لە دەستپێکى هەڵگیرساندنى جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تێگەیشتنێکى هەڵە لاى سەرکردەکانى ئێران و زۆرێک لە چاودێرانى سیاسى و ناوەندەکانى لێکۆڵێنەوەى جیهانى و هەرێمایەتى دروست بوو، بەوەى تەنگەی هورمز بە ئەندازەى چەکى ئەتۆم، چەکێکى بەهێزە بەدەستى ئێرانەوە، بەڵام هەڵە تێگەیشتبوون، چونکە هورمز چەکى دەستى ئەمریکایە نەک ئێران.
کارێکى سەخت بوو ئەمریکا بەبێ هۆکارێکى لۆژیکى، بتوانێت تەنگەی هورمز دابخات. چەند شەڕیش درێژەى بکێشایا نەدەبووە پاساو بۆ ئەوەى ئەمریکا بتوانێت تەنگەی هورمز وەک چەکێکى هەمەلایەنە بەکاربهێنێت، بەڵام کاتێک ئێران تەنگەکەی راستەوخۆ خستە ناو هاوکێشەى جەنگەکەوە، خزمەتێکى زۆرى بە ئامانجەکانى ئەمریکا کرد. ئەمریکا ئەوەى دەویست کە ئێران کردى.
هەر ئەوکات لە وتارێکدا ئاماژەم بەوەکرد هونەرێکى گرنگە بتوانیت وا لە دووژمنەکەت بکەیت رەفتار و کاردانەوەکانى لە بەرژەوەندىی تۆدا بن. ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو هونەرەیان بەرامبەر بە ئێران بەکارهێنا، وایان لە ئێران کرد رەفتارەکانى بەدڵى دووژمنەکانى بێت. ئەگەر ئێران راستەوخۆ هەڕەشەى داخستنى تەنگەی هورمزى نەکردایە و لێبگەڕایا وەک رێڕەوێکى ئاوى نێودەوڵەتى هاتن و چوونى کەشتىی بازرگانى بەردەوام بووایە، رەنگە لێکەوتەکانى شەڕەکە و هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان وەک ئێستا نەبوایان، کە ئێران زەرەرمەندى یەکەمە تیایدا.
کورد دەڵێت بە تیرێک چەند نیشانێکى شکاند، ئەمریکا لە جەنگى لەگەڵ ئێران، بەتایبەتى بەهۆى داخستنى تەنگەی هورمزەوە زیاتر لە چەند نیشانێکى پێکاوە. ئەمریکا پێش نەیارەکانى، ماوەیەک بوو بەدواى رێگایەکدا دەگەڕا سزاى دۆستە ئەورووپییەکانى بدات. لەدواى جەنگى رووسیا و ئۆکراینا، بەتایبەتى دواى هاتنەوەى ترەمپ بۆ دەسەڵات، بەهۆى ئەو سزا ئابوورییانەى خستنیە سەر هەناردەى نەوت و غازى رووسیا، قەیرانێکى گەورەى ئابوورى بەسەر وڵاتانى ئەورووپادا هێناوە. هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەهۆى سەپاندنى سیاسەتى باجە گومرگیەکانى، ئەورووپاى تووشى کێشەیەکى دیکەش کردەوە.
لە دەستپێکى جەنگەکەشدا داواى لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانى کرد شانبەشانى ئەمریکا و ئیسرائیل بەشداریى جەنگەکە بکەن. بە هۆکارى جیاجیا هەموویان داواکەى ئەمریکایان رەتکردەوە. ئەویش بە لەخشتەبردنى ئێران بە داخستنى تەنگەی هورمز، دەستى خستە بیناقاقاى ئەورووپا، ئەگەر بۆ ماوەیەکى درێژتر داخستنى هورمز بەردەوام بێت، ئابووریی ئەورووپا دادەڕوخێت. ئەمریکا ئەمەى دەویست.
باشە ئەگەر ئەمریکا بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانى بەو جۆرە سیاسەتى کردبێت، دەبێت بۆ نەیار و رکابەرێکى وەک چین، چى داوێکى چنیبێت؟ چین رۆژانە پێویستى بەوە بوو لە بازاڕەکاندا 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بکڕێت. بەشێکى ئەم نەوتەى بە نرخى هەرزان و زۆر خوارتر لە نرخى بازاڕە جیهانییەکان لە ئێران دەکڕی. هەروەها نزیکەى شەش ملیۆن بەرمیل نەوتى لە وڵاتانى کەنداو دەکڕی. ئێستا بەهۆى داخستنى تەنگەی هورمزەوە، دەستى بە نەوتى ئێران و کەنداو ناگات. ناچارە لە یەدەگە کۆگەکراوەکەى بەکاربەرێت و لە بازاڕیش بە نرخى زۆر زیاتر پێویستییەکانى پڕکاتەوە. بەمەش زیانێکى زۆر گەورە بە ئابوورى چین گەیشتووە. بەردەوامیدان بەداخستنى هورمز، بەواتاى بەردەوامیدان بە زیانگەیاندن بە چین. ئەمریکا ئەمەى دەوێت.
بەهۆى ئەو گەمارۆ ئاوییانەش کە ئەمریکا خستویەتییە سەر ئێران، چى بە رێگریکردن لە هەناردە و هاوردەکردنى پێداویستییە سەرەکییەکانى وڵاتەکەى، ئێران رووبەڕووى قەیرانێکى گەورە دەکاتەوە. تا زیاتریش ئەو گەمارۆیانە بەردەوام بن، زیاتر ئێران بەچۆکدا دەهێنن.
بێجگە لەو دەستکەوتانە، ئەمریکا سوودێکى زۆر زیاترى لە داخستنى تەنگەی هورمز بینیوە، ئەویش بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتەوە. ئەمریکا رۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، دەستیگرتووە بەسەر نەوتى ڤەنزوێلاشدا، بەمەش پارە و داهاتێکى زۆر زیاترى دەست دەکەوێت لە خەرجییەکانى جەنگ، کە دوور نییە دواتر هەموو خەرجییەکانى جەنگەکەش لە وڵاتانى کەنداو وەربگرێتەوە.
ئێستا لە دەرەوەى ئامانج و بەرژەوەندى و دەستکەوتەکانى ئەمریکاوە، جۆرێک لە بەرژەوەندىی بنەماڵەى ترەمپیشى هاتووەتەسەر، وەک میدیاکانى ئەمریکا باسى دەکەن، بەهۆى بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەى نرخى نەوتەوە کە بەشێکى زۆرى لە تویت و لێدوانەکانى ترەمپەوە سەرچاوە دەگرێت، بارۆنى کوڕى ترەمپ خەریکى کڕین و فرۆشتنى نەوتە. وەک دەگوترێت بە نرخى نزم دەیکڕێت و دواى لێدوانێکى باوکى کە نرخ بەرز دەکاتەوە دەیفرۆشێت. مەزەندە دەکرێت قازانجى ماڵباتیش لە هەر یاریکردنێکدا بە نرخ بە سەتان ملیۆن دۆلار بێت. ترەمپیش نەیشاردووەتەوە و نکوڵى لێناکات بەدواى بەرژەوەندى و سەرمایەى زیاترەوەیە وەک سەرۆکێکى بزنسمان.
بۆیە ئەگەر چاودێریتان کردبێت هەندێ لێدوان و قسەى ترەمپ بەڕوونى ئەوەى لێدەبیندرێت دژى کردنەوەى تەنگەی هورمزە، جارێک بە پاساوى ئەوەى ئەگەر هورمز بشکرێتەوە ئەوە بەهۆى ئەو لوغمانەى ئێران چاندوونى ناتواندرێت وەک رێڕەوى بازرگانى بەکارببرێت، جارێکى دیکە دەڵێت ئێران دەیەوێ هورمز بکرێتەوە و ئێمە رێگە نادەین، چونکە ئێران رۆژانە 500 ملیۆن دۆلارى دەست دەکەوێت لە کرانەوەى تەنگەکە. تەنانەت هەڕەشە لەو کەشتییانەش دەکات کە دەکرێنە ئامانج ئەگەر بە هەر سەودایەک ئێران رێگەى تێپەڕبوونیان بدات.
لەلایەکى دیکەشەوە لە لێکەوتەى داخستنى تەنگەی هورمز، دوو هاوپەیمانەکەى ئێران، چین و رووسیاى خستووەتە دەرەوەى شەڕەکە، رووسیا سوودمەندێکى گەورەى داخستنى هورمزە و پێدەچێت لەگەڵ ئەمریکا لەوەدا هاوڕا بوون، کە بەهۆیەوە ئەمریکا چاوپۆشى لە هەناردەى نەوت و غازى رووسى دەکات بۆ بازاڕەکانى جیهان و بەهۆیەوە رووسیا رۆژانە سەتان ملیۆن دۆلارى دەست دەکەوێت. چینیش بەهۆى ئەو زیانە ئابوورییانەى پێى گەیشتووە، بەتایبەتى لە بە ئامانجگرتنى وڵاتانى کەنداو لەلایەن ئێرانەوە کە سەرچاوەى سەرەکىی دابینکردنى نەوتى چین و بازاڕێکى گەورەى ساخکردنەوەى کاڵاى چینى بوون. بەوەش چین کەوتە نێوان دوو بژاردەوە کە نەتوانێت لایەنگیرى راستەوخۆى ئێران بکات.
هەروەها وڵاتانى ئەورووپا وەک زەرەرمەندێکى گەورەى ئەم جەنگەش کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە دەبێت دواجار بەناچارى ئەگەر راستەوخۆش نەچنە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، دەبێت سەنگەر لە ئێران بگرن بەهۆى ئەوەى سەرچاوەکانى دەستخستنى وزەى داخستوون کە وڵاتانى کەنداو بوون. لەلایەکى دیکەشەوە دەبێت رووى کەشتیەکانیان وەرگێڕن رووە و ئەمریکا نەوت و غاز لە ئەمریکا بکڕن.
جیاواز لە هەموو ئەو دەستکەوتانەى ئەمریکا بەدەستى هێناوە لە بوارى ئابووریدا، لە رووی هەڵوێستى سیاسیشەوە جیهانى خستووەتە دۆخێکەوە کە ئەگەر پشتیوانیى ئەمریکا و ئیسرائیلیش نەکەن، نابن بە پشتیوانى ئێران. هەموو ئەوەش بەهۆى ئەو چەکەوەیە (تەنگەی هورمز) کە هەندێک بە هەڵە خوێندنەوەیان بۆ کرد و بە چەکى ئەتۆمى دەستى ئێران دەیانشوبهاند، بەڵام دەرکەوت چەکى بەهێزى دەستى ئەمریکایە.
ئەمە بەشێکى دەستکەوتەکانى ئەمریکایە لە تەنگەی هورمز.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ