لە مێژووی گەلاندا، زۆر جار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت و پێی دەگوترێت هۆنینەوەی پرچ "کەزی"، تەنیا ئەکتێکی سادەی پشتگیری یان نمایشێکی کاتی نییە، بەڵکو بە بڕوای شارەزایانی زانستە سیاسییەکان، ئەمە لە رەهەندە سەرەتاییەکەی دەرچووە و گۆڕاوە بۆ "شۆڕشێکی نەرم" کە تەواوی تێڕوانینە جیهانییەکانی بەرامبەر بە ناسنامە و جەوهەری تێکۆشانی کورد گۆڕیوە. ئەمڕۆ "شۆڕشی کەزی" گوزارشت لە قۆناخێکی نوێی هۆشیاریی نەتەوەیی دەکات.
یەکێک لە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین رەهەندەکانی ئەم جووڵە فراوانەی کەزی (پرچ هۆنینەوە)، ناسنامەی بەشداربووانێتی. بۆ ماوەیەکی درێژ، دەنگۆ و تێڕوانینێکی باو هەبوو گوایە نەوەی نوێ و گەنجان لە هەستی نیشتمانی دابڕاون و سەرقاڵی ژیانێکی دوور لە خەمە نەتەوەییەکانن، چیدیکە سەرپێسپاردن نەماوە، بەڵام "شۆڕشی کەزی" ئەم تێڕوانینەی بەتەواوی هەڵوەشاندەوە. زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە ریزەکانی پێشەوەی ئەم بەرخودانە مەدەنییەدا دەبینرێن، گەنجان و تازەپێگەیشتووانن. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە هەستی سەرپێسپاردن لەناو ئەم نەوەیەدا نەک کاڵ نەبووەتەوە، بەڵکو بە فۆرمێکی مۆدێرن و کاریگەرتر سەری هەڵداوەتەوە. گەنجان نیشانیان دا دەتوانن لە رێگەی هێماکانەوە، گەورەترین پەیامی سیاسی بگەیەنن و ببنە پێشڕەوی خۆپێشاندانەکان.
شارەزایانی سیاسی پێمان دەڵێن کە "شۆڕشی نەرم" یان بەکارهێنانی سیمبوولەکان بۆ گۆڕانکاری، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە. لە شۆڕشی فەرەنسادا لە ساڵی 1789، کاتێک ژنانی پاریس رێپێوانێکی مێژووییان بەرەو کۆشکی "ڤێرسای" دەستپێکرد، چەکی سەربازییان بەکارنەهێنا، بەڵکو تەنیا بە هێزی ئیرادە و رێپێوانێکی مەدەنی توانیان پاشایەتیی فەرەنسا بلەرزێنن. ئەو رێپێوانە بووە سیمبوول تێکشکاندنی ستەمکاریی.
کڵاوی "فریجی" (Phrygian cap) نموونەیەکی دیکەی جیهانییە. ئەم کڵاوە کە رەگەکەی بۆ سەردەمی رۆمەکان دەگەڕێتەوە و دواتر لە شۆڕشی فەڕەنسادا بووە هێمایەکی سەرەکی، هێمای رزگاربوون بوو لە نایەکسانی و هەژموونی چینایەتی. هەر کەسێک ئەو کڵاوەی لەسەر بکردایە، پەیامێکی سیاسیی روونی دەدا: "من ئازادم". ئەمڕۆ پرچکردن بە کەزی هەمان ئەو رۆڵە دەبینێت؛ بووەتە زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو ئەوانەی تینووی دادپەروەری و ئازادین.
لە مێژووی نێوخۆیی خۆماندا، نموونەی هەرە دیار "جامەدانیی سوور"ە. ئەوەی لە ناوچەی بارزانەوە وەک پۆشاکێکی ناوچەیی دەستی پێکرد، بەهۆی زوڵم و ستەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، گۆڕا بۆ هێمایەکی نەتەوەیی و سیاسیی گەورە. جامەدانیی سوور تەنیا پارچە قوماشێک نەبوو، بەڵکو ناسنامەیەک بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نیشاندانی ئازایەتی.
ئەمڕۆ "کەزی" تەواکاری ئەو مێژووەیە. ئەگەر دوێنێ جامەدانیی سوور رەمزی بەرگریی شاخ و پێشمەرگایەتی بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ کەزی هۆنینەوە بووەتە رەمزی بەرگریی مەدەنیی شار و گەنجان. ئەم شۆڕشە پێمان دەڵێت کورد هەمیشە دەزانێت چۆن لە ناو جەرگەی ئازار و ستەمدا، هێمایەک بۆ ژیان و ئازادی دابهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ