پرسی ناسنامەی نەتەوەیی یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین بابەتەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی بۆ کورد چەندین بار هەستیارە. لە سەروبەندی شەڕی ئێران و ئەگەری وەرگرتنی مافی نەتەوەیی بۆ نەتەوەکانی سنووری ئێستای ئێران، هەندێک لە راگەیاندن و نووسەران لە باسی نەتەوەکانی ئێراندا بەسەر تەڵەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی مەترسیداردا گوزەر دەکەن، کە ئامانجەکەی هەڵوەشاندنەوەی یەکپارچەیی نەتەوەی کوردە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم تەڵەیە، ناسنامەی لوڕ و بەختیارییەکانە.
پرسی (لوڕ و بەختیاری)یەکان و پەیوەندییان بە نەتەوەی کوردەوە لەم قۆناخانەی دوایی و لەگەڵ زاڵبوونی گوتاری سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوایەتیدا بووەتە جێی مشتومڕ. ئەمە بۆ نەیار و داگیرکەران جۆرە رەوایەتییەکی هەیە، چونکە بە هەموو رێگاکان هەوڵی پارچەکردن و لاوازکردنت دەدەن، هەر ئەوان ئەندازیاری دروستکردنی ئەم مشتومڕەن، هەر ئەوان بەگوێی خەڵکیدا دەدەن، کە ئێزدی و هەورامانی و لوڕی و بەختیاری و کەڵهوڕی و.. جیاوازن لە کورد. گرفتەکە کاتێک قووڵ دەبێتەوە کە کورد خۆی، ناسنامەی خۆی پارچە پارچە دەکات. کاتێک میدیایەکی کوردی، یان هەندێک لە دەستەبژێری رۆشنبیری کورد، بە هۆکاری جیاواز، کەوتوونەتە ناو ئەو تەڵەیەوە و بە بێئاگایی یان لەژێر کاریگەریی گوتاری سیاسیدا، لوڕ و بەختیارییەکان لە کورد جیادەکەنەوە و لەناو نەتەوە جیاوازەکانی ئێراندا پۆلینیان دەکەن. لە راستیدا ئەمە خزمەت بەو دەزگا و ناوەندانەی داگیرکەران دەکات، کە سەدان ساڵە هەوڵی بچووککردنەوەی جوگرافیای کوردستان و نەتەوەی کورد دەدەن و خەریکی هەوڵێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی چڕن، بۆئەوەی لوڕ و بەختیارییەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد وێنا بکرێن، یان بە بەشێک لە فارس دابنرێن. ئەم جۆرە گوتارە، نەک تەنیا مێژوو دەشێوێنێت، بەڵکو خیانەتێکی زانستیشە لەو هەموو بەڵگە و توێژینەوانەی کە بەرەنگار بوونەتەوە و هەوڵیانداوە بیسەلمێنن، لوڕ و بەختیارییەکان نەتەوەی سەربەخۆ نین، بەڵکو بە بەشێک لە کۆڵەکە هەرە دێرین و رەسەنەکانی نەتەوەی کورد دادەنرێن، لە زنجیرەچیاکانی زاگرۆسدا.
لوڕەکان و بەختیارییەکان، (کە زۆر جار بەختیارییەکان بە بەشێک لە لوڕەکان دادەنرێن یان هەردووکیان بە شێوەزاری جیاوازی زاری خواروو دادەنرێن)، بە بەڵگەی مێژوویی و زمانی و کولتووری و جوگرافی بەشێکن لە کورد، بەڵام ئەم هەوڵەی دوژمنانیش بێئاکام نەبووە، چونکە بەشێک لەوان خۆیان لەگەڵ ئەو جیاکارییەدان، بەتایبەتی بەهۆی زاڵبوونی هەستی ئایینی و مەزهەبی، بەڵام زۆرینە دژن، بۆیە بە تووندی بەرەنگار بوونەتەوە و دەڵێن نەک هەر بەشێک نین لە فارس، بەڵکو فارسیش نازانین، بۆیە دەڵێن (خوەم کرماشانی فارسی نیەزانم، وە زوان کوردی قەزات وە گیانم). ئێمە لێرەدا هەندێک ئاماژەی خێرا بە بەڵگەکان دەکەین.
مێژوو
هەموو ئەو کەسانەی گومان لە کوردبوونی لوڕ و بەختیاری دەکەن، با بگەڕێنەوە بۆ شەرەفنامە، کە شەرەفخانی بەتلیسی لە ساڵی (1597)، لە کاتێکدا هێشتا دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرن و سنوورە دەستکردەکان دروست نەببوون، بە راشکاوی رایگەیاندووە کە نەتەوەی کورد لە چوار لق پێکدێت، ئەوانیش (کرمانج، لوڕ، کەلهوڕ و گۆران)ن. ئەمە تەنیا بۆچوونێک نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی مێژووییە کە دەریدەخات لە سەدەی شازدەهەمدا هیچ گومانێک لەسەر کوردبوونی لوڕەکان نەبووە. بێگومان (بەختیاری)یشی بە هۆزێکی کورد و بەشێک لە لوڕەکان داناوە(بڕوانە: شەرەفخانی بەتلیسی، 2010، ل46).
جگە لەوە، چەندین مێژوونووس و رۆژهەڵاتناس و زمانەوانی کورد و بیانی گەواهی کوردبوونی لوڕ و بەختیارییەکانیان داوە و بە دوو شێوەزاری زمانی کوردییان داناوە، یان بەختیارییان بە بەشێک لە لوڕەکان داناوە و لوڕەکانیش بە بەشێک لە زمانی کوردی، وەک (گ.گیورنلی- 1826، خ. ئا. لێرخ- 1857، ئە.سوسین- 1898، ج. د. مۆرگان- 1904، ئی.بی. سون- 1913، باسیل نیکیتین- 1926، تۆفیق وەهبی- 1951، ئیبراهیم سامەڕائی- 1968، کەمال فوئاد- 1971، عیزەدین مستەفا رەسوڵ- 1971، جەمال نەبەز- 1976، زوبێر بیلال- 1977، محەمەدەمین هەورامانی- 1981، کامیل بەسیر- 1982، فوئاد حەمەخورشید- 1983.. هتد).
زمان
ئەوەی ئەلفوبێی زمانەوانی بزانێت، هاوبەشی و پێکچوون لەنێوان دوو زماندا، کە هەمان رەچەڵەکیان هەبێت و هەزاران ساڵ بێت، داگیرکارت بووبن، ناکات بە بەڵگەی ئەوەی زمانێک بە زارێک یان شێوەیەکی زمانێکی دیکە دابنێت.
ئێمە دەزانین زمانی کوردی و فارسی لەگەڵ پشتوویی و بلوجیدا هەمان رەچەڵەکیان هەیە و (ئاری) یان (ئێرانیی کۆن)ن، بۆیە بوونی هاوبەشی و پێکچوونی زمانی ئەگەرێکی حەتمییە و بەڵگەی خزمایەتییە. بەتایبەتی لەناو ئەو زار و شێوەزارانەی لەسەر هێڵی تەماسن و راستەوخۆ لەگەڵ زمانی دراوسێدا بەریەک دەکەون، بۆیە ئەمە ئەگەری هاوبەشیی زاری خواروو، کە (لوڕی، بەختیاری، مامەسێنی، لەکی، کەڵهوڕی) دەگرێتەوە، لەگەڵ زمانی فارسیدا چەند هێندە دەکات. لەگەڵ ئەوانەشدا شێوەزاری (لوڕی و بەختیاری) هەزاران وشەی رەسەنیان تێدایە کە لە فارسیی نوێدا نین، بەڵام لە زارەکانی دیکەی کوردی (وەک کرمانجی و ناوەڕاست/ سۆرانی)دا بە زیندوویی ماونەتەوە. پێکهاتەی رێزمانی زاری خواروو زۆر زیاتر لەگەڵ زارەکانی دیکەی زمانی کوردیدا دەگونجێت وەک لە فارسی، بۆ سەلماندنی ئەمەش چەندین توێژینەوە و سەرچاوە بەردەستن.
کولتوور
ئەگەر سەیری فۆلکلۆر، مۆسیقا، هەڵپەڕکێ و جلوبەرگی لوڕ و بەختیارییەکان بکەین، هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتییان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نییە. کاتێک لە هەولێر یان لە دهۆکەوە سەردانی لوڕستان دەکەیت و لە ماڵێک میوان دەبیت، هەست بە جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەیت، هەمان شیوازی ژیان، لە پۆشین و خواردن و یاریی کوردەواری و هەڵپەڕکێ دەبینی. هەمان چیرۆکی بەرئاگردان و مەقام و هۆرە و گۆرانیی فۆلکلۆری و پەند و حەکایەت دەبیستی. لەوێ گۆرانیی فۆلکلۆری و ئاهەنگی (عەلی دۆستی) و (قەدەم خێر) و (شیرین گیان) دەبیستی، کە هەموو ئەوانە لەسەر نەوای ئەفشاری و سێگا و ماهوورن.
لەوێش هەڵپەڕکێی لوڕی و بەختیاریی (سێپێیی) و (چۆپی گرتن) هەمان شێواز و جووڵەی هەڵپەڕکێی کوردییە، کە نیشانەی یەکگرتوویی و جەنگاوەرییە لەناو کورددا. لەوێش دەبینی پیاو کڵاشی لەپێیە، کە پێڵاوێکی رەسەنی کوردییە، لەناو دڵ و جەرگەی لوڕستان و بەختیاریدا بە هەمان شێوە دروست دەکرێت و دەپۆشرێت. لەوێش دەبینی خەڵک (کوڵەباڵ و سوخمە و ئێلەگ و دەلینگ و شەرواڵ و مرادخانی)ییان پۆشیوە. ئەمە ئەگەر بەڵگەی یەکبوون نەبێت چییە؟!
جوگرافیا
زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بۆ کورد تەنیا دیاردەیەکی سروشتی نین، بەڵکو لانکەی نەتەوەیە. لە باکووری کوردستانەوە تا خاڵی کۆتایی باشوور لە لوڕستان یەک نیشتیمانە و ئەم چیایانە یەک جۆر ژیان و یەک جۆر کولتووری بەرهەمهێناوە. لوڕ و بەختیارییەکان لە ناو جەرگەی ئەم زاگرۆسەدان. چۆن دەکرێت نەتەوەیەک لە باکوور و ناوەڕاستی زنجیرە چیایەک کورد بن، بەڵام لە بەشەکەی دیکەی هەمان چیا بنەچەیەکی دیکەیان هەبێت؟ لە کاتێکدا هەموو خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکانیان یەکن.
ئەنجام
لوڕ و بەختیارییەکان نەک تەنیا بەشێکن لە کورد، بەڵکو قەڵای پارێزەری ناسنامەی نیشتیمانین لە باشووری زاگرۆس. جیاوازییە زمانییەکان نیشانەی دەوڵەمەندیی نەتەوەی کوردن نەک جیاوازیی رەگەزی. هەر هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەیان لە جەستەی کورد، خزمەتکردنە بەو ئەجێندانەیەی کە دەیەوێت مێژووی ئەم گەلە بشێوێنێت. ئەرکی راگەیاندنی کوردی و نووسەرانی ئەمڕۆیە کە چیتر نەکەونە ژێر کاریگەریی تێرمە سیاسییەکانی نەیاران و بە شانازییەوە لوڕ و بەختیاری وەک میراتێکی رەسەنی کوردی بناسێنن، نەک وەک پاشکۆیەک بۆ ناسنامەیەکی دیکە، کە دەیەوێت هەموو جیاوازییەکان لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە.
سەرچاوەکان:
- ئاوڕەحمانی حاجی مارف(1974). چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد، بەغدا.
- خوسرەو جاف(2011). لوڕ کوردە یان لوڕ، چاپی دووەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر.
- شەرەفخانی بەتلیسی (2010). شەرەفنامە، وەرگێڕانی: مامۆستا هەژار، چاپی شەشەم، پەخشانگای پانیز.
- عەبدولمەناف رەمەزان ئەحمەد (2011). ئەتڵەسی زمانی- هەرێمی کوردستانی عێراق وەک نموونە، چاپا ئێکێ، چاپخانەیا خانی، دهۆک.
- فوئاد حەمەخورشید (2008). زمانی کوردی و دیالێکتەکانی، چاپی یەکەم، دەزگای سەردەم، سلێمانی.
- محەمەدەمین هەورامانی (1981). زاری زمانی کوردی لە تەرازووی بەراورددا، بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ