رووداو دیجیتاڵ
لێدانی سزا، سەختترین تاقیکردنەوەیە بۆ گۆڵپارێزان، چونکە ئەوان لە دووریی تەنیا یانزە مەتر، دەبێ هەموو لێهاتوویی خۆیان و بەختیش بۆ گێڕانەوەی لێدانێکی بەهێز بەکاربهێنن.
ئامارەکان دەڵێن نزیکەی 76 لەسەدی کۆی لێدانەکانی سزا لە کۆتاییدا دەبنە گۆڵ، بەڵام هەندێک گۆڵپارێز، ئەو دۆخە مەترسیدارە و گوشار و ساتە مێژووییەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەقۆزنەوە و دەیکەنە ساتێکی مێژوویی و دووپاتکردنەوەی لێهاتوویی خۆیان.
سەرکەوتن لە گێڕانەوەی لێدانە سزاکان، بەتەنیا پشت بەپەرچەکرداری خێرا نابەستێت، بەڵکو خوێندنەوەی جووڵەی جەستەی جێبەجێکار و شێوازی پێشتری و یادەوەریی تاکتیکی و دواتریش تەقینەوەی جەستەیی و وەڵامدانەوە و بڕیاری خێرا، هەموویان رۆڵیان لە گێڕانەوەی لێدانە سزاکان هەیە.
لێکۆڵینەوەیەک لەسەر نزیکەی 2 هەزار لێدانی سزا لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا لە ماوەی چوار ساڵدا، فۆکەس خراوەتە سەر ئەو گۆڵپارێزانەی زیاتر لە 20 لێدانیان گەڕاندووەتەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی زانیارییەکان، رەنگدانەوەی لێهاتوویی راستەقینەیە نەک تەنیا رێکەوت.
لویس ئینریکێ، راهێنەری پاریس سانجێرمانی فەرەنسی جارێک گوتبووی یاسین بۆنۆی گۆڵپارێزی مەغریبی، توانای لە زانینی ئاراستەی لێدانی جێبەجێکارەکان، لە ژمارە پێشبینیکراوەکان زیاترە.
پاوکۆ گارانیگای گۆڵپارێزی جیرۆنا، سەر تۆپی لیستی باشترین گۆڵپارێزانی لە گەڕاندنەوەی لێدانە سزاکان گرتووە. ئەو لە هەر چوار لێدانێکی سزا کە لەسەری جێبەجێ دەکرێت، نزیکەی سیانیان دەگێڕێتەوە، ئەوەش وایکردووە ئەو گۆڵپارێزە نموونەی ئەو داتایانە بێت کە پشتی پێدەبەسترێت بۆ تەماشاکردن و زانینی پەرچەکردارەکەی.
گۆڵپارێزانی دیکەی وەک رۆنۆڤ لە یونیەن بەرلین، مامارداشڤیلی و داڤید سۆریا، ئاستی مام ناوەند بەرەو بەرز لە خوێندنەوەی جێبەجێکارانی لێدانە سزاکان پێشان دەدەن، لە کاتێکدا داهمێنی گۆڵپارێز زیاتر پشت بە توانای جەستەیی دەبەستێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپیی پێشبینییەکانی.
ئەو داتایانەی لەسەر گۆڵپارێزەکان کۆکراونەتەوە، دەریدەخەن مەرج نییە پێشبینی ئاراستەی تۆپەکە، مانای گێڕانەوەی بێت، چونکە گارانیگا بۆ نموونە 72.7 لەسەدی خۆهەڵدانەکانی لەکاتی لێدانە سزاکان، راستە و بەئاراستەی لێدانەکەیە، بەڵام ژمارەی گێڕانەوەکانی کەمە.
لە بەرامبەردا، رۆنۆڤ و مامارداشڤیلی، بەهۆی هاوسەنگیی ناوازەیان لە نێوان خوێندنەوەی مێشک و لێهاتوویی لە جووڵەدا، وایکردووە ئەوان نازناوی گۆڵپارێزانی کامڵترین لە رووبەڕووبوونەوەی لێدانە سزاکانیان پێ بدرێت.
گۆڵپارێزانی دیکەی وەک داهمن، مۆری دیاو و میلینکۆڤیچ ساڤیچ، توانای بەرز لە گۆڕینی ئاراستەی راستی لێدانەکان بۆ گێڕانەوەی دروست پێشان دەدەن، بەتایبەت لە لێدانە نزم و مام ناوەندەکان لە بەرزیدا. ئەو کارەی ئەوان پێویستی بە خێرایی وەڵامدانەوە و هاوئاهەنگیی بەرزی جەستەیی هەیە.
لە نێو ئەو گۆڵپارێزانەدا کە کەمتر لە 20 لێدانیان هەیە، ناوی گرابارای گۆڵپارێزی ولفسبۆرگ دەردەکەوێت، کە توانای خوێندنەوە و جێبەجێکردنی بەرزی هەیە، ئەو سەرکەوتوو بووە لە پێشبینیکردنی 10 لە کۆی 11 لێدانی سزا و چواریانی گەڕاندووەتەوە، ئەوەش وایکردووە ئەو شایستەی بەدواداچوون بێت. هەروەها ئەلیکس مێریت لە ئاستی خوێندنەوە و جێبەجێکردندا، هەموو کات ژمارەی سەرنجڕاکێشی هەیە.
داتاکان دووپاتیدەکەنەوە کە لێدانە سزاکان، هەر بە ساتی باش بۆ جێبەجێکارەکان دەمێننەوە، بەڵام هەندێک گۆڵپارێز ئەو تایبەتمەندییە لەوان دەسەننەوە لە رێگەی وردیی و پەرچەکردار و توانای جەستەیی و کات و لێهاتوویی لەگەیشتن بە تۆپ.
گۆڵپارێزی کامڵ، توانای خوێندنەوەی ئاستی لێدان و هێز و خێرایی پێویستی هەیە بۆ تۆپ، ئەوەش وا دەکات لێهاتوویی گۆڵپارێز تەنیا پێشبینی ئاراستەی لێدانەکە نەبێت، بەڵکو لە توانای گۆڕینی بۆ گێڕانەوەیەکی دروستدا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ