پلانێکی یەکلاکەرەوە.. ئایا رۆناڵدۆ لە 100 رۆژدا دەگاتە 1000 گۆڵ؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ 1000 گۆڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، خۆی ئامادە دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکەی دوای چاکبوونەوەی لەو پێکانەی لە یاریی بەرامبەر فەیحا تووشی بوو.
 
رۆناڵدۆ بەهۆی پێکانێکی ماسوولکەییەوە کە لە 28ـی شوباتی رابردوو تووشی بوو، لە یارییەکانی بەرامبەر  نیۆم و خەلیج لە خولی سعودی و هەروەها لە کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دابڕا. ئەم یاریزانە بەئەزموونە کە تەمەنی 41 ساڵە، دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لەم وەرزەیدا کە نزیکەی 100 رۆژی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی.
 
رۆناڵدۆ هیوای وایە لەم 100 رۆژەدا بگاتە دەستکەوتە مێژووییەکەی کە تۆمارکردنی 1000 گۆڵە،  لەم راپۆرتەدا وردەکاریی پلانەکە دەخەینەڕوو:
 
ژمارەی گۆڵەکانی رۆناڵدۆ چەندە؟
 
رۆناڵدۆ پێش گەڕانەوەی بۆ هێڵی هێرشبەری نەسڕ، لە کاروانی وەرزشیدا 965 گۆڵی تۆمارکردووە. ئێستا تەنیا 35 گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی بگاتە گۆڵی ژمارە 1000. بڕیارە سبەی هەینی لە یاریی بەرامبەر یانەی  نەجمە  لە خولی سعودی جارێکی دیکە دەست بە گۆڵ تۆمارکردن بکاتەوە.
 
یارییە چاوەڕوانکراوەکانی لەگەڵ نەسڕ
 
لەم وەرزەی خولی رۆشنی سعودیدا ٨ یاری بۆ یانەی نەسڕ ماوە. هەروەها یانەکە گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی  خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای2 و رووبەڕووی یانەی وەسڵی ئیماراتی دەبێتەوە.
 
ئەگەر نەسڕ لە پاڵەوانێتییەکەدا بەرەو پێش بچێت، رۆناڵدۆ یاریی زیاتری بۆ دەڕەخسێت. بەشێوەیەکی گشتی، بە لانی کەمەوە 10 یاریی دیکەی لەم وەرزەدا لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی زیاد بکات.
 
ئەرکێکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ پۆرتوگال
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەسەرکردایەتی رۆناڵدۆ، لە قۆناخی داهاتوودا ئەرکێکی گرنگی لەسەرشانە. لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا یارییەکی دۆستانە بەرامبەر چیلی ئەنجام دەدات و ئەگەری هەیە یارییەکی دیکەی دۆستانەش پێش مۆندیال بکات.
 
جگە لەوەش، هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەیەکی بەهێزدایە لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کۆنگۆی دیموکرات، ئۆزبەکستان و کۆڵۆمبیا، ئەمەش دەرفەتێکی دیکە بۆ رۆناڵدۆ تا لە گەورەترین شانۆی تۆپی پێدا بگاتە ئامانجە هەزار گۆڵییەکەی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە