رووداو دیجیتاڵ
لەژێر تیشکی شەپۆلێکی بەردەوامی پڕوپاگەندەکان دەربارەی روودانی شەڕێکی تووند لەنێوان فێدیریکۆ ڤاڵڤێردی و هاوڕێیەکەی لە ریال مەدرید ئۆریلیان چوامینی، مینا بۆنینۆ، هاوژینی یاریزانە ئۆرۆگواییەکە، هێرشێکی تووندی کردە سەر دەزگاکانی راگەیاندن و رەخنەگرەکان لەڕێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
تەقینەوەیەکی تووڕەیی لەڕێگەی ئینستاگرامەوە
دوای کاردانەوەکانی ڤاڵڤێردی و چوامینی بەرامبەر پڕوپاگەندەکان، بۆنینۆ ویستی لەڕێگەی ستۆریی ئینستاگرامەوە کۆتایی بە مشتومڕەکان بهێنێت و بە زمانێکی تووند گوتی "لە دەست ئەم خەڵکە بێزار بووم. بێزار بووم لەو کەسانەی بێ هیچ رێگرییەک قسە دەکەن. چیدیکەتان دەوێت؟ بەدوای چ بەڵگەیەکدا دەگەڕێن؟ هەموو ئەمانە تەنیا پەیوەندی بە لووتبرزییەوە هەیە، بۆ ئەوەی بزانن کێ دەسەڵاتی زیاترە!".
بۆنینۆ لە درێژەی قسەکانیدا بە تۆنێکی تووڕەوە گوتی "هەموو شتێک لە ژیاندا بێبەرامبەر نییە. من ئەمە بەئاشکرا بڵاودەکەمەوە، چونکە هەوڵمدا بەشێوەیەکی تایبەت چارەسەری بکەم، بەڵام خەڵک دووڕوون. لەبەرچاوم خۆیان بە میهرەبان نیشان دەدەن، دواتر دەڕۆن و پیسی بڵاودەکەنەوە، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی هەندێک کەس بڵێن من وێنە لە سەکۆی ئۆنلی فانس - OnlyFans دەفرۆشم. قسەکردن و بوختانکردن و ناشرینکردنی ناوبانگی خەڵک دەرەنجامی دەبێت".
هێرشی کەسی لە کاتێکی هەستیاردا
وادیاربوو بۆنینۆ زۆر کاریگەر بووە بە هێرشە کەسییەکان لەکاتێکدا کە لە قۆناخێکی هەستیاردایە، چونکە لە مانگی شەشەمی دووگیانیدایە، و ویستی راستیی پێکانەکەی هاوژینەکەی روون بکاتەوە لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر مافی تایبەتێتی خۆی.
ئەو خانمە بە تووڕەییەوە گوتی "لەبیرتان نەچێت: پیاو پیاوی راستەقینە نییە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ژنێکی دووگیان لە مانگی شەشەمدا تەنیا بۆ ئەوەی رق و کینە کەسییەکانی خۆی بەتاڵ بکاتەوە. ماندوو بووم. دەبوو سەرقاڵی تەندروستی منداڵەکەم بم، کە پێش سێ ساڵ کێشەی جدیمان لەگەڵی هەبوو، بەڵام لەجیاتی ئەوە کەسێک هەیە بەردەوام بێ هیچ هۆکارێک هێرشم دەکاتە سەر. بەسە، بابەتەکە سنووری تێپەڕاندووە. دەبێت ئەمە بوەستێت".
روونکردنەوەی راستی پێکانەکە
بۆ کۆتایی هێنان بە پڕوپاگەندەکان، بۆنینۆ وردەکاری پێکانی هاوژینەکەی ئاشکرا کرد و گوتی "سەری فێدی ڤاڵڤێردی بەر شتێک کەتووە، بۆیە کڵاو دەپۆشێت. برینێک هەیە کە بەهۆی کڵاوەکەوە نابینرێت، بەڵام ئەوە ئەنجامی بۆکس نییە، چونکە هیچ شەڕێک رووی نەداوە، تەنیا بەهۆی بەربەرکەوتنەوە بووە. هەمووان پێشتر ئەمەیان گوتووە".
هاوژینەکەی ڤاڵڤێردی بە تۆنێکی گاڵتەجاڕی بەردەوام بوو لە قسەکردن و گوتی "چیدیکەتان دەوێت باوەڕی پێ بکەن؟ خوێنتان دەوێت بیبینن؟ لێرە نایبینن. ئەمە هەژماری منە لە ئینستاگرام، ئەمە خێزانی منە، و من بەهیچ شێوەیەک ناچار نیم هیچ شتێک روون بکەمەوە، چونکە ئەوە ئەرکی من نییە. وازم لێبینن".
قەیرانی ریال مەدرید قووڵتر دەبێتەوە
ئەم لێدوانە تووڕەیە لە کاتێکدایە کە ریال مەدرید لە ناو قەیرانێکی ناوخۆیی توونددایە، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان دەربارەی گرژییە بەردەوامەکان لە ژووری جلگۆڕین و رووداوە دووبارەبووەکانی نێوان یاریزانان بەدرێژایی وەرزەکە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لە روودانی شەڕێکی تووند لە نێوان ڤاڵڤێردی و چوامینی لە ناوەندی مەشق و راهێنانی ڤاڵدێبێباس کردبوو، کە بووەتە هۆی گواستنەوەی یاریزانە ئۆرۆگواییەکە بۆ نەخۆشخانە، ئەمەش لەلایەن هەردوولاوە بە تووندی رەتکرایەوە، لەکاتێکدا یانەکە جەختی کردەوە کە پێکانەکە ئەنجامی رووداوێکی مەشقی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ