لە مێژووى دوور و نزیکى گەلان دا ئەوانەى بە قۆناخى شەڕى ناوخۆدا تێپەڕیون، وەک راستییەى چەسپیوە ئەوە سەلمێندراوە کە شەڕى ناوخۆ تەنیا لە دوو ئەگەردا کۆتایى پێدێت، یەکەمیان بەوەى لایەک بەسەر لاکەى دیکەدا سەرکەوێت و دۆڕاو سەرکەوتنى براوە بسەلمێنێت. دووهەمیش ئەوەیە کە ئەگەر هیچ کامیان ئەوى دیکەى پێنەبەزێندرا، هەردوولا بە ئەندازەیەک نەفرەت لە شەڕى ناوخۆ بکەن کە لە روویان نایات وەک یادەوەریش بەبیرى خۆیانى بهێننەوە.
ئەوەى لێرەدا وەک راستییەکى تاڵ دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە شەڕى ناوخۆى کوردستان کۆتایى نەهاتووە، بەڵکوو تەنیا راگیراوە. چونکە پارتى و یەکێتیى هیچ لایەکیان نەیتوانیوە تا ئەندازەى بەزاندن بەسەر ئەوى دیکەیاندا سەرکەوێت. وە هیچ لایەکیشیان وەک لاپەڕەى شەرمەزارى بۆ مێژوویى خۆى و میللەتەکەى، لەو ساڵ و ساتانەى شەڕى ناوخۆى نەڕوانیوە.
هیچ کام لەو ئەگەرانە لە کوردستان بەدینەهاتوون، بۆیە چەند ساڵ و دەیەى دیکەش ئەو ئاگربەستەى لەنێوانیان هەیە دەمەزەرد بکرێتەوە و درێژە بکێشێت، هەڵگیرساندنەوەى شەڕى ناوخۆ وەک بۆمبێکى تەوقیتکراو ئامادەیى هەیە.
لە رووى هێز و خۆتەیارکردن، هەردوولا هەموو سەرنج و قورساییان لەسەر ئەوەیە زیاتر و زیاتر بەجۆرەکانى چەکى پێشکەوتوو، خۆیان پڕچەک بکەن. لەژێر هیچ هەست و بەرپرسیارێتییەکى نەتەوەیى و نیشتمانی، ئامادەى دەستبەرداربوونى هێزى چەکدارى تایبەت بە حیزب و هێزى بنەماڵەکانیان نەبوون، تەنانەت لەژێر گوشارى وڵاتانى وەک ئەمریکا و ئەورووپاش کە یارمەتیدەرى کوردن بۆ مانەوەى لەناوچەکە، ئامادەى بەکردەییکردنى تێکەڵکردنى هێزە چەکدارەکانیش نابن. وە رێگەى دروستکردنى هیچ هێزێکى دیکەى چەکدارى نیشتمانیان نەدا کە ببێتە بناخە بۆ ئایندەى سوپاى کوردستان. بۆیە لە رووى هێزەوە مەترسییەکانى هەڵگیرساندنەوەى شەڕى ناوخۆ، حازر و ئامادەیە.
لە ئەدەبیاتى هەردوو حیزبەکە و لە نوسینەوەى یاداشت و هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى شەڕى ناوخۆشدا، نەک وەک رۆژگارێکى نەفرەتلێکراو لێى ناڕوانن، بەڵکو شانازیشى پێوە دەکەن. ئەگەر زانکۆیەک لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات لە گەرمیانەوە تاوەکو بادینان، ئەوانەى کراون بە رەمز و سیمبووڵ، ئەوانەى ناوى باخچەى ساوایان و قوتابخانە و یاریگە و هۆڵ و شەقام و بنکەى تەندروستى و نەخۆشخانە و پارک و گەڕەک بەناویانەوە کراوە، زۆربەیان ئەوانەن کە لە شەڕى ناوخۆ بوون بە قوربانى، نەک ئەوانەى شەهیدى دەستى داگیرکەرانى کوردستان بن. ئەمە روونترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەى شەڕى ناوخۆ نەبووەتە لاپەڕەیەکى نەفرەتلێکراو، لە هەمانکاتدا دەرخەرى ئەو راستییە تاڵەیە کە زهنیەتى شەڕى ناوخۆ لەناو بیر و ئەندێشەى دەسەڵاتدارانى هەردوو زۆنەکە، ئامادەگییەکى گەورەى هەیە.
لە پەروەردەى نەوەى تازەشیاندا ئەو رق و کینەیەى دەیبەنە مێشک و دڵ و دەروونى ئەندامەکانییانەوە، هیچ دووژمن و داگیرکەرێکى کوردستانییان بەو جۆرە وێنا نەکردووە. کەواتە ئەوەى هێشتا شەڕى ناوخۆ هەڵنەگیرساوەتەوە، مانەوەى هەندێ بەرژەوەندیی هاوبەش و نەڕەخسانى هەلومەرجى بەریەککەوتنە. هەرکات هەلومەرجى شەڕى ناوخۆ رەخسا، بێسڵەمینەوە دەست دەخەنەوە خوێنى یەکدی.
ئێستا بارودۆخى ناوچەکە بەگشتى لە بەردەم کۆمەڵێک پێشهاتدایە کە لەلایەک دەرفەتن بۆ کوردستان و لەلایەکى دیکەشەوە هەڕەشە و مەترسین. دەرفەتن ئەگەر کورد هەڵوێست و توانا و دونیابینى یەکبخات. دەرفەتەکان نەک هەر لەدەست دەچن، بەڵکو دەبن بە مەترسیى راستەقینە لەسەر ئێستا و داهاتووى کوردستان، ئەگەر لێکترازاو ناتەباو ناکۆک بین. جێى داخە کە پارتى و یەکێتی و تاوەکو ئەندازەیەک هەموو هێزەکانى باشوورى کوردستان، بێگوێدانە ئەوەى چى بەسەر خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان و چى مەینەتییەک بەسەر میللەتەکەدا دێت، دووەمیان هەڵبژاردووە.
بەتایبەتى پارتى و یەکێتى لە هەندێ میدیاى سێبەر و بەرخۆرەکانیانەوە خەریکى رەخساندنى هەلومەرجى بەریەککەوتنن.دەهۆڵى شەڕى ناوخۆ دەکوتن. زمانى ئاخاوتن و موخاتەبەکردنیان گەیشتۆتە ئاستێکى زۆر نزم کە مرۆڤ شەرم دەکات گوێبیستیان بێت. لە بەرانبەر ئەوەشدا هیچ هەوڵ و جوڵەیەک نابیندرێت بە ئاراستەى رێگریى لە خراپتربوون، هەنگاو بنرێت. کە ئەوەش پرەنسیپێکى چەسپاوە هەرشتێک خراپ بوو یا بەرەو خراپبوون رۆیشت، بە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەى چاک دەبێت یان ناهێڵدرێت خراپتر بێت. بەڵام جێى تێڕامان و لە هەمان کاتدا شۆکیشە لەو هەموو سەرکردە بە ئەزموون و کەسایەتییە سیاسى و نوخبەى رۆشنبیر و کەسایەتییەکانى کوردستان، کەسێک قسەیەکى لەسەر ئەم مەترسییە نییە، وەک ئەوەى بەخۆشحاڵییەوە چاوەڕوانى روودانى بن.
لێرەدا گرفتەکە ئەوەیە پارتى و یەکێتی هەریەکە و لە دۆڵێک نین، تاوەکو بگوترێت با بەریەک کەون و ئەوانەى ئامادەییان تیایە لەپێناو بەرژەوەندیی حیزب و دەسەڵاتدارى ناو بنەماڵەکانیان دا خۆیان بە کوشت بدەن، هەر بۆ ئەوە باشن بەو ئاواتەیان بگەن. کێشە ئەوەیە خەبات و قوربانییەکانى رابردوومان، ئەمڕۆ و داهاتووى نەوەکانیشمان، ناوبانگ و هەیبەتى نیشتمانەکەش بەستراوە بەم دوو حیزبەوە. بەریەککەوتنى ئەوان، نابووتبوونى نیشتمان و بەزایەچوونى خوێن و قوربانییانى میللەتەکەیە.
بۆیە پێویستە ئەوانەى دەربەستى نیشتمان و داهاتووى میللەتەکەن، پێش هەرشت هەڵوەستە لە بێهەڵوێستى خۆیان بکەن، دواتر یەخەى پارتى و یەکێتی بگرن کە ئەوەى ئێوە دەیکەن لە گۆڕنانى خۆرى ئازادى گەلێکە سەت ساڵ قوربانى بۆ بەخشیوە. داواکارم لە هێزە سیاسییەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتی، میدیا و میدیاکارە خاوەن ویژدانەکان بێنە سەر خەت، گرووپ و کامپین دژ بەوانە دروستکەن کە دەیانەوێ زەمینەى شەڕى ناوخۆ بڕەخسێنن.
لەناو پارتى و یەکێتیش هێشتا کەسانى بە ئەزموون زۆرن کە ئازارى شەڕى کاولکارى ناوخۆیان چەشتووە، ئەوان دەزانن گەڕانەوە بۆ ئەو رۆژە رەشانە چى زیانێک بە ئێستا و داهاتووى میللەتەکەمان دەگەیێنێت. بۆیە داواکارم ئەوانەش هەڵوێستیان هەبێت، رێگا نەدەن چارەنووسى ئەم گەلە بە فەیسبوکەوان و هەندێ زمانپیسى ناو میدیاکانیان بسپێرن کە بۆ دەستخۆشى و ئافەرینى چەند بێدەربەستێک، خەریکە ئاگر لە خەرمانى میللەت بەردەدەن.
دەبێت لە شوێنێکدا ئەم دوو هێزە رابگیرێن، هیچ نەبێت رێگە نەدرێت رق و کینە و دووژمنایەتییەکەیان لە هەلومەرجێکى وەک ئێستا بتەقێتەوە، کە کوردستان کەوتووەتە ناو گێژاویى کۆمەڵێک هاوکێشەى دیکەى نێودەوڵەتى و هەرێمییەوە. هەرکات مەترسییەکان لەسەر کوردستان رەوینەوە، قەوارە و نیشتمان دڵنیایى مانەوەى بۆ دەستەبەر بوو، ئەوکات پارتى و یەکێتی بەچى دڵیان ئاو دەخواتەوە با بەرانبەر بە یەکدی بیکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ