کەناڵە گەورەکانی هەواڵ، مێژووی درێژیان هەیە لە بەکارهێنانی رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بۆ ئاشکراکردنی مەترسییە تەندروستییەکان لە سیستەمی خۆراکی دا؛ لە بەرگریی دژەبەکتریا لە ئاژەڵ دا بیگرە تاوەکو پیسبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە "دەرمانی قڕکەر".
ئەو کەناڵانەی خەمی گشتییان هەیە، خەڵک ئاگاداردەکەنەوە و لە پشتیان دەوەستن، گوێنادەنە کۆمەڵێک بازرگان کە بۆ پارەکۆکردنەوەیەکی نادروست نەخۆشیی لەنێو خەڵک دا بڵاودەکەنەوە. ئەم راپۆرتانە زۆرجار دەبنە هۆی گۆڕانکاریی و بەرچاوی روونی دەدەنە حکومەت یان حکومەت ناچار دەکەن گۆڕانکاریی بکات، کۆمپانیا و شوێنەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی ناچاردەکەن شێوەی بەرهەمهێنان و جۆری بەرهەمی هاوردەکراو بگۆڕن .
تۆڕی میدیایی رووداو لەم رووەوە ئەزموونی زۆری هەیە لەپێناو وشیارکردنەوەی خەڵک لە بەرهەمی هاوردەکراوی خراپ و، دیاریکردنی رێگەی دروست و تەندروستی بەرهەمهێنان لە رێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ شارەزایانی ئەو بوارە . ئەم کارە میدیاییانە پێیاندەگوترێت "Media Activism" یان "Watchdog Journalism" . گرنگی ئەم کارە میدیاییە لەوەدایە؛ کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرە ساختەکارەکان دەترسن، خاوەن کار و بەرهەمە باشەکانیش دڵخۆش دەبن، چونکە خراپەکان نێوبانگیان لەدەستدەدەن، یاساکان دەگۆڕدرێن، بۆ نموونە یاسای پاراستنی خۆراک لە ئەمریکا FSMA لە ساڵی 2011 دوای زنجیرەیەک لەم راپۆرتانە و لە ئەنجامی چاکسازی لە یاساکان دا تووندترکرا. بەکاربەر (خەڵک) فێردەبێت کە سەیری "لەیبڵ" و پێکهاتەی خواردنەکان بکات.
بۆ ئەوەی ئەزموونی کەناڵە گەورەکانی جیهان بزانین، لێرەدا هەندێکیان بۆ نموونە باس دەکەم.
لە ساڵی 2019– 2020 BBC کارێکی میدیایی بنکۆڵکاری کرد لەبارەی مریشکی ئەمریکی کە بە "کلۆر" دەشۆردرێتەوە. لەبەرئەوەی کێڵگەکانی ئەمریکا زۆر پیسن و مریشکەکان نەخۆشن، لە کۆتاییدا بە کلۆر دەیشۆنەوە بۆ ئەوەی بەکتریای پێوە نەمێنێت.
ئەمە بووە کێشەیەکی گەورە لە بەریتانیا و خەڵک رێگرییان کرد لە هاوردەکردنی گۆشتی مریشکی ئەمریکی. حکومەتی بەریتانیا ناچاربوو بەڵێن بدات کە رێگە بە هاتنی ئەو جۆرە مریشکە نادات.
ساڵی 2019 و 2022 CNN لێکۆڵینەوەی کرد لەبارەی کێڵگەکانی شیر لە ویلایەتی مەین، کە دەرکەوت شیرەکەیان بڕێکی زۆر ژەهری PFAS ی تێدایە. ئەم ژەهرە لەو دەرمان و پاشماوانەوە هاتبوو کە وەک "پەیین" درابوونە زەوییە کشتوکاڵییەکان. خاوەن کێڵگەیەک ناچاربوو هەموو مانگاکانی لەنێوببات چونکە شیرەکەیان پەیوەندی هەبوو بە دروستکردنی شێرپەنجەوە .
حکومەتی ئەمریکا و ئاژانسی پاراستنی ژینگە EPA بۆ یەکەم جار ستانداردی تووندی بۆ ئەم ماددانە دانا لە ئەنجامی لێکۆلینەوە و دوای ئەم راپۆرتانە. کۆمپانیای (3M) کە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرەکان، رایگەیاند کە تاوەکو ساڵی 2025 بەرهەمهێنانی ئەو ماددانە رادەگرێت دوای ئەوەی بە ملیاران دۆلار قەرەبووی دایە زیانلێکەوتووان .
سەرەتای ساڵی 2013 کەناڵی BBC لە بەرنامەی پانۆراما بە ناونیشانی "The Horsemeat Scandal" دەریخست ئەو گۆشتەی بەناوی گۆشتی مانگا دەفرۆشرێت، گۆشتی ئەسپە و تێکەڵی دەرمانی ڤێتێرنەری (Phenylbutazone) کراوە کە بۆ مرۆڤ مەترسیدارە و دەبێتە هۆی کەم خوێنییەکی کوشندە (Aplastic Anemia) .
ئەمە بووە هۆی، کشاندنەوەی ملیۆنان بەرهەمی گۆشت لە مارکێتەکانی وەک (Tesco) و (Aldi) . داخرانی چەندین کارگەی گەورە لە فەرەنسا، رۆمانیا و پۆڵەندا. دروستکردنی "یەکەی تاوانی خۆراک" (Food Crime Unit) لە بەریتانیا بۆ رێگری لە فێڵکردن لە خواردن دا.
ساڵانی 2010 و 2013 کەناڵی CBS بەرنامەی 60 Minutes راپۆرتێکی بە ناونیشانی "The Chicken Commandos" و دواتر راپۆرتی دیکەی بڵاوکردەوە. دەریانخست کە ٨٠٪ی هەموو ئەو ئەنتی بایۆتیکانەی لە ئەمریکا بەرهەم دێن، دەدرێنە ئاژەڵ و مریشکەکان نەک بۆ چارەسەر، بەڵکو بۆ ئەوەی زوو قەڵەوبن. ئەمە وایکردبوو بەکتریای مەترسیدار وەک Salmonella دروستببن کە هیچ دەرمانێکیان تێدا کار ناکات.
کۆمپانیای Tyson Foods و Perdue کە گەورەترینن لە جیهان دا، ناچاربوون بڕیاربدەن بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیک رابگرن. کۆمەڵەی پزیشکانی ئەمریکا AMA هۆشداری تووندیان دا و حکومەتیان ناچارکرد لە ساڵی 2017 دا یاسای VFD دەربکات کە بەکارهێنانی دەرمانی بۆ گەشەی ئاژەڵ قەدەخەکرد.
ساڵی 2012 کەناڵی ABCnews راپۆرتێکی لەبارەی گۆشتی ئاژەڵ بڵاوکردەوە، ئەوەی ئاشکراکردبوو هەندێ کۆمپانیا پاشماوەی ئەو بەشانەی گۆشت کە چەورییەکەی زۆرە و زۆرجار بۆ خواردنی سەگ بەکاردێن تێکەڵی گۆشتی قیمەکراوی نێو مارکێتەکان دەکەن. بۆ ئەوەی بەکتریای تێدانەبێت، گۆشتەکەیان بە "گازی ئەمۆنیا" پاک کردووەتەوە. ئەمە وەکو ئابڕووچوونێکی گەورە پیشاندرا، فرۆشی گۆشتی قیمە لە ئەمریکا بە رێژەیەکی خەیاڵی دابەزی. کارگەی گەورەی BPI سێ کارگەی خۆی داخست. قوتابخانەکانی ئەمریکا بڕیاریاندا چیدیکە ئەو گۆشتە نەدەنە خوێندکاران. دواتر CBS و CNN راپۆرتی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە.
ساڵی 2011 بۆ 2012 بەرنامەی دکتۆر ئۆز The Dr. Oz Show لەگەڵ CBS و دواتر CNN لێکۆڵینەوەیان کرد لەبارەی بوونی ماددەی (Arsenic) کە ژەهرێکی کوشندەیە، لەنێو برنج و شەربەتی سێوی منداڵان دا. دەرکەوت بەهۆی ئەو دەرمانە قڕکەرانەی لە کشتوکاڵ دا بەکاردێن، ئەم ژەهرە لەنێو زەوی دا دەمێنێتەوە و دەچێتە نێو بەرهەمەکە.
رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA ناچاربوو ستانداردی نوێ دابنێت و بڕی ئارسنیک لە شەربەتی سێودا سنووردار بکات بۆ ١٠ بەش لە ملیارێک دا (وەک ئاوی خواردنەوە).
FOXnews زنجیرەیەک راپۆرتی لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2012 ئەنجامدا، راپۆرتەکان نیشانیاندا سەربڕخانەکان بە شۆکی کارەبایی و گوشار، ئەو مانگایانەی کە زۆر نەخۆشن و ناتوانن بڕۆن (کە ئەگەری زۆر هەیە نەخۆشی "شێتی مانگا"یان هەبێت)، ناچار دەکەن بچنە نێو هێڵی سەربڕینەوە بۆ ئەوەی گۆشتەکەیان بفرۆشن.
ئەمە بووە هۆی گەورەترین کشاندنەوەی گۆشت لە مێژووی ئەمریکادا (زیاتر لە 143 ملیۆن پاوەند گۆشت)، وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا USDA یاسایەکی نوێی دەرکرد کە بە هەموو شێوەیەک سەربڕینی ئاژەڵی "داڕماو"ی قەدەخەکرد، تەنانەت ئەگەر لەنێو سەربڕخانەکەشدا کەوتبێت.
ساڵی 1997-1998 دوو پەیامنێر (جەین ئەکرێ و ستیڤ ویڵسن) لە FOXnews بنکۆڵکارییەکیان کرد لەبارەی هۆرمۆنی گەشەی دەستکرد (rBGH) کە کۆمپانیای مۆنسانتا دروستیکردبوو و دەدرایە مانگا بۆ ئەوەی شیری زۆربێت. راپۆرتەکە دەریخست کە ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤ و هەوکردنی گوانی مانگاکان.
کۆمپانیای مۆنسانتا گوشاری خستە سەر FOXnews بۆ ئەوەی راپۆرتەکە بڵاونەکاتەوە. پەیامنێرەکان دەرکران، بەڵام دواتر لە دادگا سەرکەوتن. ئەمە وایکرد خەڵک هۆشیارببنەوە و ئێستا زۆر لە شیرەکان لەسەریان نووسراوە "No rBGH".
ساڵی 1996 BBC ی بەریتانی زنجیرەیەک راپۆرتی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەوەی چۆن خاوەن کێڵگەکان "پاشماوەی ئاژەڵی مردوو و ئێسک"یان کردووەتە ئالیک و داویانەتە مانگاکان. ئەمە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک کە مێشک دەخوات (BSE) و گواسترایەوە بۆ مرۆڤ و حکومەتی بەریتانیا ناچاربوو زیاتر لە چوار ملیۆن مانگا لەنێوببات. هەناردەی گۆشتی بەریتانی بۆ هەموو جیهان بۆ چەندین ساڵ قەدەخەکرا. یاسای ئالیکی ئاژەڵ لە هەموو جیهان دا گۆڕا.
لێرەدا لەبارەی کوردستانەوە دەمەوێت بڵێم ئەوەی (رەنج سەنگاوی) لە ماوەی کاری رۆژنامەڤانی دا کردوویەتی، هەندێجار زیاتربووە لەو کارانەی لە کەناڵەکانی ئەمریکا و ئەورووپا کراون . رەنج سەنگاوی بە بەرنامەکانی لەسەر خراپی بەرهەمە هاوردەکراوەکان ، بووە هۆی ئەوەی حکومەت بەر لە چەند ساڵ بڕیاری دامەزراندنی کوالیتی کۆنترۆڵ بدات و خوالێخۆش بوو د.موئەیەد عەبدولڕەحمان قۆجی کرایە بەڕێوەبەری وەک کەسێکی پسپۆڕ و خەمخۆری کوردستان .
هەروەها ئەوەی رەنج سەنگاوی لە رێگەی رووداوەوە کردوویەتی بۆ باشکردنی کوالیتی دەرمان کە زنجیرەیەک بەرنامەی لەسەر کرد و، حکومەت ئەوکات بڕیارنامەیەکی 28 خاڵی بۆ باشکردنی کوالیتی دەرمان دەرکرد . لەگەڵ چەندین بەرنامەی مێژوویی دیکە بۆ پاراستنی ژیان و گیرفانی خەڵکی کوردستان .
ئەوەی رەنج سەنگاوی کردوویەتی بۆ باشکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، رێگرتنە لە ساختەکاری کەسانێک کە بەرهەمی قەدەخەکراو و بێ کوالیتی لە دەرەوە دەهێنن بۆ خەڵکی کوردستان، ئەوەش بەرهەم و ژیانی خەڵکی کوردستانی پێ تێکدەدرێت . هەروەها بۆ ئەوەیە حکومەت کوالیتی کۆنترۆڵەکەی بەهێز بکات .
ئەوەی لە هەوڵەکانی نەهێشتنی بەرهەمی خراپ و ناتەندروست لە وڵاتی ئێمەدا تووڕەبێت، دیارە بەرژەوەندییەکەی بەوە تێکدەچێت.
خەڵکی کوردستان کە بەداخەوە هیچ بیمە و دەستەبەری تەندروستی نییە، بە ئاسانترین نەخۆشی کێشەی دارایی بۆ دروست دەبێت و دەکەوێتە ژێر باری قەرزەوە، ئینجا ئەگەر نەخۆشییەکە شێرپەنجەبێت دەبێت هەرچی لە ژیانی دا کۆیکردووەتەوە دایبنێ تاوەکو نەخۆشەکەی کەمێک زیاتر بژیت.
ئەمانە مشتێک لە خەرمانی کاری یەک ساڵی رابردووی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ن کە کارەکان هەمووی لە پێناوی خەڵک بوون، بەڵام لەوانەیە هەندێک لە کارەکان زیانی بە ساختەکاریی هەندێک کەس و چاوچنۆک گەیاندبێت کە دەیانەوێت قازانجی زیاتر لەسەر حیسابی تەندروستی خەڵک بکەن :
لە 16ی شوباتی ئەم ساڵ بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" دەرگەی خەڵوەتگەی پیریی کردەوە و گوێی لە ئازاری ئەو بەساڵاچووانە گرت کە دوای تەمەنێک لە خزمەتکردن، ئێستا تەنیا ماونەتەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وشیارییەکی کۆمەڵایەتی لەلای نەوەی نوێ دروست ببێتەوە بەرامبەر دایک و باوکیان و، هەروەها لە ئەنجام دا سەرمایەدارێکی نیشتمانپەروەریش لە سلێمانی بڕیاریدا خەڵوەتگەیەکی هاوچەرخی پیری لە شاری سلێمانی دروست بکات .
لە 25ی تشرینی دووەمی 2025 پەردەی لەسەر ژیانی ژینگەپارێزان هەڵماڵی و کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوەو خەڵک بە چاوی رێزی زیاترەوە ئێستا تەماشایان دەکات و یارمەتی درایە دەیانیشیان.
لە 21ی کانوونی یەکەمی 2025 مەترسی ملیاران پارچەی ئوتۆمبێلی بێ کوالێتی ئاشکراکرد کە ژیانی خەڵکی پێوە بەندە، فرۆشیارە بە ویژدانەکان شەرمەزار دەکات و پارەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان بە هەدەر دەدات.
لە 2ی کانوونی یەکەمی 2025 مەترسی بۆنی ساختە و هەڕەشەی بۆ سەر تەندروستی و گیرفانی خەڵک ئاشکرا کرد.
لە 19ی تشرینی یەکەمی 2025 لەبارەی هەناری هەڵەبجە، گفتوگۆی کرد کە چۆن ئەو بەرهەمە خۆماڵییە زیاتر بایەخی پێبدرێت.
لە 17ی ئابی 2025 نهێنییەکانی دروستکردنی ماست و ئالیکی ژەهراوی ئاشکرا کرد، هەروەها روونیکردەوە بەرهەمی شیرمەنی ناوخۆیی کوردستان چەندە لە بەرهەمی لە دەرەوە هاتوو باشترە .
لە 3ی ئابی 2025 بەرنامەیەکی تێر و تەسەلی کرد لەبارەی پشتیوانی لە کاسبکاران و ماسی فرۆشان و مەترسی لەنێوچوونی بەرهەمی خۆماڵی ماسی.
لە 27ی ئەیلولی 2025 ئاشکرای کرد کە چۆن خەڵک لە یەکەی نیشتەجێبوونی بێبەش دەکرێت و شوقەیەک بە نرخی 15 ساڵ کارکردنی ئاساییە، ئەمەش وەکو پشتیوانی بۆ خەڵک و گەنجان و ئەوانەی کرێچین.
لە 18ی ئایاری 2025 لەبارەی موووچەی خانەنشینان هاتە دەنگ، هەر ئەوکات زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین پێنج مانگ بوو مووچەیان وەرنەگرتبوو.
لە 23ی ئاداری 2025 لە بەرنامەکەی ئەوەی ئاشکرا کرد ساڵانە 22 ملیۆن دۆلاری هەرێمی كوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ كڕینی نەمام و دار، لە کاتێکدا کوردستان زۆر گونجاوە کە دار و نەمامی تێدا بەشی ناوخۆ و هەناردەکردنیش بەرهەم بێنین .
لە 23ی شوباتی 2025 باسی ئەو دووژمنە شاراوەی کرد کە لەنێو قاپ و پێداویستییەکان دا هەیە، بۆ نمونە فاس کە کوالیتی خراپ بێت چۆن خەڵک تووشی نەخۆشی دەکات.
هەر لە 2025 لە چوار بەرنامە باسی دانەمەزراندنی یەکەمەکان و خوێندنی حکومەی و کەرتی تایبەتی کرد و پشتیوانی لەوەکرد کەرتی گشتی زیاتر بایەخی پێبدرێت و هێشتاش لە هەندێ شوێنی کەرتی تایبەت باشترە .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ