ئیمپڕاتۆر هەنگاو بەرەو پاڵەوانێتییەکی دەرەوە دەنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سبەی یەکشەممە یارییەکانی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، یانەی هەولێر و دهۆک ئەرکیان ئاسانە و نەورۆز لەگەڵ زاخۆ لەنێو تاقیکردنەوەیەکی قورسدان. 
 
وەرزی ئەمساڵ بۆ یانەی هەولێر پڕە لە ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتن و خۆشی، ئیمپڕاتۆر بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ باسم قاسم، گەورە راهێنەری عێراق پازدە یارییە نەدۆڕاوە و چۆکی بە یانە گەورەکانی عێراق داداوە، ئەمجارە کوڕانی قەڵا و منارە دوور لە هاندەرانیان یاری بەرامبەر یانەی نەجەف دەکەن. 
 
یانەی هەولێر 67 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، یاریی رابردووش بەهۆی بڕیارێکی گوماناوی ناوبژیوان بەئەنجامی دوو گۆڵ لەگەڵ یانەی کارەبا یەکسانبوو، درێس زەردەکان ئامادەکارییەکی زۆرییان بۆ یاریی داهاتوویان کردووە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە شاندی یانەکە بەرەو شاری نەجەف بەڕێکەوت. 
 
نەجەف یەکێکە لە تیپە خراپەکانی وەرزی ئەمساڵ بەشێوەیەک 16 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندییە، تیپەکە مەترسی دابەزینی بۆ خولی نایابی عێراقی لەسەرە، هەولێرییەکان ئامادەن بۆ ململانێکردن و شێرزوود تێمێرڤ، گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق و هاوڕێکانی بە ورەیەکی بەرزەوە دەچنە نێو یاریگە و هیچ کەموکوڕییەک لە تیپەکەدا نییە، تەنیا مستەفا قابیل، ئەستێرەی لاو بۆ یارییەکە ئامادە نابێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەویش بۆ یاریی داهاتووی هەولێر بەرامبەر نەورۆز بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و یاری بکات. 
 
رێناس ئیسماعیل، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی"تیپەکەمان لە هەموو رووییەکەوە ئامادەیە و خوێندەنەوەی زۆرمان بۆ پلان و شێوازی یاریکردنی یانەی نەجەف کردووە، گەشت بەهیوای بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە دەکەین".
 
ئالهۆێن چیای پێچەوانەی وەرزی رابردوو ئەمساڵ ئاستیان باش نییە، یاریی رابردوویان بەسەرکەوتن تەواوکرد، کێشە داراییەکانیان چارەسەرکراوە و بە گڕوتینێکی زۆرەوە ئەمجارە دهۆک و هاندەرانی میوانداریی یانەی قاسم دەکەن کە ئەمساڵ هیچ یارییەکی نەبردەوەتەوە و لە دوایین پلەی ریزبەندیی خولەکەیە. 
 
یانەی دهۆک بەکۆکردنەوەی 45 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندییە. یانەی قاسم 5 خاڵی هەیە لە دوایین وێستگەی ریزبەندییە.
 
نەورۆزی کوردان بریندارە و یاریی رابردووی بەشێوەیەکی قورس بەئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە شورتەی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولەکە دۆڕاند، بۆ یاریی داهاتووش دوور لە یاریگا و هاندەرانی شەڕی یانەی کارەبا دەکات، نەورۆز ئامانجی سەرکەوتنە، بەڵام بێبەشە لە تواناکانی نێتۆ ئاکارا، ئەستێرەی پیشەگەری بەرازیلی، کە بەگۆڵ و ئاسیستەکانی خزمەتێکی زۆری ئەنجامە باشەکانی تیپەکەی کردووە.
 
نەورۆز بەکۆکردنەوەی 47 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە، یانەی کارەبا بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی هەژدەمی ریزبەندییە.
 
یانەی زاخۆ بەهۆی ئەنجامە خراپەکان و قەیرانی داراییەوە بە خراپترین دۆخدا تێپەڕ دەبێت، یاریزانەکانی ئەمڕۆ بایکۆتی راهێنانەکانیان کردووە، سوورپۆشانی خابوور لەنێو یاریگە جوانەکەیان یاریی لەگەڵ دیالە دەکەن. 
 
زاخۆ 54 خاڵی هەیە لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە. دیالە 43 خاڵی هەیە لە پلەی یازدەمە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە