هه‌موو میلله‌تێك مافی خۆی هه‌یه ناسنامه‌یه‌كی یه‌كگرتووی هه‌بێت، ئیتر له ژێر هه‌ر ئاڵایه‌كدا بێت نه‌ته‌وایه‌تی، ئایینی، ئابووری. بۆ نموونه: عه‌ره‌ب داوای یه‌ك نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات "امه عربیه واحده،" له‌كاتێكدا ئه‌وروپا داوای یه‌كگرتوویی ئابووری ده‌كات.
ئێستا زۆرینه‌ی ئیسلام دابه‌شبووه بۆ دوو مه‌زهه‌ب (سوننه و شیعه). به‌شی سوننه‌ی توركیا، عێراق، سووریا، ئوردن، میسر، سعودیه و خلیج (كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێشووه) داوای دروستبوونی هیلالی سوننی ده‌كه‌ن، به‌ڵام توركیا و سعودیه كێبڕكێ له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م هیلاله دەکەن!
له‌كاتێكدا ئێران سه‌رۆكایه‌تی هیلالی شیعه ده‌كات له ژێر ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌ویدا، كه له ئێرانه‌وه ده‌ستپێده‌كات عێراق، سووریا، لوبنان ده‌گرێته‌وه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك ده‌ڵێن، "له پاكستان و ئه‌فغانستانیشه‌وه ده‌ستپێده‌كات و خلیجش ده‌گرێته‌وه،" ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه سنووری خۆی ده‌خاته سه‌ر سنووری ئیسرائیل (كه ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپای ناڕازی كردووه،) ئێستاش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك عەلی یونسی، راوێژكاری حەسەن رووحانی، سه‌رۆككۆمارى پێشووی ئێران گوتبووی، ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئێرانییه و به‌غدا پایته‌ختی ئیمپراتۆریه‌تی ئێرانه؛ به‌ڵام ئێستا شیعه‌ی عێراق باس له (هلال الخصیب) ده‌كه‌ن، كه كوێت، عێراق، لوبنان، ئوردن، ئیسرائیل، میسر و به‌شێكی بچووكی توركیاش ده‌گرێته‌وه.
له ناوه‌ندی ئه‌م سێ هیلاله‌دا، زۆر ره‌وایه كه هیلالێكی چواره‌م دروست ببێت ئه‌ویش هیلالی كوردستانییه! كه هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان كۆبكاته‌وه، جه‌مسه‌رێكی باكووری كوردستان و ئه‌وی دیكه‌ی رۆژئاوا بێت. ئەگه‌ر به‌راوردێكی ئه‌م هیلاله له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکە بكه‌ین، ده‌بینین سوننی و شیعی له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی بووه و (هلال الخصیب) كه پێشتر له‌سه‌ر بنه‌مای ئاو و كشتوكاڵ باسی لێده‌كرا، ئێستا شیعه‌ی عێراق گه‌ڕاندوویه‌تیه‌وه سه‌ر كاری مه‌زهه‌بی، به‌ڵام هیلالی كوردستانی دووره له تووندڕه‌وی ئایینی و مه‌زهه‌بی، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی فره‌نه‌ته‌وه‌یی هاتووەته كایه‌وه و ره‌چاوی ئازادی، مافی مرۆڤ، دیموكراسیه‌ت، فرەیی و ئاشتی ده‌كات.
ئەگه‌ر بڕوانینه پێگه جوگرافییه‌كه‌ی هیلالی كوردستانی، ده‌بێته بناخه‌ی ئاشتی له ناوچه‌كه‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر سێ هیلاله‌كانی سوننی و شیعی و (الخصیب) له‌یه‌ك ده‌پچڕێنێت. جوگرافیا و جیۆپۆڵەتیکی کوردستان سەرنجی سەرکردەکانی جیهان و وڵاتانی کەنداو بۆ هیلالی کوردستان رادەکێشن. ئەم هیلالە سێ هیلالەکە دەبڕێت و ئاسایشی وڵاتانی کەنداو دەپارێزێت، هەروەها بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوا لە ناوچەکەدا دەپارێزێت. ئەم هیلالە سەقامگیری و دیموکراسی و ئاسایش و ئابووری دەهێنێتە ناوچەکە. گەلی کوردستان دەبێت پشت بە ئەم فاکتەرە گرنگە ببەستێت بۆ ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆی بهێنێتە ئاراوە.
هه‌روه‌ها خه‌ڵكی كوردستان بڕوایان به پێكه‌وه‌ژیان و فره‌ئایینی و فره‌ئایدۆلۆجی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، كه ئه‌مه ئامانجی خه‌ڵكانی ناو هیلاله‌كه یه‌كده‌خات له ئارامی ناوچه‌كه و دروستكردنی ژێرخانێكی پته‌و له هه‌موو بواره‌كانی ژیان و دواڕۆژێكی گه‌شه‌دار بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو و هه‌رێمى كوردستان نموونه‌یه‌كى زیندووه بۆ ئاینده‌ى هیلالی كوردستانی.
ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت له‌م ناوچه‌یه‌دا هیلالێكی دیکەیش هه‌یه، كه هیلالى جووه و ئه‌ویش ده‌كه‌ویته نێوان هه‌ردوو رووبار‌ى نیل و فورات و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئایینی دروستبووه، به‌ڵام ئه‌مه له‌گه‌ڵ هیلالی كوردستانیدا یه‌كتر نابڕن.
ئه‌م شه‌ڕه نه‌گریسه‌ی رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان بووەته‌وه، به‌رچاو روونییه‌كی خستووەته پێش هه‌مووان، كه ده‌بێت پێكه‌وه هه‌وڵبده‌ن بۆ یه‌كخستنی نێو ماڵی كوردستان، پێكه‌وه بیر له ژیان و دوارۆژ بكه‌نه‌وه و به‌هه‌مان شێوه‌ش پێكه‌وه كوردستان بپارێزن. ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه، كه سه‌ركرده سیاسییه‌كان هه‌وڵبده‌ن پێكه‌وه بناخه‌ى ستراتیجیه‌تێكی گشتى دابنێن، وه‌كو چۆن ئه‌وانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ هیلالی سوننی و شیعی و 'الخصیب'، به‌و هیوایه‌ی كه ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه ببنه بناخه:
1- سەروەری یاسا و یەکسانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.
2- متمانه‌ی خه‌ڵک به سه‌ركرده‌كانی.
3- رێكخستنی نێو ماڵی كوردستان له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا.
4- رێكخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ژێر ئاڵاى كوردستاندا.
5- پێكهێنانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
6- دانانی ستراتیجیه‌تێكی ئابووریى یه‌كگرتوو و سه‌ربه‌خۆ، (وه‌كو بازاڕى ئه‌وروپی.)
7- دانانی ستراتیجیه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو پارچه‌كان.
8- هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو كوردستان، (وه‌كو په‌رله‌مانى ئه‌وروپى.)
9- دانانی ده‌ستوورێكی یه‌كگرتوو كه گه‌ره‌نتی یه‌كسانی و مافه‌كانی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان وه‌كو یه‌ك په‌یڕه‌و بكات.
10- پابه‌ندبوون و رێزگرتن له هه‌موو رێنماییه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
11- بڕوای ته‌واوی پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له بیروباوه‌ڕه جیاجیاكان له ئایین، مه‌زهه‌ب، حیزب و كولتوور.
12- بڕوای ته‌واو به بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئاشتی، ئازادی، دیموكراسیه‌ت.
13- پشتگیری و به‌هێزكردنى رۆڵى سیاسى، كارگێڕی، شارستانى، كۆمه‌ڵایه‌تى و نوێنه‌رایه‌تیى خانمان و گه‌نجان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان.
14- رێزگرتن له سنووری نوێی كوردستان و ده‌ستتێوه‌رنه‌دان له كاروباری ناوخۆی وڵاته هاوسێكان.
جیهان رێز له میلله‌تانى یه‌كگرتوو ئازا و به‌هێز ده‌گرێت، خه‌ڵكی كوردستان میلله‌تێكى ئازا و به‌هێزه، به‌ڵام به‌داخه‌وه یه‌كگرتوو نییه. هه‌روه‌ک گوتوومه و ده‌یڵێمه‌وه: (ده‌ڵێن كوردستانى توركیا، كوردستانى ئێران، كوردستانى عێراق و كوردستانى سووریا)، ئه‌ى كوا كوردستانى خه‌ڵكی كوردستان؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ