیبوو لە بەرزکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆکانیان لە 3000 بۆ 9000 پاوەند، رێک بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنەی بە دەنگدەریان دابوو!
بەڵام لە هەڵبژاردنی 2015 دا دەنگدەر لە شانشینی یەکگرتوو تۆڵەی ئەو درۆیەیان لە پارتی لیبڕال دیموکرات کردەوە و لە 57 کورسی لە 2010 دابەزین بۆ تەنیا 8 کورسی لە 2015دا.
هەر بەم پێوەرەش، پارتی کار کۆمەڵێک بەڵێنی زۆر گەورەی بە دەنگدەری ئەم وڵاتە دابوو، گرنگتریانیان بەرزنەکردنەوەی باج بوو، بەڵام ئەوانیش بەڵێنەکەیان شکاند و باجیان بەرزکردووە و بێکارێ لە بەرزترین ئاستە، سەرجەم کێشەکان زۆر لە جاران گەورەتربوونە، بۆیە پێشبینی دەکرێت دەنگدەران ئەم پارتەش داخ بکەن و دەنگ بە پارتی چاکسازی، سەوز و پارتەکانی دیکە بدەن، بەڵام پیشبینی ناکرێت پارتی پارێزگارانی تێکشکاو جارێ بتوانێت بەهێزببێتەوە.
دەرئەنجام
ئەگەر ئەم پێشبینییانە راست دەرچوون، لەوانەیە یەکەمین کەس سەرۆکوەزیران باجی ئەم دۆڕانە بدات، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی تەممووزی 2024 گەورەترین سەرکەوتنی تۆمارکرد. لەوانەیە ستارمەر دوای ئەم دۆڕانە چاوەڕوانکراوە ناچاربکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە.
بۆریس جۆنسنی سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆکوەزیران رێک وای بەسەرهات، لە 2019 گەورەترین سەرکەوتنی هەڵبژاردنی تۆمارکرد، بەڵام لە 2022دا ناچارکرا دەست لەکار بکێشێتەوە.
لە کاژێر 10ی شەوی پێنجشەممە 07-05-2026، سندووقەکانی دەنگدان دادەخرێن و دەگوازرێنەوە بۆ هۆڵی شارەوانییەکان بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بەدرێژایی شەو تاوەکو بەیانی رۆژی هەینی دەرئەنجامەکان دەردەکەون و براوە و دۆڕاو ئاشکرا دەبن.
* 12 ساڵە ئەندامی شارەوانی شاهانەی کنزنگتن و چێڵسی – لەندەنە. لە سێ هەڵبژاردنی 2014، 2018 و 2022بردوویەتییەوە و جێگری پارێزگار و سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن بووە لەم شارەوانییەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ