متمانە لەمامەڵەکردنی نێوان دوو لایەنی جیاواز لەهەر رەهەندێکی ژیاندا بێت پرەنسیپێکی نەگۆڕە، بەڵام لە جیهانی سیاسەتدا متمانەی گشتی و بەردەوام نییە، بەتایبەت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا نەبونی متمانە زاڵە، بەڵام گرنگ بەرزی رێژەکە نییە ئەوەندەی کە بونی بنچینەیەک بەس بێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ، ئەمەش ئەوەی لەسەر زەوی رودەدات و بەکردەوە دەبینرێت یەکلایی دەکاتەوە بۆ ئامادەکردنی کەش و هەوای مامەڵەکردن و دانەبڕانی یەکجاریی. نەک لێدوان و وتاردان.
پەیوەندی 47 ساڵەی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو رێژە کەمەشی تیادا نەماوە، راستە بەردەوامیی دژەلێدوانەکانی ترەمپ کاریگەریی راستەوخۆی هەیە، بەڵام پرسی نەمانی متمانە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دوژمنەدا لەوە کۆنتر و قوڵترە.
لە کتێبی هونەری دانوستان، وەزیری دەرەوەی ئێران متمانە دەکات بە دوو بەشەوە، متمانە بە لایەنی بەرامبەر کە دەوڵەتە، لەگەڵ ئەو کەسەی کە راستەوخۆ قسەی لەگەڵ دەکەیت، ئێران بەرامبەر لەم دۆخەی هەنوکەدا متمانەی نە بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەیە، وە نە بە کەسایەتییە دانوستکارەکان و سەرۆکەکەشی -دۆناڵد ترەمپ-هەیە، بە پێچەوانەی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا -باراک ئۆباما- کە توانی متمانەی ئێرانییەکان بەدەست بهێنێت. هەر بۆیەشە سەرانی تاران داوای جێگری سەرۆک – جی دیڤانس- یان کرد لە بری ستیف ویتکۆف و جارید کۆشنێر.
بێمتمانەیی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە دوو لایەنەیە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابوردوو، هەر لەکاتەکانی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، پاشان بۆ ساڵی 1992 لەو کاتەدا کۆمەڵێک بارمتەی ئەمریکی لای حزب اللە ی لوبنان بوون، هاشمی رەفسنجانی سەرۆک کۆمار بوو، عەلی خامنەئییش رابەری باڵا بوو، بۆ نیازپاکی و کردنەوەی دەرگایەکی ئێرانی بەڕووی پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوادا، رەفسنجانی پێشنیازی ئازادکردنی بارمتەکانی کرد و ئازادیشی کردن، بەڵام ئەمریکییەکان پاشگەزبونەوە لە ئەو بەڵێنانەی دابویان بە ئێران، ئەمەش بو بە مایەی ئەوەی کە خامنەئی سەرزەنشتی رەفسنجانی بکات لەسەر ئەو سادەیی و بێئاگاییەی لێی دەرکەوت. هەروەها لە ئەفغانستان و عێراقیش هەمان ئەزموون چەندبارە بووەتەوە.
بەڵام ئەوەی متمانەی لە دڵی ئێرانییەکاندا بەتەواوی بەرامبەر ئەمریکییەکان سڕیەوە، پاشەکشەی ئەمریکای ترەمپ بوو لە رێکەوتنامەی ساڵی 2015 ئەتۆمی نێوان ئێران و گروپی وڵاتانی 5+1 کە لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێک دێت، ترەمپ هات و وتی ئەمە مامەڵەیەکی خراپە بۆ ئەمریکا، لە 2018 پاشەکشەیکرد و سزاکان بەسەر ئێراندا سەپێنرانەوە، جۆ بایدنی دیموکرات کە هاتە کۆشکی سپی نەگەڕایەوە بۆ رێکەوتننامەکەی ئۆباما، ئەنجامەکەشی ئەم جەنگەیە کە کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان بە جێهێشتووە.
کۆتا دوو خولی دانوستانەکانی 2025 و 2026 دوو ئەڵقەی زنجیرەی مێژووی بێمتمانەیی ئەو دوو وڵاتەیە، لەکاتی بەڕێوەچونی گفتوگۆی نێوان شاندی هەردولا بە ئامانجی رێکەوتن، ئەمریکییەکان بە فیتی ئیسرائیل هێرشی سەربازییان بۆ سەر خاکی ئێران دەستپێکرد، بە سەختی ئەو وڵاتەیان بۆردومان کرد، سۆزان مالۆمی بەڕێوەبەری پرۆگرامی سیاسەتی دەرەوەی پەیمانگای برۆکیگنر لە دیدارێکی درێژ لەگەڵ نیویۆرک تایمز لە 3-4-2026 دا لە بابەتی ئەگەری دانوستانی هەردوولایەنی جەنگدا دەڵێت: ئێرانییەکان هەست بە تاڵاو دەکەن بەهۆی ئەو ئەنجامەی کە گفتوگۆکانی پێش شەڕی دوانزە رۆژەی حوزەیرانی 2025 پێگەیشت، گفتوگۆکان لەوکاتەدا وەک سەرەتایەکی رێخۆشکەر بوون بۆ کردە سەربازییەکان، تاوەکو ئاستێکیش وەک فێڵێک بۆ خەڵەتاندنی ئێرانییەکان بەکارهێنرا.
سەرۆکی ئەمریکاش بۆ خۆی لە شەڕی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025 گوتی "ئێرانییەکانم خەڵەتاند". لەم جەنگەی هەنوکەشدا هەمان حاڵەت دوبارە بویەوە، لەو کاتەی کە هەموولا دانوستانێکی ئومێدبەخشیان دەبینی، بەڵام لەناکاو لەبەرەبەیانی 28-2-2026 دا هێرشێکی بەرفراوانییان کردە سەر وڵاتی ئێران، رابەری وڵاتیان کوشت. زانیارییەکان دەڵێن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل – بنیامین نەتانیاهۆ- لە 11-2-2026 لە ژورێکی تایبەتی کۆشکی سپی قەناعەتی بە ترەمپ هێنا.
ئەمانە و ئەندازەی دژەلێدوانی ترەمپیشی هاتەسەر، نیویۆرک تایمز لەسەروتارەکەیدا لە 31-3-2026 دا نووسی کە لە بەشی یەکەمی خولی یەکەمی ترەمپدا بەگوێری CNN رۆژانە هەشت درۆی بەردەکەوێت، بەڵام ئێستا ئەوەندە رێژەکەی زۆر بووە کەس باسی ناکات و بیری لێناکاتەوە چونکە راهاتوون لەگەڵیدا..بۆیە ئێرانییەکان ئێستا بێ گومانن لەوەی کە ئەوەی ترمپ دەیڵێت پێچەوانەکەی ئەنجام دەدات. ئێستا وەک پێوەرێکی هەڵسەنگاندنی رەفتارەکانی ترمپ هەژمار دەکرێت.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشوتری ئێران، لە یادداشتەکانیدا ئەو بێ متمانەییەی نێوان تاران و واشنتن دەگێڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە:
1- ئیسرائیل، یەکەمین لایەنی خاوەن بەرژەوەندییە لە خراپی پەیوەنددیەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا..چونکە ئیسرائیل بە دەست و مەچەک و چەک و پارەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و دۆستەکانیدا دەجەنگێت.
2- لۆبی ئیسرایل لە ئەمریکا کە بۆ هەمان مەبەستی یەکەم واتە بەرژوەندیی ئیسرائیل کاردەکەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ زایۆنییە-مەسیحییەکاندا، کە پێیان دەوترێت کەنیسە ئینجیلییەکان.
3- وڵاتە عەرەبییەکان ناوچەکە..گەورەترین سەرئێشە بۆ خۆشیان و ئێرانیش ئەمانەن، چونکە نەیاتوانیوە کە چوارچێوەیەکی سیاسیی و ئاسایشیی بۆ خۆیان لە ناوچەکەدا دروست بکەن، چاویشیان بەئێران هەڵ نایەت بە هۆکاری مێژویی، بۆیە ئەمریکایان هێناوەتە ناوچەکە و کەوتونەتە داوی پڕوپاگەندەی رۆژئاوا کە ئێران ترسە بۆ سەریان، وەک زەریف دەڵێت ئەمریکییەکان وایانکرد کە پەیوەندی نێوان ئەوان و ئێران ئاسایشی بێت نەک سیاسیی و ئابوری، ئەمە یەکێکە لەو جومگانەی ئەمریکا بەبەردەوام کاری لەسەر کردووە تا کەلێنی نێوان وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێراندا فراوانتر بێت و خۆیان لەو نێوەندەدا یاری بکەن.
لەم جەنگەی ئێستادا چەندەها رۆژنامەی ئەمریکی بڵاویانکردەوە وڵاتانی کەنداو بەتایبەت شانشینی سعودییە، هانی ئەمریکا دەدات تاوەکو بە قورستر بۆردوومانی ئێران بکات، هەروەها لەکاتی واژوکردنی رێکەوتنامەی ئەتۆمیی 2015 ئەو وڵاتانە دڵگران بوون، نەیاندەویست رێکەوتنامە بکرێت.
لەبەرامبەردا، عەرەبەکان دەڵێن کە هەستی پاوانخوازیی ئێران لە ناوچەکەدا و ئارەزووی تەشەنەپێدانی تایفەگەرایی، هۆکارێکی سەرەکی خراپی پەیوەندییەکانە لەگەڵیاندا. ئەم هۆکارانە سەرەکین، بەڵام تەنها ئەمانە نین کە متمانەی نێوان ئێران و ئەمریکایان لە رەگ و ریشەوە سڕیوەتەوە، وەک ویستی ئێران بۆ جێگیرکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، ئەمەش مێژووی هەیە و تەنیا لەسەدرەمی رژێمی فەرەمانڕەوای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەری هەڵنەداوە. کاریگەریی ئەم بێمتمانەیە لەسەر ئەم ئاگربەستە چییە؟ کە رێژەی متمانەی دوو وڵات بەیەکدی لەم ئاستە و بەمجۆرە بێت، چۆن بگەنە رێکەوتن؟ تاران بەهیچ جۆرێک باوەڕی بە بەڵێن و پەیمانی واشنتن نییە، بۆیە رژدە لەسەر گەرەنتی نێودەوڵەتی بەتایبەت پەیوەندیدار بە هەڵگرتنی سزا ئابورییەکان، لە بەرامبەردا ئەمریکییەکان دەڵێن کە ئێرانییەکان پیتاندنی یۆرانیۆمییان گەیاندۆتە ئاستی %60 ئەمەش زۆر زیاترە لە بەکارهێنانی پیشەسازی سیڤیلی، بە واتایەکیدی ئامانجی ئێران گەیشتنە بە رێژەی %90 ئاستی بەرهەمێنانی بۆمبی ئەتۆمی.
لەم کاتەدا، پاش راوەستانی کاتیی جەنگ، یەکەمین و گرنگترین هەنگاو بریتییە لە دروستکردنی متمانە، ئەمەش ئەرکی قورسی وڵاتانی نێوەندگیرە، ئەگینا بە هەمان هەست و گیانی پێشویانەوە و بە بوونی نەتانیاهۆ لە کایەکەدا، هەرەس هێنانی ئاگربەست و سەرهەڵدانەوەی جەنگ ئەگەرێکی نزیتکرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ