لە 3ی ئابی 2014، جینۆسایدێک دەستی پێکرد کە شوێنەوارەکانی تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامن. لەو رۆژەدا، چەکدارانی رێکخراوی بە ناو "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هێرشیان کردە سەر ناوچەی شنگال لە باکووری عێراق، کە واری ئێزدیانە. هەزاران پیاو بەکۆمەڵ کوژران. ژنان و منداڵان رفێندران، کۆیلەکران، دەستدرێژییان کرایە سەر و فرۆشران. سەرئەنجام جیهان دانی بەم تاوانە دڕندانەیە دانا وەک جینۆساید، ناونانێک کە ئێستا بە فەرمی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، چەندان وڵات و، لە کانوونی دووەمی 2023ـەوە، لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە (بوندستاگ) دانیپێدانراوە.
بەڵام دوای 11 ساڵ، جینۆسایدەکە بەڕاستی کۆتایی نەهاتووە. بەڵکو تەنیا شێوەی گۆڕاوە، لە دڕندەیی ئاشکراوە بۆ داخورانێکی بێدەنگ. ئەوەی پێشتر بە تووندوتیژی دەکرا، ئێستا لە رێگەی پشتگوێخستنی سیاسی، نائارامی، داڕمانی کولتووری و شۆکی نێوان نەوەکانەوە. جینۆسایدەکە بەردەوامە. نەک لە مانشێتی هەواڵەکاندا، بەڵکو لە ئازاری رۆژانەی ئێزدییەکانەوە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە فەرامۆش کراون.
برینە دژوارەکەی شنگال
شنگال هێشتا ناوچەیەکی ناجێگیر و پڕ لە گرژییە. دوای تێپەڕینی زیاتر لە دەیەیەک، ناوچەکە هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە. هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە وەستاون، ژێرخانی گشتی وێرانبووەو، بەڕێوەبەرایەتییەکی کارا دەتوانی بڵێی لەوێ نییە. لەجیاتی ئاشتی و سەقامگیری، شنگال ئێستا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە رکابەرەکان: حکومەتی فیدرالیی عێراق لە بەغدا، میلیشیا ناوخۆییە رکابەرەکان و، پاشماوەی تۆڕە تووندڕۆکان. بەغدا تائێستا بەیتوانیوە ئاسایش دابین بکات و کۆنترۆڵێکی ئیداری دروست بکات، کە ئەمەش ئێزدییەکانی لە بۆشاییەکی نایاسایی و ترس دا بەجێهێشتووە.
بۆ ئەو 200,000 بۆ 250,000 ئێزدییەی کە هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەییدا ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن - زۆریان بۆ زیاتر لە دەیەیەکە - ئەمە مانای ئاوارەیی درێژخایەن، نادڵنیایی و بێ هیواییە. هەرچەندە لە رووی تیۆرییەوە مافی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا بەڵێنێکی پووچە. بەداخەوە حکومەتی عێراق تائێستا شکستی هێناوە لە دروستکردنی ئیدارەیەکی سەلامەت و کارا لە شنگال. ئەم شکستە بووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی گشتی و پەکخستنی ئاوەدانکردنەوە.
جینۆسایدێکی بێدەنگ: لە رێگەی ئاوارەیی، لەدەستدانی کولتووری و ساردوسڕی جیهانییەوە
هەرچەندە کۆمەڵکوژییەکان وەستاون، بەڵام جینۆسایدەکە بە شێوەیەکی دیکە بەردەوامە: ئەویش هەڵوەشانەوەی کولتوورێکە کە هەزاران ساڵە هەیە. ئێزدییەکان یەکێکن لە کۆنترین کۆمەڵگە ئایینییەکانی جیهان؛ بەبێ کتێبی پیرۆز، بەبێ بانگەشەی ئایینی، بەڵام خاوەنی رێوڕەسم و داوونەریتی قووڵن. ئەم پێکهاتە کولتووریانە خەریکە هەڵدەوەشێنەوە، چونکە ئەو خەڵکەی پارێزگارییان لێدەکرد، ئێستا یان پەرتەوازە بوون، یان تووشی تراوما بوون، یان مردوون.
لێرەوە شێوەی دووەمی جینۆساید دەست پێدەکات: سڕینەوە لە رێگەی هەڵوەشانەوەوە.
لە کارە ئەکادیمییەکانم دا سەبارەت بە تراومای نێوان نەوەکان (Transgenerational and Genocidal Trauma)، ئەوەم روونکردووەتەوە کە تووندوتیژی تەنیا ژیان لەنێو نابات، بەڵکو خۆی لەنێو دەروونی گشتی دا دەچەسپێنێت، کە دەبێتە هۆی ئیفلیجییەکی کولتووری کە دەکرێت بۆ چەندین نەوە بەردەوامبێ.
ئەو منداڵانەی لە دەستی داعش رزگاریان بووە یان لەوێ لەدایکبوون، بەدەست تێکچوونی گەشەیی و دەروونی سەختەوە دەناڵێنن. ژنان تووشی سترێسی دوای تراومای ئاڵۆز بوونە، بەڵام چاودێریی چارەسەریی سیستماتیک و درێژخایەن بۆ ئەوان هێشتا زۆر ناتەواوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەهاش لە دەرەوەی کوردستان و عێراقیش. ئەمەش شکستێکی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. لە کاتێکدا زۆرجار وشەی هاوسۆزی پێشکەش دەکرێت، بەڵام پاەدارکردنی بەردەوام و پشتیوانیی راستەقینە دەستەبەر ناکرێت جینۆساید تەنیا بە تاوانە سەرەتاییەکە تەواو نابێت، بەڵکو بەو بێدەنگی، بێکرداری و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییە کۆتایی دێت کە دوای دێت.
تەنانەت ئەمڕۆش، هەلی خوێندنی گونجاو، گەرەنتیی یاسایی بۆ گەڕاوەکان و پشتیوانیی ستراتیژی بۆ دامەزراوە ئێزدییەکان نییە. لە هەمان کاتدا، رکابەرییە سیاسییەکان بەردەوامن بۆ لەباربردنی هەوڵە رژدەکانی ئاوەدانکردنەوە. بەداخەوە گوشارێکی نێودەوڵەتی لە بەغدا ناکرێت.
زۆر لە وڵاتان بە شێوەیەکی سیمبوولی دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان داناوە، بەڵام ئەم دانپێدانانە بە تەنیا ئێزدییەکان ناپارێزێت. بەرنامە تایبەتەکەی ساڵی ٢٠١٥ی ئەڵمانیا بۆ ژنە ئێزدییە تراوما لێدراوەکان، نموونەیەکی دەگمەن و جێی ستایشی کاری بەسۆز و کردەیی بوو. هەروەها لە ساڵی 2023، کاتێک پەرلەمانی فیدرالیی ئەڵمانیا بە فەرمی دانی بە جینۆسایدەکە دانا، ئەوە بەڵێنی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێنان، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، بەڵام تەنانەت ئەم بەڵێنانەش تاوەکو رادەیەکی زۆر جێبەجێنەکراون.
ئەوەی ئێستا پێویستە، یادکردنەوەی زیاتر نییە، بەڵکو کردەوەی سیاسی بوێرانەیە:
• هاوکاری بەردەوام بۆ بەرنامەکانی پشتیوانیی دەروونی-کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
• پارێزگاریکردنی یاسایی پتەو بۆ کەمینەکان، کە لە دەستووری عێراق دا بچەسپێندرێت و لە رێگەی چاودێریی نێودەوڵەتییەوە جێبەجێ بکرێت.
• گوشاری دیپلۆماسیی روون لەسەر بەغدا بۆ سەقامگیرکردنی شنگال و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گەڕانەوەی رێکخراو لەگەڵ دابینکردنی ئاسایشێکی بەردەوام.
• بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و پاراستنی کولتووردا، بۆ پاراستنی ناسنامەی ئێزدی و مسۆگەرکردنی داهاتووی.
تراوما بە ئاگربەست کۆتایی نایێت، بە سارێژبوون کۆتایی دێت.
سارێژبوون پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو پێشمەرجی ئاشتی و گەشەپێدانە. بەبێ سەقامگیریی دەروونی، هیچ بووژانەوەیەکی کۆمەڵایەتی دروست نابێت. چارەسەر تەنیا مرۆیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسییە.
دوای 11 ساڵ لە جینۆسایدەکە، خەڵکی ئێزدی هێشتا لەژێر هەڕەشەی مان و نەماندان، نەک تەنیا لەڕووی تووندوتیژییەوە، بەڵکو لەڕووی پشتگوێخستن، بیرۆکراسی و ساردوسڕیی سیاسییەوە. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕاستی باوەڕی بە بنەمای "هەرگیز جارێکی دیکە" هەیە، ئەوا کاتی کارکردن ئێستایە.
ئێزدی نموونەی ئەوەن کە چۆن کولتوورە ناسکەکان نەک تەنیا بە گولـلە و بۆمب، بەڵکو بە ساردوسڕیش لەنێودەبرێن. ئەگەر ئەوان لەنێوبچن، زیانەکە تەنیا بۆ عێراق نابێت، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەبێت.
جینۆسایدەکە کۆتایی نەهاتووە. لەڕێگەی ئیفلیجیی سیاسی، لەنێوبردنی کولتووری و تراومای میراتگرییەوە بەردەوامە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت کاری زیاتر بکات. دەبێت ململانێ سیاسییەکانی لەگەڵ بەغدا وەلاوە بنێت و بە قسە و کردەوە، بە پتەوی پشتیوانی لە ئێزدیان بکات . ئێزدی دەبێت ببیستن و ببینن: ئێوە بە تەنیا نین.
ئەوەی ئێستا پێویستمانە، خولەکێکی دیکەی بێدەنگی نییە، بەڵکو سیاسەتی بە مەبەست و سووربوونە لەسەر پشتیوانیکردنی ئاوەدانکردنەوە، دابینکردنی ئاسایش و برەودان بە چاکبوونەوەیە.
ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەرگری دا تێکدەشکێن، سبەی باری بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرن.
* پرۆفیسۆر د.یان ئیلهان کزلهان، دەروونناس، نووسەر و بڵاوکەرەوەیە. پسپۆڕە لە زانستی تراومای دەروونی دا، تیرۆر و جەنگ، دەروونناسی پزیشکیی نێوان کولتوورەکان، چارەسەری دەروونی و کۆچ. دانیشتووی ئەڵمانیایە، مامۆستای زانکۆیە و خاوەنی نەخۆشخانەی دەروونییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ