کاتێک لە ئەڵمانیا مێژووی پزیشکیم دەخوێند، پڕۆگرامی خوێندنمان لە دەوری هیپۆکرات، گالێن و ناوە لاتینییە رازاوەکەی "ئەڤیسینا" دەسووڕایەوە. دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەڤیسینا لە راستیدا ئیبن سینایە، زانایەکی مەزنی زانیارینامە (مەوسوعە) فارس کە رەگ و ریشە رۆژهەڵاتییەکەی لەڕێگەی وەرگێڕان و گۆڕینی ناوەکەیەوە شاردراوەتەوە. ئەو دۆزینەوەیە پرسیارێکی ورووژاند: کام لە بناخەکانی دیکەی چاودێریی تەندروستیی دەروونی بە بەرچاومانەوە شاردراونەتەوە؟
میزۆپۆتامیا، خاکی ئەفسانەیی نێوان رووبارەکانی دیجلە و فورات 4500 ساڵ لەمەوبەر، تاقیگەیەکی کراوە بوو. نووسەران قەڵەمی قامیشیان دەنایە سەر قوڕی نەرم و نووسینی مێخییان داهێنا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نەک تەنیا تۆماری بازرگانی، بەڵکو تۆماری پزیشکیی سەرسوڕهێنەر و وردیش جێبهێڵن. نزیکەی 1900 ساڵ پێش زایین، دوو دەستنووسی سەرەکی بڵاوبوونەوە: یەکێکیان کۆمەڵێک تاتە قوڕ بوو کە نیشانەکان، هۆکارەکان و دەرەنجامەکانی نەخۆشییەکانی رێکخستبوو؛ ئەوی دیکەیان سەدان چارەسەری لە سەرەوە تاوەکو نووکی پێی تێدا باس کرابوو. هەموو رێبەرێکی کلینیکیی مۆدێرن قەرزێکی بێدەنگی ئەم مۆدێلە بابلییەی لەسەرە.
یەکێک لە تاتە قوڕینەکان کە لە مۆزەخانەی بەریتانیایە؛ تایبەتە بە نەخۆشی فێ (پەرکەم)، ئەم تابلۆیە جۆرەکانی نەخۆشییەکە لە یەکدی جیادەکاتەوە، ئاماژە بە نیشانە هۆشیارکەرەوەکان، قۆناخەکانی چاکبوونەوە و هۆکارە ورووژێنەرەکانی وەکو کەمخەوی یان بوونی هەستێکی بەهێز دەکات، وردەکارییەک کە دەقە رۆژئاواییەکان هەزاران ساڵ دواتر باسیان دەکرد. هەرچەندە بابلییەکان نەخۆشییەکەیان دەدایە پاڵ جنۆکە، بەڵام هەر لەو کاتەدا هەر شێوازێکی فێیان بە ناوی تایبەتی خۆیەوە پۆلێن دەکرد، تێبینیی وردیان لەگەڵ ئەفسانە تێکەڵ دەکرد و زمانێکی سەرەتاییان بۆ نەخۆشییەکانی مێشک پێشکێش دەکردین.
تەنانەت لەوەش سەرسوڕهێنەرتر، راپۆرتێکی حاڵەتێکە دەربارەی سەرۆک هۆزێک کە ژیانی تێکدەچێت و رووبەڕووی لەدەستدانی سامان، مۆتەکە، کەمخەوی، تووڕەیی، ترس و ماندووبوون دەبێتەوە. ئێمە بەم حاڵەتە دەڵێین خەمۆکیی تووند لەگەڵ دڵەڕاوکێ. لە بابل بە "تووڕەیی خوداوەندە تایبەتەکەی" ناودەبرا. دەستنیشانکردنەکە ئایینییە، بەڵام وەسفی ئازارەکە دەکرێت لە هەر تۆمارێکی تەندروستیی دەروونیی مۆدێرندا ببینرێت.
پرۆسەی چارەسەرکردن پەیڕەوی سیستمێکی دوانەی دەکرد؛ asû کە پزیشکی گیادەرمان و نەشتەرگەر بوو، بە مەرهەم، رۆن و چەقۆ چارەسەری دەکرد، هەروەها ašipu کە کەسایەتییەکی ئایینی بوو، بە دەرکەری رووحی پیس ناسرابوو، لە رێگەی نوێژکردن، دووکەڵ و لە رێگەی نووشتەکردنەوە نەخۆشەکانی چارەسەر دەکرد. لە حاڵەتی رووداو و پێکانە جەستەییەکاندا، asû ئەرکی چارەسەری دەگرتە ئەستۆ؛ بەڵام بۆ حاڵەکەتەکانی وەکو فێ، وەهم و رارایی ašipu سەرکردایەتی چارەسەرکردنی دەکرد و زۆرجاریش شانبەشانی یەکتری کاریان دەکرد، ئەمەش وەک نموونەیەکی دێرینی ئەو تیمە فرە پسپۆڕییانە بوو کە ئەمڕۆ لە بواری تەندروستیی دەروونیدا دەیانبینین.
لە یاسای بابلییەکانیشدا دان بە کێشە دەروونییەکاندا نراوە. یاساکانی حاموڕابی رێسای بۆ رەفتارەکانی کەسێکی "سەرلێشێواو" دانا و خێزان و پەرستگەی ناچار کرد چاودێری بکەن و ئاگایان لێی بێت. هەر زوو، میزۆپۆتامییەکان تێگەیشتن کە نەخۆشیی دەروونی تەنیا تایبەت نییە بە کەسی تووشبوو، بەڵکو بەرپرسیارێتێتی کۆمەڵایەتیشە.
ئازار دوو مانای هەڵگرتبوو، ئەوانیش ئاگادارکەرەوەی جەستە و نیشانەی ئەخلاقی. سەرئێشەیەک دەکرا مانای خواوەندێکی تووڕەکراو بێت؛ پاکبوونەوە، قوربانی و گیادەرمان ئامانجیان گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بوو. ئەم جۆرە باوەڕانە ماونەتەوە: خەڵکێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێشتا لە چاوی پیس یاخود چاوەزار دەترسن و سەردانی ئێسکگرەوە دەکەن. ژیار شێوازی هەستکردنمان و چاکبوونەوەمان دیاری دەکات و میراتێکە لە میزۆپۆتامیاوە هێشتا رێنماییمان دەکات.
بۆچی ئەم زانستە کاڵ بووەوە؟ کاتێک زمانی ئارامی جێگەی نووسینی مێخی گرتەوە و ئەسکەندەر ناوەندی هزریی بەرەو رۆژئاوا گواستەوە، کتێبخانە قوڕینەکان بێدەنگ بوون. لە سەدەی 19ـدا ئەوروپییەکان توانیان نووسینە کۆنەکان بخوێننەوە. زانایانی وەک جەیمس کینیەر ویڵسن و ئێدوارد ئێچ کە پسپۆڕی مێشک و دەمارە، ئاشکرایان کردووە کە هەزاران ساڵ پێش هیپۆکرات، میزۆپۆتامیا چارەسەرێکی دەروونیی پێشکەوتووی لەسەر بنەمای چاوێریکردن پێشکێش کردووە.
ئەم زانیارییانە (لەبارەی میزۆپۆتامیا) تەنیا شتێکی مێژوویی سەرپێیی و کەم بایەخ نین، تەندروستیی دەروونیی مۆدێرن زۆرجار سەرنجی لەسەر جینەکان و وێنەگرتنی مێشکە، بەڵام بابلییەکان فێرمان دەکەن کە شتی وەک "مانای ژیان"، "هەستی تاوانباری" و "لایەنی رووحی" زۆر گرنگن بۆ چاکبوونەوە. ئەوان پێمان دەڵێن چارەسەری باش پێویستی بە پەیوەندیی مرۆیی، تێگەیشتن لە ژیار و ئەوەوە هەیە کە هەموومان پێکەوە بەرپرسیار بین. کاتێکیش ئەمڕۆ پزیشکەکان دەڵێن دەبێت ئاگامان لەلایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و رووحیی نەخۆش بێت، وەک ئەوە وایە هەمان قسەی پزیشکە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا (asû و ašipu) بکەنەوە.
خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، رارایی و نەخۆشییە دەروونییە تووندەکان ئەم حاڵەتانە کە هەمیشە بەشێک بوون لە چیرۆکی مرۆڤایەتی. شێوازێکی پزیشکی یان چارەسەرکردنێک کە ئەمڕۆ لە سەدەی 21 مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتگیر [لایەنی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی] دەبینێت، لە راستیدا لە میزۆپۆتامیا کە خاکی باوباپیرانی ئێمەی کوردە، 4000 ساڵ پێش ئەمڕۆ، کردەیەکی رۆژانە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ