ئەم نووسینە، دووبارە خوێندنەوەی بەرپرسیارێتییەکی فەرامۆشکراوە؛ رەخنەیەکی ناوخۆییە بۆ رزگارکردنی ئەو ئامانجانەی لە تەمومژی ململانێیە تەزێنەرەکاندا، خەریکن لەبار دەچن.
ئەم تێبینییە بە روانینێکی بەرپرسانە و هەڵقوڵاوی نێو ئەزموونە سەختەکانی خەبات و ژیان، وردبوونەوەیە لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان؛ دۆخێک کە تێیدا درزە سیاسییەکان، پووکانەوەی متمانەی گشتی و تێکەڵبوونی بژێوی و ئاسایش، ئیتر تەنیا کۆمەڵە قەیرانێکی لێکجودا نین، بەڵکو بوونەتە پێکهاتەیەکی ئاڵۆز کە بەردەوام قەیران بەرهەم دەهێنێتەوە.
میراتی خوێن و ئەمانەتی مێژوو
پێش هەر شیکارییەک، دەبێ ئاماژە بە راستییەکی ئەخلاقیی سادە بکەین: ئێمە لە ئاست قوربانیدانی ئەوانەی رۆیشتن و گیانی خۆیان لەپێناو ئامانجێکدا بەختکرد، بەرپرسین. ئێمە قەرزداری ئەو خێزانانەین کە رەنجی شەڕ، ئاوارەیی، کۆمەڵکوژی و ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان کێشا. ئەم قوربانیدانانە تەنیا یادەوەری نین؛ بەڵکو ئەمانەتێکی مێژوویین کە نابێ بە بێباکی بەسەریاندا تێپەڕین.
ئێمە نەوەیەکین کە لەنێو ئاوارەیی و رۆژگارە دژوارەکاندا هاتووین. ئەم ئەزموونانە بەشێکن لە یادەوەری زیندووی ئێمە. ئەوانەی رۆیشتن، عاشقی ژیان بوون؛ ئەوان رۆیشتن تاوەکو ئەمڕۆ دەرفەتی ژیان بۆ کەسانی دیکە بڕەخسێت. هەر ئەم راستییە، بەرپرسیارێتییەکی قورس دەخاتە سەر شانمان: بەرپرسیارێتیی پاراستنی دەستکەوتەکان و هۆشداریدان لەو رێگەیانەی کە دەبنە هۆی هەرزانفرۆشکردن و بێماناکردنی ئەم دەستکەوتانە.
ئاساییبوونەوەی قەیران و توانەوەی ئومێد
بەڵام کێشەی سەرەکیی ئەمڕۆ، «ئاساییبوونەوەی قەیران»ە. ژیان لە دۆخی هەڵپەسێردراوی هەمیشەییدا، ئومێد وردە وردە لەنێودەبات و ترسێکی بێدەنگ، بەڵام بەردەوام لە داهاتوو، جێگەی دەگرێتەوە. خەڵک ئەمڕۆ پرسیارێکی جیدییان هەیە: ئەگەر دوای ئەم هەموو رەنج و خەباتە، هێشتا نەتوانین بگەینە سەقامگیری و حوکمڕانییەکی دروست، داهاتوو چۆن دەبێت؟
پێویستە بەرپرسان بزانن کە هیچ حیزبێک لە سەرووی میللەتەوە نییە. خەڵک بەپێچەوانەی تێگەیشتنی هەندێک کەس، بێدەنگ و بێدەسەڵات نین. ئەوان گەیشتوونەتە ئاستێکی ئەوتۆ لە هۆشیاری کە بێدەنگییان بەواتای تێنەگەیشتن نییە؛ بەڵکو بە واتای سەبر و هەڵسەنگاندنی کارکردی دەسەڵاتە.
بەڵام دەبێ بزانرێت کە ئەم سەبرە بێسنوور نییە و هەرگیز نابێتە جێگرەوەی چاکسازیی راستەقینە.
دەبێ بە راشکاوی باسی زیانێکی گەورە بکەین: ئەو مەودایەی کە کەوتووەتە نێوان واقیعی کۆمەڵگە و ئەوەی لە ژوورە داخراوەکانی راوێژکارییەوە دەگاتە دەسەڵاتداران . راوێژکاری کاتێک بەهای هەیە کە بە بوێرییەوە راستییەکان بڵێت، نەک تەنیا ئەوە دووبارە بکاتەوە کە دەسەڵات پێیخۆشە. دەسەڵاتێک کە تەنیا دەنگی خۆی لە ژوورە داخراوەکاندا ببیستێتەوە، پێش ئەوەی لە ململانێ لەگەڵ نەیارەکانیدا بدۆڕێت، بە بێدەنگیی ساردی شەقام دۆڕاوە.
ئابووری حیزبی و شکۆفەی ژیانی سیاسی
لە ئاستی پێکهاتەییدا، کاتێک بژێوی خەڵک بە پێکهاتە حیزبییەکانەوە گرێدەدرێت، چەمکی «هاووڵاتیی سەربەخۆ» کاڵ دەبێتەوە. لێرەوە پرسێکی دیکە سەرهەڵدەدات کە پەیوەندی بە سەرمایەی مێژوویی شێوازی ژیانی سیاسییەوە هەیە.
لە ئەزموونی مێژوویی زۆر لە بزووتنەوەکاندا، نزیکیی شێوازی ژیانی بەرپرسان لەگەڵ خەڵک، رەگەزێکی سەرەکیی متمانە بووە، بەڵام ئەمڕۆ، فراوانبوونی هۆشیاریی گشتی و شەفافیەت، وایکردووە ئەم مەودایە زیاتر لە جاران بکەوێتە بەر دادوەریی خەڵک. پاراستنی هەستیاری بەرامبەر بەم سەرمایە ئەخلاقییە، تەنیا پرسێکی رەمزی نییە، بەڵکو میکانیزمی پاراستنی متمانەیە؛ هەر کەسێك لەم بەهایانەدا، دەبێتە هۆی دابڕانێکی دەروونیی قووڵ کە هیچ دەستکەوتێکی دارایی قەرەبووی ناکاتەوە.
حیزب لە جیهانی هاوچەرخ دا
لە جیهانی سیاسیی هاوچەرخ دا، حیزب چیتر ناتوانێت تەنیا وەک ئامرازێک بۆ پاراستن و دابەشکردنی دەسەڵات بمێنێتەوە. حیزب ئەوکاتە واتا پەیدا دەکات کە ببێتە دامەزراوەیەک بۆ بەرجەستەکردنی ئیرادەی گشتی و بەرهەمهێنانی سیاسەتی گشتی؛ نەک تەنیا میکانیزمێک بێت بۆ کێبڕکێ و چەسپاندنی دەسەڵات.
لەو ڕوانگەیەوە، کێشەی سەرەکی، رەتکردنەوەی حیزبەکان نییە، بەڵکو هۆشداریدانە لە پاشکەوتنیان لەو لۆژیکە سیاسییەی جیهانی هاوچەرخ؛ پاشکەوتنێک کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ توانای نوێنەرایەتیکردن و شکۆی دامەزراوە سیاسییەکان لاواز دەکات. ئەو دامەزراوانەی کە خۆیان لەگەڵ سەردەمەکەدا پێناسه نەکەنەوە، ناچارن نەک لە مەیدانی کێبڕکێی سیاسی دا، بەڵکو لە یادەوەریی پاشکەوتوویی مێژوودا جێگەیان ببێتەوە.
نێوبانگی نێودەوڵەتی؛ رەنگدانەوەی یەکڕیزیی ناوخۆ
هێزی دەرەکیی هەر کۆمەڵگەیەک، رەنگدانەوەی یەکڕیزیی ناوخۆییەتی. سیاسەتی دەرەوە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی سیاسەتی ناوخۆ، بەڵکو دەبێ درێژەپێدەری ئەوبێت.
گرێکوێرە لە پێکهێنانی حکومەت دا، پەیامێکی نەرێنی لەبارەی توانای حوکمڕانیی ناوخۆییمان دەگەیێنێت. جیهان رێز لە کۆمەڵگەیەک دەگرێت کە یەکگرتوو و دیمۆکرات بێت، نەک کۆمەڵگەیەک کە تەنیا هونەری ئێستای، نیشاندانی بەردەوامی رەنج و ئازارەکانی بێت بە دونیا.
کاتی بڕیار: چاکسازی یان هەرەس؟
تەبایی نیشتمانی پێویستییە بۆ رزگاربوون. هەر دواکەوتنێک لە داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە، تەنیا گواستنەوەی قەیرانە نەک چارەسەرکردنی. مێژوو لەم ساتانەدا تەنیا تۆمار دەکات: ئەو نەتەوانەی دەرفەتی چاکسازییان لە کاتی خۆیدا بە رژدی نەگرت، باجی بڕیارەکەیان لەکاتێکدا دا کە ئیتر زۆر درەنگ ببوو.
ئەگەر رۆژێک متمانە بە تەواوی هەرەس بهێنێت، مێژوو تەنیا یەک وێنەی لە یاد دەمێنێت:
نەتەوەیەک کە بۆ داهاتوو جەنگا، بەڵام لە ساتی بڕیارداندا، داهاتووی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ