رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانیی ئینگلتەرا ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، خۆی ئامادە دەکات بۆ چوونە نێو کۆشکێکی زەبەلاحی نوێ کە بەبڕی 30 ملیۆن پاوەند کڕیویەتی.
پلانەکەی رۆناڵدۆ، بۆ پاش وازهێنانی یەکجارییەتی لە تۆپی پێ.
رۆژنامەی 'میرەر'ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ کارەکانی دروستکردنی کۆشکە نوێیەکەی تەواوکردووە کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی لیسبۆن بەدووریی 30 میل لە ناوەندی شارەکە.
رۆژنامەکە دەڵێ لەوانەیە رۆناڵدۆ کە هاوینی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ کۆتایی دێت، چیدی لە یارییکردن بەردەوام نابێت.
ئەو کۆشکە نوێیەی کە رۆناڵدۆ کڕیویەتی، وەک رۆژنامەکە دەڵێ، گەورەترین و گرانترین کۆشکی پۆرتوگالە، مەلەوانگەیەکی گەورەی تێدایە لەگەڵ پارکێکی ئۆتۆمبێل لە ژێر زەویدا، کە جێگەی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی پاشای تێدا دەبێتەوە کە بەهاکەیان 12 ملیۆن پاوەندە.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو کۆشکە زەبەلاحە کە هەشت ژووری نووستنی تێدایە، ماوەی سێ ساڵ کاری تێداکراوە و رۆناڵدۆ دوای وازهێنانی لە یارییکردن، دەیکاتە ماڵی سەرەکیی خۆی و جۆرجینا و منداڵەکانی.
کۆشکەکە هەروەها مەلەوانگەیەکی شووشەیی تێدایە کە ژێرەکەی تونێلێکی شووشەییە و ئەو کەسەی بچێتە نێو تونێلەکەوە، دەتوانێت ببینێت لە مەلەوانگەکەدا چی هەیە.
رۆناڵدۆ، سەروەتەکەی بە 1.4 ملیار یۆرۆ خەمڵێنراوە، لە کۆشکە نوێیەکەیدا چەندین تایبەتمەندی هەیە، وەک گەرمکەرەوەی زیرەک، هۆڵی وەرزش، گەرماو و مەلەوانگەی داخراو و کراوە، ژووری مەساج و سینەما.
ئەمە جیا لە رووبەرێکی گەورەی یاریی منداڵان، هەروەها کەناراوی تایبەت بەخۆیان.
لە جوانکارییەکانی کۆشکەکەدا، رۆناڵدۆ و جۆرجینا بەلووعەی زێڕیان بەکارهێناوە، لەگەڵ سیرامیکی ئیتاڵیی گرانبەها، تەنانەت دیواربەندییەک لە کۆشکەکەدا دروستکراوە کە بەتایبەت لەلایەن لویس ڤویتۆنەوە دیزاینکراوە بۆ کریس و جۆرجینا.
وەک رۆژنامەی 'میرەر' دەڵێ، رۆناڵدۆ هەوڵیداوە یاریگەی گۆڵفی تەنیشت کۆشکەکەش بکڕێتەوە، بەڵام داواکارییەکەی لەلایەن خاوەنی یاریگەکەوە رەتکراوەتەوە.
کۆشکەکە نوێیە زەبەلاحەکەی رۆناڵدۆ، نوێترین ماڵی کریستیانۆیە کە لە چەندین شوێن و شاری جیاواز ماڵوموڵکی گەورەی هەیە.
رۆناڵدۆ لە لیسبۆن، شوقەیەکی گرانبەهای هەیە کە بایی 6 ملیۆن پاوەندە، شوقەکە تایبەتمەندیی روانین بەسەر شارەکەیدا هەیە بە گۆشەی 360 پلە.
شوقەکە لە سێ لۆنچ پێکهاتووە، لەگەڵ دوو مەلەوانگە، هۆڵی وەرزش، ساونا و هۆڵی سینەما.
هەروەها کۆشکێکی لە مادێرای شوێنی لەدایکبوونی هەیە.
رۆناڵدۆ هەروەها لە ناوچەی لاڤینکای مەدرید کۆشکێکی گەورەی هەیە، 36 ژوور لە خۆدەگرێت، هەروەها گەرما و جاکوزی، ژووری گەورەی جلوبەرگ، هۆڵی دانیشتن، باخچەیەکی گەورە، مەلەوانگەیەکی هاوینەی گەورە، هۆڵی وەرزش، ساونا و گەراجێک کە شوێنی 9 ئۆتۆمبێلی تێدا دەبێتەوە.
کریس هەروەها لەماوەی یارییکردنی لە یوڤێنتوس، ڤێلایەکی لە شاری تۆرین کڕیوە، کە دیمەنێکی ناوازەی هەیە، جیا لە ساونا و گەرماوی تورکی و مەلەوانگەی داخراو و هۆڵی وەرزشی تایبەت و ژووری سینەما و گەراجێک کە نهۆمبڕی تێدایە.
کریستیانۆ لە ماوەی رابردوودا، لە پانکێکی تایبەتی سعودیە لەنێو دەریا، دوو کۆشکی دیکەی ناوازەی کڕیوە. جیا لەوەش لە تاوەری ترەمپ لە نیویۆرک، شوقەیەکی گرانبەهای تایبەتی هەیە کە لە نهۆمی 65ی تاوەرەکەیە و بەسەر شارەکەدا دەڕوانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ