رووداو دیجیتاڵ
لویس فیگۆ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید دەڵێ، ئەو شەڕەی لە نێوان چوامینی و ڤاڵڤێردی روویداوە، بەهۆی هەستکردن بەبێئومێدی بووە لەلای ئەو دوو یاریزانە، دووپاتیدەکاتەوە، یانەکە پێویستی بە راهێنەرێک هەیە لۆژیکی کاربکات.
لێدوانەکانی فیگۆ پاشئەوە هات کە چوامینی و ڤاڵڤێردی رۆژی پێنجشەممە لە دوای مەشقەکانی ریال مەدرید لەیەکیاندا و بەهۆیەوە ڤاڵڤێردی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ دوورینەوەی برین لە ناوچەوانی.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، فیگۆ لە بۆنەیەکدا دەرکەوتووە و وەڵامی پرسیارێکی داوەتەوە لەبارەی شەڕەکە و گوتوویەتی، "هەردووکیان وزەیەکی زۆریان هەیە، ئەمە سرووشتی نییە و ناکرێ لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید رووبدات، بەڵام ئەوە یەکەمجار و دوایینجاریش نابێت، لەبەرئەوەی بێئومێدی پاڵت پێوەدەنێت بۆ هەڵوێستی ناسرووشتی، ناتوانم هیچی دیکە لەبارەی رووداوەکەوە بڵێم، چونکە ریال مەدرید بڵاوکراوەی فەرمیی هەبوو لەسەرئەوەی روویدا".
لەبارەی ئەو دەنگانەوەی کە باس لە پێویستیی یانەکە دەکەن، بۆ هێنانی راهێنەرێک کە پشت بە 'چنگی ئاسنین' ببەستێت و بەتایبەت جۆزێ مۆرینیۆ، فیگۆ بەدووری دەزانێت ئەو بیرکردنەوەیە دروست بێت و روونیدەکاتەوە، ریال مەدرید پێویستی بەو جۆرە بەڕێوەبردنە نییە.
ئەو دەڵێ، "مۆرینیۆ هاوڕێی منە و هیوای باشترینی بۆ دەخوازم، ئەگەر ئەو لە ریال مەدرید دڵخۆش بێت، بەخێرهاتنی دەکەم".
هەروەها دەڵێ، "نەمزانیوە کە مۆرینیۆ چنگی پۆڵایینی هەبێت، چونکە من لەگەڵ ئەودا وەک وەرگێڕ، یاریدەدەری راهێنەر و راهێنەریش کارمکردووە، پێموانییە ریال مەدرید پێویستی بەچنگی پۆڵایین هەبێت و لەگەڵ ئەو دەستەواژەیەدا هاوڕانیم".
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە روونیدەکاتەوە، "لە ریال مەدرید پێویستت بەبەڕێوەبردنی 25 کەسی جیاواز هەیە، هەروەها ئەو کەسە دەبێ لە تۆپی پێ تێبگات و یاریزانەکانی رازی بکات بەهەمان ئاراستە بیربکەنەوە. لە ریال مەدرید پێویستت بەراهێنەرێکە توانای بەڕێوەبردن و کارکردن لەسەر بنەمای لۆژیکی هەبێت".
لەبارەی کلاسیکۆ و کاریگەریی لەسەر یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا دەڵێ، "یەکلایی بووەتەوە"، بەڵام دووپاتیدەکاتەوە کە یارییەکە بەکراوەیی دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەگەرێک. ئەو دەڵێ، "پاڵنەرەکان بۆ هەردوو یانە هەمان شتن، بەڵام ریال مەدرید لەپێناو کەرامەت و وێنای خۆیدا یاریدیەکات و بۆ ئەوەی بباتەوە، پێویستی بەوزەیەکی زۆر هەیە".
فیگۆ دەڵێ، "بارسێلۆنا تۆپی پێیەکی جوان دەکات و ساڵێکی زۆر باشی هەبوو، ئەوان بەهۆی هەندێک وردەکاریی بچووکەوە لە چامپیۆنزلیگ دەرکران، بەڵام گەنجی خاوەن بەهرەی گەورەیان هەیە و ئەوان هەلی زۆر باش دەدەنە دەرچووانی ئەکادیمیای لاماسیا".
بڕیارە سبەی یەکشەممە، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە دوایین کلاسیکۆی ئەم وەرزەدا و لەسەر یاریگای کامپ نو، بارسێلۆنا میوانداریی ریال مەدرید بکات.
بارسا لە کلاسیکۆدا پێویستی بەتەنیا یەک خاڵ هەیە، بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی لالیگا بەفەرمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ