رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کورد لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا مێدالیای زێڕی وەک پلەی یەکەم لە زۆرانبازی لە کێشی 91.5 کیلۆگرام بەدەستهێنا و داوا دەکات، پشتیوانی بکرێ لەم مانگەدا بەشداری کێبڕکێی جیهانی بکات و ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە.
فەرشاد گردکانه، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە وڵاتی بەلجیکا دەژی. ئەو هاونیشتمانە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ لە رۆما لە کێشی خۆمدا توانیم پلەی یەکەم بەدەستبهێنم و ئاڵای کوردستانم لەگەڵ ئاڵای وڵاتان بەرزکردەوە".
بڕیارە 17ـی ئەم مانگە پاڵەوانێتییەکی زۆرانبازی لە ئەبوزەبی لە ئیمارات بەڕێوەبچێت. فەرشاد گردکانه یەکێک لەو پاڵەوانانەیە دەیەوێ لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشداری بکات و بۆ ئەوەش پێویستی بە سپۆنسەرە.
فەرشاد گردکانه دەڵێ: "بۆ گەشتەکەی رۆما وێڕای هاوکاری چەند کەسێک 15 هەزار یۆرۆم لە گیرفانی خۆم خەرجکرد. بۆ ئیمارات کاتم زۆر کەم ماوە و دەبێ 15ـی ئەم مانگە بگەمە ئەوێ، بۆ ئەوەش پێویستم بە هاوکاری و پشتیوانیی مادییە".
ئەو گەنجە کوردە بۆ بەشداربوون لە پاڵەوانێتی زۆرانباری ئیمارات پێویستیی بە دابینکردنی تێچووی گەشتەکەیەتی و دەڵێ: "دەمەوێ لەو وڵاتەش ئاڵای کوردستان بەرزبکەمەوە".
فەرشاد کە دوێنێ مێدالیای زێڕی لە رۆما بەدەستهێناوە و ئاڵای کوردستانی بەرزکردووەتەوە، دەیەوێ هەمان پلە ئیمارات بەدەستبهێنێت و جارێکی دیکە ئاڵای کوردستان لەنێو ئاڵای وڵاتانی جیهاندا بەرزبکاتەوە، بۆ ئەوەش دەڵێ، "پێویستیی زۆرم بە پشتوانی و سپۆنسەری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان یان سەرمایەدارانە، ئەگەر ئەوە نەبێت ناتوانم بەشداری بکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ