چەندین سەتەیە ژن و پیاوی کورد لە ناوچە جیاجیاکاندا رووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی زۆر، تووندوتیژیی سیستماتیکی و توانەوەی کولتووری دەبنەوە. ئەو دۆخە و خۆپێناسەکردنانە[ی دۆخی کورد]، کە پەیوەندییان بە چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژیی دووبارەبووەوە هەیە، چۆن کاریگەرییان لەسەر یادەوەریی بەکۆمەڵی کورد هەبووە؟ ئایا هەستێکی ریشەداکوتاوی قوربانیبوون لەنێو کورددا سەریهەڵداوە؟ ئایا ئەوە کاریگەری لەسەر کەسایەتی، رەفتاری کۆمەڵایەتی و دابونەریتە کولتوورییەکانی کورد هەبووە؟ هەروەها ئەو ئەزموونانە چۆن کار دەکەنە سەر وێنەی کۆمەڵگەکە لە نێوخۆ و دەرەوە؟ کام میکانیزمی دەروونی باشترینە بۆ ئەندامانی گرووپێکی چەوساوە کە بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەربازبوون لە دووبارەبوونەوەی بێ کۆتای ئەو ئەزموونە پڕ لە تووندوتیژیانە؟
رووداوی بێشومار – لە کوشتنی بەکۆمەڵەوە تاوەکو جینۆساید (قڕکردن)- کە تووندوتیژی، جیاکاری، ئەشکەنجەدان، مەرگ، ئاوارەبوون و راوەدوونانی بەردەوامیان بۆ چەندین سەتە لەگەڵ بووە، شوێنەواری قووڵیان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی جێهێشتووە. کورد تاوەکو چەند ئازادە لەوەی بیربکاتەوە، هەستەکانی دەربڕێت و بە جۆرێک مامەڵە بکات کە رەنگدانەوەی ناسنامە کوردییەکەی بێت؟
ئێمە دەزانین کە خۆناساندن وەک کۆمەڵگەیەکی قوربانی، دەکرێت نەوە دوای نەوە تۆختر بێتەوە، چونکە گەنجانی کورد هەستێکی بەکۆمەڵی هەڕەشە، پەراوێزخران، خۆبەکەمزانین و هەست بە تاوانکردن بە میرات وەردەگرن و بۆ نەوەکانیان جێدێڵن. بەشێکی دیکەی ئەم میراتە بریتییە لە ئەزموونی هەستکردن بە لاوازی لە بەرامبەر تووندوتیژیی نوێدا کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا رووبدات، هەروەها نەتوانینی بەرگری لە خۆکردن و هەستکردن بە بێدەسەڵاتی لەبەردەم دەسەڵاتە بەهێزەکان، شانبەشانی ئاگاداربوون لە نەبوونی بەشداریی تەواو لەنێو کۆمەڵگە زۆرینەکانی دەوروبەریان.
لە ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان، پێکهاتە هۆزگەراییەکان و خێزانە گەورە و فراوانەکان هێشتا رۆڵی سەرەکییان هەیە. ئەوان لە لایەک دەتوانن پارێزگاری بۆ تاک دابین بکەن، بەتایبەتی لە کاتی ناسەقامگیریی سیاسی، لەلایەکی دیکەوە دەتوانن ببنە هۆی ململانێی نێوخۆیی کاتێک هۆزە جیاوازەکان لەگەڵ بەرەی سیاسیی دژبەیەکدا هاوپەیمانی دەکەن یان لە خراپترین دۆخدا، رێککەوتنی هاوبەش لەگەڵ چەوسێنەراندا دەکەن. چەمکی "ناپاکی" لەنێو کورددا بە قووڵی ریشەی داکوتاوە: گرووپ، پارت یان تاکەکان بەخێرایی ناوی ناپاکییان لێدەنرێت تەنانەت ئەگەر هیچ ناپاکییەک رووی نەدابێت. ئەم جۆرە ناکۆکییە نێوخۆییانە دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی ئەو متمانە سستەی کە هەیە و درزی بەردەوام لەنێو ناسنامەی بەکۆمەڵ دەهێڵێتەوە.
لێکەوتە کەسی و بەکۆمەڵەکان
زۆرجار ئەزموونی بەردەوامی چەوساندنەوە دەبێتەهۆی دەرکەوتنی نیشانە بەرچاوەکانی خۆبەدەستەوەدان کە بە "بێچارەیی لێڕاهاتوو" ناسراوە. لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ، ئەمە دەکرێت ببێتەهۆی پاشەکشەکردنی تاکەکان بۆ نێو گرووپی خۆیان، یانیش ناکارایی لە سیاسەت. هەستی گۆشەگیری، نادیدەیی و دوورکەوتنەوە لە خەڵکی خۆت، لەوانەیە لە ئەنجامی نائومێدی سەرهەڵبدات، یان لە ئەنجامی دانپێدانانی ئەو راستییە تاڵە بێت کە تۆ سەر بە کۆمەڵگەیەکی پەراوێزخراوی. ئەمە دەتوانێت ببێتەهۆی شەرمکردن و ئارەزووی وەرگرتنی ناسنامەی تورکی، عەرەبی یان فارسی - تەنانەت کاتێک تاکەکان ئاگاداری میراتی کوردیی خۆشیانن. لە هەمان کاتدا، بەردەوام جموجووڵی بەرخودان سەرهەڵدەدەن، چ لە رێگەی دەربڕینی ناڕەزاییەوە بێت یان گەشەکردنی پارت و رێکخراوە کوردییەکان تاوەکو دەگاتە خەباتی چەکداری، کە هەموویان هەوڵ بۆ چەسپاندنی ناسنامەیەکی بەهێز و باوەڕبەخۆبوو دەدەن.
ئەم پێشهاتە دژبەیەکانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی هەیە؟ توخمێکی سەرەکی لە دەروونناسیی گرووپە چەوساوەکاندا بریتییە لە مەترسیی کەوتنە نێو رۆڵی قوربانیی هەمیشەییەوە. لەسەر ئاستی تاکەکەسی، ئەم رۆڵە هەستی ترس، بێدەسەڵاتی و خۆڕادەستکردنی لەگەڵە؛ لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ، دەتوانێت ببێتەهۆی رەشبینییەکی بەرفراوان. رەنگە گرووپەکە ئەو باوەڕە وەربگرێت کە دۆخیان هەرگیز ناگۆڕێت و هەمیشە وەک قوربانی دەمێننەوە. ئەم چاوەڕوانییە نەرێنییانە بۆ داهاتوو دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو مەودای هەنگاونانیان سنووردار بکەن: کۆکردنەوەی جەماوەر، راپەڕین یان بەشداریی سیاسی سەخت دەبێت. زۆر کەس ئەوەندە بە قووڵی لەژێر باری ئەم رۆڵی قوربانیبوونەدا دەناڵێنن کە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی کەسی تێدەکۆشن و دەکەونە نێو ناڕەزایەتییەکی درێژخایەنەوە و بەرامبەر هەموو شتێک بە سکاڵا و رەشبینی وەڵام دەدەنەوە. ئەمە جۆرێکە لە خۆبەدەستەوەدانی نێوخۆیی و خۆلەنێوبردنی هێواش کە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کۆمەڵگە، کولتوور و ناسنامە هەبێت.
ئەمە بەتایبەتی لە کۆمەڵگە کوردییەکاندا لە شێوەی نموونەکانی وەک رکابەریی خێڵەکییەوە دەردەکەوێت کە تێیدا خێڵە جیاوازەکان هاوپەیمانیی ستراتیجی یان ئابووری لەگەڵ دەستەبژێری دەسەڵاتدار یان تەنانەت چەوسێنەران پێکدەهێنن؛ هاوکارییەک کە کوردەکانی دیکە وەک ناپاکی سەیری دەکەن و یەکڕیزی زیاتر لاواز دەکات. گرژییە ئایینی و مەزهەبییەکانیش رۆڵ دەگێڕن: عەلەوی، ئێزدی، سوننە و شیعە هەریەکەیان مێژووی تایبەت بە خۆیانیان لە چەوسانەوە هەیە کە زۆرجار دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی گێڕانەوەی دژبەیەکی یادەوەری و ناسنامە. پاشان ناکۆکی لەنێوان تاراوگە و نیشتمان هەیە: ئەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین زۆرجار شێوەیەکی سیاسیتر لە ناسنامەی کوردی پەرەپێدەدەن، لە کاتێکدا ئەوانەی دەمێننەوە رووبەڕووی سەرکوتی راستەوخۆ دەبنەوە کە بەشداریی ئاشکرا سەخت دەکات.
هەموو ئەم هێڵە هەستیارانە دەتوانن کەسایەتییەکەی گۆڕاو بەرهەم بهێنن کە بە قووڵی کار لە هەستی ئاسایش، باوەڕبەخۆبوون و هەستی سەر بە کۆمەڵگەبوون دەکات.
خۆچوواندن بە دەستدرێژیکار
یەکێک لە ئاڵۆزترین میکانیزمە دەروونییەکان کە لە ئەنجامی چەوساندنەوەی بەردەوامەوە سەرهەڵدەدات، خۆچوواندنە بە دەستدرێژیکار. ئەندامانی گرووپێکی چەوساوە لەوانەیە لە وەڵامی پەراوێزخستندا شێواز، بەها و رەفتارەکانی چەوسێنەرەکانیان وەربگرن. ئەمە لەوانەیە نکوڵیکردن لە زمان، کولتوور، یان ئایینی خۆیان لەخۆبگرێت بۆ رزگاربوون لەو نیشانە شەرمهێنەرە؛ باوەڕهێنان بە ئایدیۆلۆجیای دەستدرێژیکار بۆ دەربازبوون لە رۆڵی قوربانی یان بۆ بەدەستهێنانی سوودی کۆمەڵایەتی، یان تەنانەت ئەنجامدانی تووندوتیژی دژی کەمینەکانی دیکە یان لەنێو کۆمەڵگەی خۆیاندا بە وێنەی چەوسێنەرەکان. ئەم جۆرە خۆچوواندنە گرژییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی سەختتر دەکاتەوە و ئەوانەی لەگەڵ دەستدرێژیکاراندا هاوڕان دەیانکاتە دژی ئەوانەی دەست بە بەرگری و خۆسەلماندنی کولتوورییەوە دەگرن. لە هەندێ دۆخی نائاساییدا، هەندێک کورد لە زینداندا لایەنیان گۆڕیوە و ئەشکەنجەی هاوبەندەکانیان داوە، لە کاتێکدا خێڵ یان تاکەکان شانبەشانی چەوسێنەرەکان چەکیان هەڵگرتووە. بەهۆی نائومێدی و تووڕەییەکی قووڵەوە بەرامبەر ناسنامەی خۆیان، هەندێک جار لە دڕندەییدا لە دوژمنەکانیان تێدەپەڕێنن.
ئەم دینامیکە تووڕەییەکی وێرانکەر و خۆوێرانکەری لێ دەکەوێتەوە. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، دەکرێت لە شێوەی پێکدادانی تووندوتیژ، شەڕی گرووپەکان یان خواستێکی گشتیدا بۆ تووندوتیژی بتەقێتەوە. لە رووی دەروونییەوە، بەشێکی گوزارشتە لە گەڕانێکی نائومێدانە بۆ دەستکەوتنی دەسەڵات، هەوڵێکە بۆ وەستاندنی رۆڵی قوربانیبوون لە رێگەی دۆزینەوەی هەر دەرچەیەک بۆ ئەو بێدەسەڵاتییە کەڵەکەبووە.
شکاندنی بازنەکە و دروستکردنی ناسنامەیەکی بەهێز
بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی راستەقینە، سەرەتا پێویستە ئاسۆیەک دروستبکرێت کە تێیدا بتوانرێت بە شێوەیەکی چالاکانە رێز لە یادەوەریی بەکۆمەڵ بگیرێت و تێیدا وردببینەوە. دیبەیتی گشتی، دەستپێشخەریی هونەری و شوێنەکانی یادەوەری وا دەکەن کە یادە سەختەکانی نێوان نەوەکان تەنیا وەک بارێکی تاکەکەسی سەیر نەکرێن، بەڵکو وەک میراتێکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی لێی تێبگەین. دانانی گێڕانەوەیەکی هاوبەش [بۆ چیرۆکی کورد]، رێگە بە کورد دەدات مێژووی خۆی بگێڕێتەوە و ناسنامەیەکی نوێ و ئەرێنی دابڕێژێت.
پەروەردە و بەهێزکردن رۆڵی هاوتەریب دەگێڕن. پەرەپێدان بە زمان و کولتووری کوردی، رێز لەخۆگرتن بەهێز دەکات و هۆشیاریی مێژوویی دەبووژێنێتەوە. کاتێک قوتابخانە و زانکۆکان نەوەک تەنیا باس لە جینۆسایدە گەورەکان دەکەن، بەڵکو لە رۆڵە ئاڵۆزەکانی گرووپە جیاوازەکانیش بەرامبەر رژێمەکانی رابردوو دەکۆڵنەوە، ئاسۆیەک بۆ مامەڵەی رەخنەگرانە و هەڵوەشاندنەوەی رۆڵی قوربانی دروست دەکەن.
گفتوگۆ کلیلێکی دیکەیە. لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا و لەگەڵ گرووپە نەژادی و ئایینییەکانی دیکەی ناوچەکەدا، پێویستە مەکۆکان بواری گەیاندنی دەنگ بە هەموو لایەنەکان بدەن، لە گرووپە ئایینییەکانەوە تاوەکو چالاکڤانانی کولتووری و گەنجان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە. تەنیا کاتێک ئەم ئاسۆیەی گفتوگۆ بە سەرچاوە و پشتیوانیی سیاسییەوە بەردەوام بن، دەتوانرێت تێگەیشتنێکی راستەقینە سەرهەڵبدات.
لە کۆتاییدا، دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە تاوانەکانی رابردوو شتێکی بنەڕەتییە. ئاشتەواییەکی بەردەوام پێویستی بەوەیە دەوڵەتان واز لە نکۆڵیکردن یان کەمکردنەوەی دڕندەییەکانی مێژوو بێنن و لە رێگەی لیژنەکانی دۆزینەوەی راستییەکان، دروستکردنی مۆنۆمێنت و لە دۆخی پێویستدا لە رێگەی رێکاری یاساییەوە بە فەرمی ناویان بهێنن. ئەم جۆرە رێکارانە گوشار لەسەر بەرپرسان زیاد دەکەن بۆ پێشکێشکردنی قەرەبوو و داوای لێبووردنی گشتی. تەنیا ئەم جۆرە لێپرسینەوە وردە دەتوانێت رێگە بۆ پێکەوەژیانێکێک خۆش بکات کە خاوەن ویستێکی بەهێز بێت و لەسەر بنەمای هاوسۆزی بێت.
ئەنجام
گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی کەسایەتیی کوردیدا، کە لەژێر کاریگەریی قوربانیبوون، دابەشبوون، دڵسۆزیی خێڵەکی و بەتایبەتیش، خۆچوواندن بە دەستدرێژیکاراندا داڕێژراون، دۆخێکی جێگیر نین، بەڵکو ئەنجامی مێژوویەکی درێژی چەوساندنەوە و بەرگرین. زاڵبوون بەسەر ئەم جۆرە بیرەوەرییە ناخۆشە بەکۆمەڵانەدا هەوڵێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە تێکەڵکردنی دەستوەردانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییە. ئاسۆی داهاتوو لەو شوێنانەدا سەرهەڵدەدات کە پەروەردە، بەشداریی سیاسی و دەستپێشخەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە هەنگاو دەنێن. داننان بە بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان و پەرەپێدانی کولتووری یادەوەری، خاڵی دەستپێکن بۆ شکاندنی داینامیکە وێرانکەرەکانی قوربانیبوون یان تاوانباربوون. لە کۆتاییدا، تەنیا مامەڵەیەکی رەخنەگرانە لەگەڵ رابردوو و دیدگەیەکی گشتگیر بۆ داهاتوو دەتوانن ئەو درزە ناوخۆییانە ساڕێژ بکەن کە هێشتا رێگرن لە ئاشتی، ئۆتۆنۆمی و چارەی خۆنووسین لە دۆخی کوردیدا - بەتایبەتی لە سەردەمێکی گۆڕانکاریی گەورەدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە تێپەڕاندنی شکستە مێژووییەکان بۆ بوون بە هاوبەشێکی یەکسان لە ناوچەکەدا زۆر گرنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ