جەنگی ئێران.. جەنگی ئەلگۆریسمەکان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
"لە کاتی بڕیاردانەوە تاوەکو هاوێشتنی بۆمبەکان، تەنیا 60 چرکە پێویستە". ئەوە قسەی بریکارێکی پێشووی مۆسادە کاتێک باسی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا" کرد. جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە لە 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و، لە یەکەم رۆژدا رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا، هێرشەکە بەخێراییەکی ئەوتۆ جێبەجێکرا کە پێناسەی "بە ئامانجگرتنی سەربازی" لە سەدەی بیستویەکدا گۆڕی.
 
ئێستا دوای نزیکەی دوو مانگ، هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتایی پێهاتنی شەڕ دیار نییە، سەرەڕای ئەو هەڵمەتە دیپلۆماسییەی لە ئیسلام ئاباد هەیە. هەرچەندە ئاگربەستەکە درێژکراوەتەوە، بەڵام کۆمپیوتەر و سیستمەکان لە رێگەی ئەلگۆریسمە ئاڵۆز و وردەکانیانەوە هەر سەرقاڵی دەستنیشانکردنی ئامانجەکانن بۆ لێدان. لە جەنگی ئێران دا کۆکردنەوەو پرۆسێسکردنی داتا و دەستنیاشنکردنی ئامانجەکانی جەنگ، بەتایبەتی لە رێگەی دوو مۆدێلی ژیریی دەستکردەوە، میسۆس (Mythos) و مەیڤێن  (Maven) دەکرێن. ئەم دوو سیستمە زیرەکە بۆ هەتا هەتایە شێوازی جەنگ کردنیان گۆڕیوە.
 
یەکەمین جەنگی ئەلگۆریسمی
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەلایەن شرۆڤەکارانەوە وەک "یەکەمین جەنگی ئەلگۆریسمی و ژیریی دەستکرد" ناسێندراوە. خێرایی، ژمارە و وردی هێرشەکان بەهۆی سیستمەکانی ژیریی دەستکردەوە بە شێوازێکی بەرچاو زیادی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا خێرایی بڕیاردان و پشتبەستن بە ژیریی دەستکرد، مەترسیی گەورەی بۆ سەر خەڵکی سیڤیلیش دروستکردووە. هەر موشەکێک کە دەتەقێنرێت، هەر درۆنێک کە بەسەر ناوچەیەکی ئامانجکراودا دەسووڕێتەوە، هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کە هاککراوە و هەر وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان، دەیان تێرابایت داتا دروست دەکەن کە بە شێوازی راستەوخۆ وەردەگیرێن و پرۆسێس دەکرێن. هیچ تیمێکی مرۆیی ناتوانێت بەو خێراییە ئەو شاڵاوەی زانیارییە پرۆسێس بکات بەچەشنێک کە لەڕووی تاکتیکییەوە سوودی هەبێت.
 
براد کوپەر، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، بە ئاشکرا دەڵێت " سیستمەکانی ژیریی دەستکرد یارمەتی سەربازانی ئەمریکی دەدەن لە چەند چرکەیەکدا بە ناو ژمارەیەکی سەرسووڕهێنەری داتادا بگەڕێن بۆ ئەوەی سەرکردەکانمان بتوانن بڕیاری زیرەکانەتر و خێراتر بدەن، پێش ئەوەی دووژمن بتوانێت کاردانەوەی هەبێت". کۆپەر دەڵێت ئەو بڕیارە سەربازییانەی کە پێشتر کاژێرێک یان هەندێکجار چەند رۆژێکیان دەخایاند، ئێستا بۆ چەند چرکەیەک کورت کراونەتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، سیستمی زیرەکی (مەیڤێن)ـی سەر بە کۆمپانیای (پالانتیر)، یارمەتی فەرماندە ئەمریکییەکانی داوە بۆ دەستنیشانکردنی 1,000  ئامانجی ئێرانی تەنیا لە 24  کاژێری یەکەمی جەنگەکەدا. بۆ ئەوەی ئەمە بخەینە چوارچێوەی مێژووییەوە، بەڕێوەبەری تەکنەلۆجیای کۆمپانیای پالانتیر خۆی بە ئاشکرا دەڵێت " لە جەنگی دووەمی کەنداودا، پلاندانان بۆ هەزار ئامانج پێویستی بە شەش مانگ کارکردنی 50   بۆ100  شرۆڤەکار هەبوو. لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسادا"، هەمان هەوڵدراوە بۆ دوو ئەوەندەی ئەو ئامانجانە تەنیا لەلایەن یەک کەسەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا.
 
میسۆس، ئەو مێشکەی خێراتر لە جەنگ بیردەکاتەوە
 
میسۆس مۆدێلێکی گەورەی زمانەوانی پێشەنگی کۆمپانیای (ئەنسرۆپیک)ـە کە پەرەپێدانێکی پێشکەوتوو و نهێنیی (کلۆد ‌ئەی ئای)ـی کۆمپانیاکەیە کە ناسراوە و زۆر کەسی ئاسایی بەکاری دەهێنێت. لەکاتێکدا کڵاد بۆ گفتوگۆ، توێژینەوە و بیرکردنەوە دروستکراوە، میسۆس پێشخراوە بۆ پانتاییەکی تاریکتر؛ لێکدانەوەی قووڵ، ناسینەوەی نەخشە لەنێو کۆمەڵە داتای زەبەلاحی ناڕێکخراودا و سوود وەرگرتن لە کەلێنە ئەمنییەکان لە ئاستێکدا کە خودی داهێنەرەکانیشی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە. بەپێی شیکارییە تەکنیکییەکان، میسۆس توانایەکی نیشانداوە کە هێندە شۆکهێنەرە بۆ ئەوە نابێت لە دەستی هەموو کەسێکدا بێت. ئەم سیستمە زیرەکە بە شێوازێکی سەربەخۆ توانیویەتی هەزاران کەلێن و کێشەی پەیوەست بە ئاسایشی سیستمە کۆمپیوتەرییەکان بدۆزێتەوەو دەستنیشانی بکات کە 27 ساڵە ئەندازیارانی کۆمپیوتەر درکیان پێنەکردووە. ئەم بەرنامە کۆمپیوتەرییە ئەگەر لە دەستی کەسانی تۆزێک شارەز لە کۆمپیتەر بێت، رەنگە بە ئاسانی بتوانن هەر کۆمپیتەر و سیستمێکی پێ هاک بکەن.
 
میسۆس لە نێو سیستمێکی دیکەی زیرەکدا کار دەکات بە ناوی مەیڤێن کە بەرهەمی کۆمپانیای پالانتیرە.  پالانتیر ئەو سیستمەیە کە مەیدانی جەنگەکە دەخوێنێتەوە و شیکاریی بۆ دەکات. شرۆڤەکارێک کە بە مەیڤێن و میسۆس کار دەکات پێویستی بە گەڕان و لێکدانەوەی سەدان و هەزاران لاپەڕ و داتا نییە بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دەستکەوێت، تەنیا پرسیارێک دەپرسێت بەوشێوازەی کە جەنەڕاڵێک لە ئەفسەرێکی باڵای هەواڵگری دەپرسێت. میسۆس بە یارمەتی هێزی لێکدانەوەی مەیڤێن وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئاماژە هەواڵگرییەکان، داتای جوگرافی و هەڵسەنگاندنەکانی پێشووی هێرشەکان کۆدەکاتەوە بۆ وەڵامێکی گونجاو و لەپێشینە. ئەم سیستمە زیرەکە بە تەنیا لە ماوەی چەند چرکەیەکدا شرۆڤەکاری مەیدانی جەنگ لە چالاکی و جووڵەیەکی سەربازی گوماناوی لەڕووی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە، ئاگادار دەکاتەوە و بەشێوازی خۆکار پێشنیاز دەکات بۆ نموونە درۆنی سیخوڕی بۆ ئەو شوێنە رەوانە بکرێت یان بکرێتە ئامانج.
 
میسۆس وەک مێشک و ستراتیژیست
 
ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە تاقیکارییانەی کە دەستی گۆڤاری ( Wired) کەوتوون، پیشاندەدەن کە میسۆس وەک مۆدێلێکی زمانەوانی کار دەکات لە ژینگەی نهێنیی ئاستی 6ـی پالانتیر. ئەمەش رێگە بە پلاندانەرانی سەربازی دەدات پرسیار لە ناوەندە هەواڵگرییەکان بکەن و کورتەی تاکتیکی جەنگ بە زمانی ئینگلیزییەکی سادە وەربگرن. میسۆس لە بنەڕەتدا ستراتیژیستەکەیە. ئەو پەنجەی لەسەر پەلەپیتکە نییە، بەڵکو دەڵێت کێ بکەنە ئامانج و بۆچی دەبێت ببێتە ئامانج و ئەمەش هێندە بە وردی و خێرایی دەکات کە شیکاری تیمی هەواڵگریی مرۆیی رەنگە بە چەند رۆژ پێی نەکرێت.
 
مەیڤێن وەک دەمار و جێبەجێکار
 
لە کاتێکدا میسۆسی ئەنسرۆپیک وەک (مێشک)ـە بۆ شیکارییە قووڵ و وردەکان، سیستمی زیرەکی مەیڤێن، (MSS) کە لەلایەن پالانتیرەوە دروستکراوە و بەڕێوەدەبرێت، دەماری جەنگی 2026ی ئێرانە. ئەوە ئەو پلاتفۆرمەیە کە هەزاران خاڵی زانیاری لەنێو یەک (زنجیرەی کوشتن، (Kill Chain ) کۆدەکاتەوە.
 
مەیڤێن داتا لە زیاتر لە 150 سەرچاوەوە وەردەگرێت لە نێوانیاندا وێنەی مانگە دەستکردەکان، ڤیدیۆی وەرگیراو لە رێگەی درۆنەکانەوە، رادار، هەستەوەرە ژیرەکان، ئاماژە و زانیارییە هەواڵگرییەکان و داتای جوگرافی کە هەموویان لەکاتی راستەقینەدا لەنێو یەک وێنەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا یەکدەخرێن. مەیڤێن وەک بەرنامەی (گوگڵ ئێرس)ـە بۆ جەنگ. نەخشەیەکی زیندوو (لایڤ) کە هەر خاڵێکی سوور تێیدا زانیاریی بەرزایی زەوی، پلەی مەترسی، جۆری چەک بۆ لێدان و پێشنیازی هێرشی لەسەرە و لە هەموو چرکەیەکدا نوێ (ئاپدەیت) دەبێتەوە.
 
کامرۆن ستانلی، بەرپرسی باڵای دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرد لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بە راشکاوییەکی کەم وێنە وەسفی ئەم گۆڕانکارییە دەکات "ئێمە لە ئاستی دەستنیشانکردنی ئامانجەوە گەیشتووینەتە ئاستی پێشنیازکردن و چۆنیەتی لێدان لە ئامانجەکە، هەمووی تەنیا لە رێگەی یەک سیستمی یەکگرتووە".
 
ئامارەکانی کارکردنی مەیڤێن لە جەنگی ئێران دا سەرسوڕهێنەرن. سیستمی بینینی کۆمپیوتەریی، ژمارەی پرۆسێسکردنی ئامانجەکانی لە کەمتر لە 100  ئامانج لە رۆژێکدا بۆ 1,000  ئامانج بەرزکردووەتەوە. دوای تێکەڵکردنی مۆدێلە گەورەکانی زمانەوانی وەک میسۆس، ئەو ژمارەیە بۆ 5,000  ئامانج لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە. مەیڤێن بەستراوەتەوە بە سیستمێکی پێشنیازکردنی ئەرک و لە ریگەی ئەو سیستمەوە پێشنیاز دەکات چ فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و چ تەقەمەنییەک بۆ چ ئامانجێک بەکاربێت. مەیڤێن تەنیا ئامانجەکەت بۆ دەستنیشان ناکات بەڵکو پێشنیاز دەکات چۆنیش لێیبدەی، بە چ چەکێک و بە چ شێوازێک. باس لەوە دەکرێت کە فیرقەی 18 ئاسمانیی ئەمریکا توانیویەتی بە 20  کەس هەمان ژمارەی ئامانج بپێکێت کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی ئازادیی عێراق دا پێویستی بە گرووپێکی هەواڵگریی2,000  کەسی هەبووە.
 
هێزی مەیڤێن و میسۆن لە یەکگرتنەکەیاندایە. میسۆس، کە لە رێگەی پلاتفۆرمی نهێنیی ژیریی دەستکردی پالانتیرەوە لەنێو مەیڤێن دا چێنراوە و وەک بزوێنەری شیکاریی مەیڤێن کار دەکات . میسۆس عەقڵ و هێزی بیرکردنەوەکەیە. لە کاتێکدا هەستەوەرەکانی مەیڤێن پێشتر وەڵامی (چی؟) و (کوێ؟)یان داوەتەوە، میسۆس ئەو بەشەیە کە وەڵامی (بۆچی؟) دەداتەوە. بێنە بەرچاوی خۆتان کامێرای درۆنێکی چاودێریی، بنکەیەکی سەربازیی دەستنیشان دەکات. ئامرازە کۆمپیوتەرییەکانی مەیڤێن وەک ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ پۆلێنی بنەکەکە دەکەن. میسۆس زانیارییەکە لەگەڵ ئاماژە و داتا هەواڵگرییەکان و پەیوەندییە هاککراوەکان بەراورد دەکات، خەمڵاندن بۆ زیانە لاوەکییەکان دەکات و پاشان پێشنیازێکی ورد پێشکەش دەکات کە چۆن لەو بنکە سەربازییە بدرێت. 
 
پێکدادان لەگەڵ کۆشکی سپی
 
لێرەدا چیرۆکەکە رەهەندێکی ئەوتۆ وەردەگرێت کە هیچ پەیامنێرێکی جەنگ نەیدەتوانی سیناریۆکەی بنووسێت. هاوکات لەگەڵ هێرشکردنە سەر ئێران، ئیدارەی ترەمپ کەوتە ململانێیەکی تووندی ئاشکرا لەگەڵ کۆمپانیای ئەنسرۆپیک. ئەم ناکۆکییە دوای ئەوە هات کە کۆمپانیاکە سووربوو لەسەر ئەوەی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد بۆ چەکی تەواو سەربەخۆ و چاودێریی بەکۆمەڵ بەکارنەهێنرێن. واشنتن کۆمپانیاکەی خستە نێو لیستی رەشەوە وەک "مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتمانی" و بە کردەیی لە کارکردن لەگەڵ حکومەت قەدەخەی کرد.
 
لەگەڵ ئەوەشدا کڵاد هەر لە نێو سیستمی زیرەکی مەیڤێنی پالانتیردا مایەوە و ئامانجەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دەستنیشان دەکرد. بەهۆی گرنگییەوە، وەزارتی جەنگ نەیدەتوانی لایبدات تاوەکو جێگرەوەیەکی بۆ دەدۆزێتەوە. 
 
داریۆ ئەمۆدێی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنسرۆپیک، دانی بەم ناکۆکییە داناوە. ئەو دەڵێت "لە کۆمەڵێک حاڵەتی سنوورداردا، بڕوامان وایە ژیریی دەستکرد دەتوانێت بەها دیموکراسییەکان تێکبدات، نەک بەرگرییان لێ بکات." وەڵامی پێنتاگۆنیش وەک هەمیشە راشکاوانە بوو. کینگسلی ویڵسن، وتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: "جەنگاوەرانی ئەمریکا هەرگیز نابنە بارمتەی دەستی بەڕێوەبەرە تەکنەلۆجییەکان و ئایدۆلۆجیای سیلیکۆن ڤالی. ئێمە بڕیار دەدەین، ئێمە باڵادەست دەبین و ئێمە سەردەکەوین."
 
تێچووی مەدەنی و تۆماری ئەخلاقی
 
خێرایی جەنگی ئەلگۆریسمی بێ باج نییە و باجەکەش بە ژیانی خەڵکی سیڤیل دەپێورێت. نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەکاربردنی ژیری دەستکرد لەکاتی هێرشەکەی سەر قوتابخانەی کچانی "شەجرەی تەیبە" لە میناب، لە باشووری ئێران گەورەبوون. لەو هێرشەدا لانیکەم 168 کەس کوژران، کە زۆربەیان منداڵ بوون. لەکاتی کۆنفرانسی AIPCONی خودی کۆمپانیای پالانتیردا، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری نەخشەیەکی مەیڤێنی ئێرانی پیشاندا کە دەیان ئامانجی نیشانەکراوی تێدابوو کە یەکێکیان رێک لەسەر ئەو ناوچەیە بوو کە دەگاتەوە میناب. سیستمی ژیریی دەستکرد ئەو شوێنەی خستبووە نێو لیستی ئامانجەکانەوە. هێرشەکەش پەسەندکرابوو. ئەوەی کێ بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرێت، پرسیارێکە کە نە دادگاکان و نە رای گشتی ئەمریکا هێشتا وەڵامیان نەداوەتەوە.
زیاتر لە 120  ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران سەر بە دیمۆکراتەکان داوای وەڵامدانەوەیان کرد سەبارەت بەوەی ئایا ژیریی دەستکرد هۆکار بووە لەو هێرشەدا. پاوڵ شار، جێگری سەرۆکی جێبەجێکار لە ناوەندی ئاسایشی نوێی ئەمریکا، راشکاوانە گوتی "ژیریی دەستکرد هەڵە دەکات. ئێمە پێویستمان بە مرۆڤە بۆ پشکنینی وردی ژیریی دەستکرد، کاتێک مەسەلەکە ژیان و مردنە."
 
جەنگی ئێران لە بەرەیەکی دووەمیشدا کراوە، بەرەی زانیاریی کە تێیدا ژیریی دەستکرد نەک بۆ وێرانکاری، بەڵکو بۆ چەواشەکاری وەک چەک بەکارهێنراوە. ئێران، کە لەڕووی توانای سەربازیی نەریتییەوە لە پاشەکشەدا بوو، ژیریی دەستکردی بەکارهێنا بۆ نیشاندانی هێزێک کە نەیبوو؛ ڤیدیۆی ساختەی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، وێنەی دروستکراوی مانگی دەستکرد لە بنکە ئەمریکییەکان لە کەنداو و هەڵمەتی رێکخراو بۆ پڕکردنی سۆشیاڵ میدیا کە ئامانجەکەی لاوازکردنی پاڵپشتی گشتی بوو بۆ جەنگەکە. دوو سیستمی ژیریی دەستکرد لەم جەنگەدا چالاک بوون یەکێکیان بۆ کوشتن دروستکراوە و ئەویدیکەیان بۆ چەواشەکاری کە هاوتەریب و لەژێر یەک ئاسماندا دژی یەکتر ئەم جەنگە بەڕێوەدەبەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

ئێران لە بەردەم دووڕیانی سازان یان داخستنی کێڵگە نەوتییەکانی دا؟

درێژکردنەوەی رۆژانی ئاگربەست و لێدوانە ناڕوونەکانی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بەرووی کەشتییەکان هیوایەکی بۆ بازاڕەکانی نەوت و گاز گەڕاندەوە